راپۆرت

بافڵ تاڵەبانی: کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەبەستین

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەبەستین
مەودا میدیا-

بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی سەرۆک مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوخۆی یەکێتی دەستپێکردووەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەیش سەرپەرشتی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە هۆڵی شەهید شیهاب لە قەڵاچوالان لەگەڵ ئەندام و کادیر و فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد.

پەیامێک لە قەڵاچوالانەوە
لەدوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ەوە قەڵاچوالان بووەتە بارەگای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و لەوێشەوە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نەخشەی سیاسەت و داهاتووی یەکێتی دادەنا، رۆژانەش کۆبوونەوەی بەردەوامی لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەی دەکرد.

تاَڵەبانی هۆڵی گەورەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی لە قەڵاچوالان بەناوی یەکێک لە مەزنترین سەرکردەکانی حزبەکەیاوە ناونا کە ئەویش شەهید ئارامە.

کاتێک لە سلێمانییەوە بەرەو قەڵاچوالان دەڕۆیت هەست بەدڵگیری و ئاسوودەیەکی زیاتر دەکەیت، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی لە دەباشانەوە وێنە و یادگارییەکانی سەرۆک مام جەلال دەبینیت، لەکاتی چوونە نێو قەڵاچوالانیشەوە بەڕوونی هەست بەوە دەکەیت ماڵ و بارەگاکەی مام جەلال هێشتا سازە بۆ خەبات و گەرموگوڕی و قەرەباڵغییەکەیشی بۆ ئەندامانی ئەو حزبە بووەتە جێگای دڵخۆشی.

بەرەو قەڵاچواڵان: بنیاتنانەوەی هیوا
بافڵ تاڵەبانی کە سەرەتای دەستپێکردنی لە دەزگا ئەمنییەکانەوە بوو، دواتریش لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا سەرۆک مام جەلال وەکو راوێژکاری دیپلۆماسی خۆی ناساندی، بەحوکمی نزیکی لە مام جەلال و ئامادەیی لە گۆڕپانی کارکردنییەوە دەردەکەوێت کە ویستی ئەوەی هەیە لەسەر شێوازی مام جەلال سیاسەت بکات.

تاڵەبانی کوڕە گەورە کەمتر دەچێتە بەردەم زوومی کامێراکان و زۆر ئەستەمیش چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدات، بەڵکو زیاتر پشت بەکۆبوونەوەی نائاشکرا و زۆر دەبەستێت، بەقسەی هەندێک لەو کەسانەی لە بافڵ تاڵەبانییەوە نزیکن رۆژانە چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ کادیر و ئاستە جۆراوجۆرەکانی حزبەکەی دەکات، بەو هۆیەشەوە ئاوەدانی خستووەتە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکانی مام جەلالەوە و داوای یەکخستنەوەی ریزەکانی یەکێتی دەکات.

بەکورتی و کوردی پەیام دەدات
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی حزبەکەی روونە و زمانی قسەکردنەکەیشی کوردییەکی پەتییە، ئەمە خاڵی جیاوازیی تاڵەبانی کوڕە لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی دیکەی حزبەکەی کە ئەگەرچی بەکوردیش قسە دەکەن، بەڵام پەیامەکانیان روون نییە و ئاراستەی سیاسیی یەکێتی تێکەڵ بە بەرژەوەندییە کەسییەکانیان دەکەن. لەکاتێکدا دەزانن یەکێتی گیرۆدەی  سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندیی هەندێک لەو سەرکردانەیە کە بەرژەوەندی پێش ئازادی و سیاسەتی روونی سەرۆک مام جەلال دەخەن کە "یەکێتی ناو یەکێتییە".

کۆنگرە دەبەسترێت و یەکێتی زیاتر هەڵدەستێتەوە
دڵنیایی بافڵ تاڵەبانی و سووربوونی لەسەر بەستنی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی جۆرێک لە پرسیار و کاردانەوەی دروستکردووە، بەوەی کۆنگرەی یەکێتی کاریگەریی لەسەر ئایندەی یەکێتی و دیاریکردنی جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبەکانی دیکەی کوردستان دەبێت.

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە قەڵاچوالان بافڵ تاڵەبانی وتی "بەپشتیوانی ئێوە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بۆ بەهێزتربوونەوەی یەکێتی دەبەستین".
بابەتی سۆز و پستڕاستکردنەوەی کەوا پێشمەرگە و کادیری یەکێتی هەوێنی پاراستنی یەکێتین لەلایەن بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر کرایەوە کاتێک وتی "ئێوە کوڕی مام جەلالن نەک بەتەنیا من و قوباد، هەربۆیە دەبێت پێکەوە چارەسەری کێشەکانی نێو یەکێتی بکەین".

بافڵ تاڵەبانی دوای لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی بڕیار
لەمێژووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا دروستبوونی باڵی ناوەندی بڕیار یەکێک بوو لەو مەترسیانەی هەڕەشەی جدی بوو بۆ سەر مانەوەی یەکێتی، 17 ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کوتلەی بڕیاریان پێکهێنا و بەو هۆیەشەوە یەکێتی رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی بووەوە.

هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکخستنەوەی بڕیاری یەکێتی و پاراستنی ریزەکانی ئەو حزبە سەرکەوتووبوون و دەرئەنجامیش باڵی ناوەندی بڕیار کۆتاییهات.

لەدوای سەرکەوتنی پرۆژەی بافڵ تاڵەبانی لە دوورخستنەوەی مەترسی لەتبوونی زیاتری یەکێتی و دەستکردنەوەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە بەکۆبوونەوەکانیان، بەپێی قسەی ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی "بافڵ تاڵەبانی شانسی باشتری هەیە بۆ ئەوەی لە قۆناغی تازەدا رۆڵی زیاتر و کاریگەرتری هەبێت لە دیاریکردنی سیاسەتی یەکێتیدا".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب