راپۆرت

بافڵ تاڵه‌بانی له‌ زستانی ده‌باشانه‌وه‌ بۆ به‌هاری یه‌كێتی

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵه‌بانی له‌ زستانی ده‌باشانه‌وه‌ بۆ به‌هاری یه‌كێتی
مه‌ودا میدیا- 

ماڵه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ دووره‌وه‌ له‌ هۆتێلێكی پێنج ئه‌ستێره‌یی ده‌چێت، كاتێك به‌لایدا تێپه‌ڕ ده‌بیت ئاسایی لێی ده‌ڕوانیت و له‌ نزیكی ده‌وه‌ستیت، هیچ ترسێك نییه‌ كه‌ چی و چۆن پێناسه‌ی بۆ ده‌كه‌یت. ئه‌و ماڵه‌ چه‌ندین ساڵه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی تێیدا نیشته‌جێیه‌، سه‌دان كۆبوونه‌وه‌ی گرنگی چاره‌نووسسازی ده‌وڵه‌تی و حزبی تێدا به‌ڕێوه‌ چووه‌، زۆرجاران تاڵه‌بانی زستانی ساردی به‌ گفتوگۆی گه‌رمی نێو كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتن له‌گه‌ڵ میوانه‌كانی ره‌واندووه‌ته‌وه‌.

خانه‌ودانه‌ی تاڵه‌بانی به‌ سروشت كه‌م دوو و خۆده‌رخه‌رن، به‌ڵكو به‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ زیاتر سیاسه‌تی پشت په‌رده‌ داده‌ڕێژن و كاره‌كته‌ره‌كانی نزیك له‌ خۆیان نماینده‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یان ده‌كه‌ن. ئێستا له‌نێو ئه‌و ماڵه‌دا هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د گوزارشت له‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی و تاڵه‌بانی ده‌كات، كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت و خۆی دوور ده‌گرێت له‌ چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی، به‌ڵام ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیرۆخان ده‌یه‌وێت یه‌كێتی چۆن بێت و به‌ره‌و كوێ بڕوات.

كۆشكی سه‌لام: شه‌ڕ بۆ ناو یه‌كێتی
دوای چه‌ندین رۆژی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان، به‌پێی به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دیوانی كۆماری عیراق راگه‌یه‌نرا "به‌هۆی ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق و ماندوبوونی زۆر، سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی تووشی حاڵه‌تی ناجێگیریی ته‌ندروستی بوو و شه‌وی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی كانونی یه‌كه‌می 2012 سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی گه‌یه‌نرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ و له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكی تایبه‌تمه‌ندایه‌".

ئه‌و هه‌واڵه‌ بۆ كوردستانی و عیراقییه‌كان شۆكهێنه‌ر بوو، به‌و هۆیشه‌وه‌ له‌و ساته‌ وه‌خته‌وه‌ تائێستا مام جه‌لال نه‌خۆشی رێگه‌ی نه‌داوه‌ كاره‌كانی پێشتر له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و ئێستایش له‌ پۆستی سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ڕێوه‌ببات.

نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال له‌سه‌ر دوو ئاست كێشه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا:
یه‌كه‌م: عیراق له‌ توانا جه‌سته‌ییه‌كانی كارێزمایه‌كی سیاسی بێبه‌ش بوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ تائێستا له‌ گێژاوی كێشه‌كانیدا خول ده‌خوات و سیاسه‌تڤانێكی هاوشێوه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی نییه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆیان بكاته‌وه‌ و گوتاری سیاسی عیراقی یه‌كبخات.

دووه‌م: كاریگه‌ریی دووه‌می نه‌خۆشكه‌وتنی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌سه‌ر یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانی نێو یه‌كێتی كه‌وتنه‌ جوڵه‌ بۆ جێگرتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی، سه‌ره‌تای ده‌سته‌گه‌ری كرداری ده‌ركه‌وتن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی جێگره‌كانی مام جه‌لال، له‌ ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتی و گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا باڵی ناوه‌ندی بڕیار راگه‌یه‌نرا.

