کوردستانی
هەرێم و بەغدا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاردرا بەپێی دۆخی دارایی ئێستای عیراق، لە نزیکترین کاتدا 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.

ئەمڕۆ شەممە 15-08-2020 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد، بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عیراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر رێککەوتنێک، دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عیراق بکات.
ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشەچوونی رەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو، هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە "لەسەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش، لەسەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم رێککەوتن و بڕیاردرا بەپێی دۆخی دارایی ئێستای عیراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە رەوانەی ھەرێم بکرێت.".
لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردەوە".
س.س