مه‌ترسی وه‌ك هۆكاری هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی
ده‌ركه‌وتنی باڵی ناوه‌ندی بڕیار ئه‌ندازیاره‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی نه‌بوو، به‌ڵكو وی په‌لكێشكرا بۆ دروستكردنی ئه‌و باڵه‌، كاتێكیش زانی ئه‌و كاره‌ نه‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌ و نه‌ بۆ كه‌سێتی ئه‌و گونجاوه‌، ورده‌ ورده‌ لێی كشایه‌وه‌. 

كاكه‌ (ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كاری ده‌هێنن كه‌ زۆر له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌ نزیكن) سیاسه‌تێكی شه‌فافی هه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌و سیاسیانه‌ی كه‌ به‌وپه‌ڕی سووربوونه‌وه‌ پارێزگاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌كات. وی له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی 40 ساڵی خه‌باتی له‌نێو كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و یه‌كێتی ده‌ستی تۆمه‌ت و خیانه‌تی بۆ درێژ ناكرێت، به‌ڵام هه‌رگیزیش نه‌بووه‌ ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ببێت. 

كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێشمه‌رگه‌ و سه‌ركرده‌یه‌كی قاره‌مانی نێو ریزه‌كانی یه‌كێتییه‌، له‌ رێكخستنه‌كانی شاخاوه‌ بۆ چالاكییه‌ پارتیزانییه‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر، سه‌رۆكی حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان، ئیداره‌ی سلێمانی و سه‌ركردایه‌تیكردنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، جێگری مام جه‌لال وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ئیداره‌ی سلێمانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی، دواترینیش كه‌ هه‌ر زوو ده‌ستبه‌رداری بوو سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌م بوو له‌ باڵی كه‌مینه‌ی ناوه‌ندی بڕیار.

باڵی ناوه‌ندی بڕیاری كه‌ وه‌ك مه‌یلێكی مه‌ده‌نی ده‌ركه‌وت زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی تێدا بوو، له‌ سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی كێشه‌كه‌وه‌ ئاماده‌كاری به‌كارهێنانی هێز دژی یه‌كتر به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی ده‌كرا، باڵی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی خاوه‌ن زۆرینه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش و به‌شێكی پێشمه‌رگه‌ و دژه‌ تیرۆر بوون، هه‌رچی باڵی كه‌مینه‌ی ناوه‌ندی بڕیاره‌ له‌ نزیكه‌ی 21 لیوای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی به‌نزیكه‌ی 15 ئامر لیوایان له‌گه‌ڵ بوو.

بافڵ تاڵه‌بانی له‌ سه‌روه‌ختی ئه‌و مه‌ترسیانه‌دا ده‌ركه‌وت، كه‌سێتییه‌كی سێبه‌ریی له‌ ده‌باشانه‌وه‌ بۆ نێو پێچ و په‌ناكانی مه‌كته‌ب سیاسی، ئه‌نجامدانی چه‌ندین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كه‌مینه‌ی ناوه‌ندی بڕیار و هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و چێكردنی خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوانیان.

•بافڵ تاڵه‌بانی
ده‌ستكه‌وتنی زانیاری له‌سه‌ر بافڵ تاڵه‌بانی و ژیانی ئاسایی ئه‌و كارێكی ئاسان نییه‌، ئه‌و له‌نێو زستانی ساردی دیمه‌شق بۆ له‌نده‌ن و دواتریش كۆشكه‌كه‌ی تاڵه‌بانی له‌ ده‌باشان گوزه‌راندوویه‌تی. ئاماده‌ی كۆڕ و دانیشتنه‌كانی مام جه‌لال بووه‌، به‌ڵام كه‌مترین به‌شداری سیاسی به‌تایبه‌ت له‌ئاستی ده‌ركه‌وتندا بووه‌.

بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ره‌تا وه‌كو راوێژكاری تاڵه‌بانی بۆ كاروباری دیپلۆماسی له‌كاتی سه‌ردانیكردنی بۆ توركیا ده‌ركه‌وت، دواتریش له‌كاتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌نسارولئیسلام ده‌زگای دژه‌ تیرۆری دامه‌زراند، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا كه‌مترین ده‌ركه‌وتنی له‌ئاستی میدیای هه‌بووه‌.

یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی كاریگه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی بوو له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ باڵی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی، به‌پێی راگه‌یاندنه‌كان بافڵ تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌ر 8 خاڵ قسه‌وباسیان كردبوو، له‌نێو ئه‌و خاڵانه‌دا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داوایه‌كی به‌رهه‌م ساڵح بوو سه‌باره‌ت به‌ خواستی ئه‌و بۆ وه‌رگرتنی پۆستێكی حكومی له‌ به‌غدا.

•له‌ بێده‌نگییه‌وه‌ بۆ فره‌ كۆبوونه‌وه‌یی
بافڵ تاڵه‌بانی كه‌ پێشتر نه‌ده‌بینرا چاوی كامێراكانی كه‌وته‌ سه‌ر، میدیاكان به‌دوای ده‌ستكه‌وتنی زانیارییه‌وه‌ بوون له‌سه‌ری به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان باڵی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ی یه‌كێتی خسته‌گه‌ڕ.

•ئێران پۆسته‌كه‌ی بافڵی ئاشكرا كرد
له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی ئه‌یلولی ساڵی 2016 مه‌لا به‌ختیار به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان سه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد، ئه‌وكات له‌ راگه‌یاندنه‌كان واباسكرا كه‌ به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و ئێران ئه‌و سه‌ردانه‌ ئه‌نجامدراوه‌، هاوكات له‌و سه‌ردانه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی هه‌ڤاڵێتی مه‌لا به‌ختیار و شاندی یه‌كێتی كرد.

بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕی گه‌وره‌ی مام جه‌لال و زاوای مه‌لا به‌ختیاره‌، هه‌ندێك كه‌س ئه‌و هاوژینییه‌ی له‌گه‌ڵ لاڤه‌ مه‌لا به‌ختیار به‌ هاوژینییه‌كی سیاسی ناوده‌به‌ن، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان بافڵ تاڵه‌بانی بانگه‌شه‌ و ئامانجێكی له‌و شێوه‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

مه‌لا به‌ختیار له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری بوونی بافڵ تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵی و پۆسته‌كه‌ی وتی "بافڵ به‌رپرسی كاروباری دژایه‌تی تیرۆره‌ له‌ یه‌كێتی".

ئه‌و پله‌ و ده‌ركه‌وتنه‌ هێنده‌ی تر بافڵ تاڵه‌بانی به‌هێزكرد، بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی سه‌نگی بافڵ زیاتر له‌ گفتوگۆكان ده‌ربكه‌وێت، رۆژانه‌ مژوڵی سازكردنی ده‌یان گفتوگۆ و دانیشتنی راوێژكاری ده‌بوو، به‌ڵام دوور له‌ چاوی میدیاكان، ته‌نانه‌ت وه‌كو ده‌وترێت كاتی ئه‌وه‌شی نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و په‌یامانه‌ش بخوێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ بۆیان ده‌نارد.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆبووه‌وه‌

باڵی كه‌مینه‌ی ناوه‌ندی بڕیار به‌ده‌ستپێشخه‌ریی به‌رهه‌م ساڵح بڕیاریاندا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی نه‌كه‌ن، بافڵ تاڵه‌بانی دوای ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ و بێنه‌ و به‌رده‌ به‌شێكیانی رازی كرد بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كان، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ ماڵی مام جه‌لال به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی سازكرا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو به‌ سه‌ره‌تای كۆتاییهاتنی باڵی ناوه‌ندی بڕیار، به‌رهه‌م ساڵح و چه‌ند ئه‌ندامێكی تر به‌هۆكاری جیاواز به‌شدارییان نه‌كرد، له‌و نێوه‌شدا ئازاد جندیانی، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئاراسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی كرد.

بافڵ تاڵه‌بانی ئامانجه‌كه‌ی نه‌پێكا
له‌ بڕوا پێ هێنانی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ركرده‌ی دووه‌م له‌ باڵی كۆتاییهاتووی ناوه‌ندی بڕیار بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی، بافڵ تاڵه‌بانی شكستی خوارد، ئه‌گه‌چی له‌سه‌ر پێشنیازی وی سه‌ردانی ده‌باشانی كرد و له‌ڕێگای چه‌ند وێنه‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی بینرا.

هه‌وڵه‌كانی بافڵ تاڵه‌بانی به‌رده‌وامن، به‌ڵام ئاراسته‌ی سیاسی چه‌ندین له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رێگرن له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ته‌حه‌دای گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م بافڵ ده‌بینرێت كه‌ ته‌قینه‌وه‌یان له‌به‌رده‌میدا چاوه‌ڕوانكراوه‌.

خانه‌واده‌ی تاڵه‌بانی چی بۆ بافڵ ده‌كه‌ن؟
ئه‌گه‌رچی هه‌ست به‌ ناكۆكی له‌نێو خانه‌واده‌ی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌ریه‌كه‌یان ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ بافڵ تاڵه‌بانی جۆرێك له‌ كۆده‌نگی هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌نگی ناڕه‌زایی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئاڵا تاڵه‌بانی و هاوسه‌ره‌كه‌ی هێرشیان كرده‌ سه‌ر بافڵ و مه‌لا به‌ختیاری خه‌زووری.

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئێستا بڕیار به‌ده‌ستی یه‌كه‌مه‌ له‌نێو ریزه‌كانی یه‌كێتی، ستراتیژی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و كۆتاییهێنانه‌ به‌ فره‌ ئاراسته‌یی له‌نێو مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی.

له‌ڕاستیدا بافڵ تاڵه‌بانی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ئاماده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌ر 3 هۆكاری تا ماوه‌یه‌كی دوورتر ناتوانێت به‌و ئامانجه‌ بگات:
یه‌كه‌م: تا ئه‌و كاته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ژیاندا بێت وه‌كو هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا رایگه‌یاند تاوه‌كو تاڵه‌بانی له‌ژیاندا بێت كه‌س مافی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ی نییه‌.
دووه‌م: به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی تاماوه‌یه‌كی تریش ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌ت كوردستان و عیراق له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی گرنگ و چاره‌نووسسازدان.

سێیه‌م: پێش كۆنگره‌ و بیركردنه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانییه‌وه‌، پێویسته‌ خانه‌واده‌ی مام جه‌لال زۆر له‌به‌ربه‌سته‌كان لابه‌رن، ئه‌گه‌رچی له‌ئێستادا بافڵ تاڵه‌بانی كار له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ته‌ره‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌ركی گرنگ لای هیرۆخانه‌ كه‌ به‌ئه‌سپایی نه‌یاره‌كانی دابه‌شكردنی یه‌كێتی ته‌سفییه‌ ده‌كات و ئه‌وه‌ش بۆ داهاتووی بافڵ گرنگه‌.

ئاینده‌ی بافڵ ئه‌گه‌ر غرور نه‌یگرێ
خانه‌واده‌ی مام جه‌لال هێشتا خاوه‌ن بڕیاره‌كانن، بڕیاره‌كان له‌لایه‌ن هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ خاوه‌ندارێتی لێده‌كرێت، ئه‌گه‌رچی كه‌سێتی ده‌ركه‌وتووی تریش له‌وێنه‌ی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی هه‌نه‌، به‌ڵام هیرۆخان به‌ ژیری و كارێزمایه‌تی خۆی ئیحتیوای هه‌ر ململانێیه‌ك ده‌كات كه‌ بیه‌وێ له‌نێو خانه‌واده‌ی مام جه‌لال ده‌ربكه‌وێت.
بافڵ كه‌ ئێستا نماینده‌ی ساسه‌تی مام جه‌لال ده‌كات له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ ئه‌زموونێكی خوێنی هه‌یه‌، دڵسۆزییه‌كه‌ی له‌ دڵسۆزییه‌كه‌ی بافڵ كه‌متر نییه‌، قوباد تاڵه‌بانی كه‌ هه‌م برا بچوك و هه‌م كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی مام جه‌لاله‌ پشتیوانی بافڵ تاڵه‌بانییه‌.قوباد، زیاتر پیاوی ده‌وڵه‌ته‌ وه‌كو له‌ پیاوی حزب، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆڵی سه‌نگینی له‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونی بافڵی برایدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی یه‌كێتی هه‌یه‌.
دوای وی، بافڵ تاڵه‌بانی له‌هه‌موویان زیاتر چانسی ده‌كه‌وتنی هه‌یه‌، له‌به‌ر 2 هۆكاری سه‌ره‌كی:
یه‌كه‌م: بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌ گه‌وره‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی جه‌لالیزمه‌، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ساڵانی په‌روه‌رده‌ویستی له‌ بن ده‌ستی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بووه‌، هه‌رزه‌كاری هاتووه‌ته‌ ده‌باشان و گوێگری نزیكی هیرۆخان و مام جه‌لال بووه‌.

دووه‌م: له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی ده‌ركه‌وت. به‌ سروشت حه‌زی له‌ ده‌ركه‌وتن و موجامه‌له‌ نییه‌، قسه‌ له‌ڕوو وه‌كو گفتوگۆی دوورودرێژم له‌گه‌ڵی كردووه‌، به‌ڵێن كه‌می كردار زۆر، سه‌نگین و خۆ دوورگر له‌ ده‌ركه‌وتن، كراوه‌ له‌ گفتوگۆ و گوێگر بۆ گوێبیستی جیاوازییه‌كان. خه‌می گه‌وره‌شی یه‌كگرتووی یه‌كێتییه‌.

له‌ سه‌رهه‌ڵدانی كرداری كێشه‌كانه‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی بێ لایه‌نانه‌ هه‌وڵی ناوبژیوانی داوه‌، له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییه‌وه‌ (جگه‌ له‌ هه‌ندێك ده‌نگی ناكاریگه‌ر) پشتگیری ته‌واوه‌تی له‌ هه‌وڵه‌كانی ده‌كرێت، وه‌كو له‌ دۆستێكی نزیكیش گوێبیستی بووم كه‌ هیرۆخان زۆر به‌قسه‌ی ده‌كات و سه‌رنجه‌كانی به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرێت. له‌لایه‌ن باڵی كۆتاییهاتوویشه‌وه‌ زۆرینه‌یان هه‌وڵه‌كانی به‌رز ده‌نرخێنن، له‌ئاستی كرداریش ئه‌نجامی هه‌بووه‌ و ئێستا یه‌كێتی بێ باڵ و ده‌نوكی ره‌سمییه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی نه‌كه‌وێت و ببێته‌ رێبه‌ر دوو شت بۆی پێویستن:
یه‌كه‌م: به‌رده‌وام بێت له‌ هه‌وڵی ئاشته‌وایی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی یه‌كێتی و رێكخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانی.

دووه‌م: خۆی بێت و نازناوی تاڵه‌بانی تووشی غروری سیاسی نه‌كات، به‌ڵام هه‌ڵگری ئه‌و پاشگره‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ په‌یڕه‌و بكات و خه‌ونه‌كه‌ی مام جه‌لال به‌دیبێنێت.

به‌و شێوه‌یه‌ش دره‌كه‌وتنی له‌ زستانی ده‌باشانه‌وه‌، به‌هاری یه‌كگرتوویی بۆ یه‌كێتی ده‌هێنێت، باڵ و ده‌نوكه‌كانیش بێ پرته‌ و بۆڵه‌ ده‌شكێنن و هێزێكی كاریگه‌ر دێته‌وه‌ مه‌یدانی سیاسی.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان