کوردستانی

دوو پەرلەمانتاری دیكە واژۆیان لەسەر پرۆژەیاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی كشاندەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو پەرلەمانتاری دیكە واژۆیان لەسەر پرۆژەیاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی كشاندەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

دوو پەرلەمانتاری دیكە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا، كشاندنەوەی واژۆی خۆیان لەسەر پرۆژەیاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی راگەیاند، داوای راگرتنی خوێندنەوەی دووەمی ئەو پرۆژە یاسایەش دەكەن، راشیدەگەیەنن "پاراستن و داكۆكیكردن لە ئازادییەكانی میدیاكاران، بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقیی و پیشەییە و پێیەوە پابەنددەبن".

هەردوو پەرلەمانتار مەم بورهان قانع و دیاری ئەنوەر، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند"واژۆی خۆیان لەسەر پرۆژە یاساكە دەكشێننەوە، داوای راگرتنی خوێندنەوەی دووەمی ئەم پێشنیازە یاسایە دەكەین و پێداگریش دەكەین لەسەر خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە هەمواری یاسای "بەرەنگاربونەوەی تێرۆر" و سزانەدانی میدیاكاران بە یاسای ناوبراو".

دەقی راگەیەندراوەكە
 راگەیەندراوێك بۆ میدیاكاران و خەڵكی كوردستان

دەربارەی ئیمزای ئێمەی پەرلەمانتار لەسەر پێشنیازە یاسای "رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنیی لە هەرێمی كوردستان- عیراق"، ئەم رونكردنەوەیەمان بە باش زانی:
1- لە سۆنگەی رێزگرتنمان لە رای هەندێ‌ میدیاكار و نوسەران كە نیگەرانن لەم یاسایە و مەترسیی خۆیان نیشانداوە لە داهاتودا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانیی بكرێتە یاسایەكی مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر میدیای ئەلكترۆنیی.

2-رێزگرتنمان لە مێژوی درێژی كاركردنمان وەكو میدیاكار و بەرگریكردنی بەردەواممان لە ئازادیی كاری میدیایی و هەروەها نیشاندانی هەمان مەترسیی كە بەزۆرینەی پەرلەمانیی ئەم پێشنیازە یاسایە بەلارێداببرێت و بۆ خزمەتی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان دا بەكاربهێنرێت و لەبری ئەو رێكخستنەی لە پێشنیازە یاساكەدا هاتوە، بكرێتە كۆتوبەند.

بڕیارماندا بە:

- كشاندنەوەی ئیمزاكانمان لەسەر ئەم پێشنیازە یاسایە.

-  داوای راگرتنی خوێندنەوەی دووەمی ئەم پێشنیازە یاسایە دەكەین و پێداگریش دەكەین لەسەر خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە هەمواری یاسای "بەرەنگاربونەوەی تێرۆر" و سزانەدانی میدیاكاران بە یاسای ناوبراو.

پاراستن و داكۆكیكردن لە ئازادییەكانی میدیاكاران، بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقیی و پیشەییە و پێیەوە پابەنددەبین.

ئیمزاكان:

- مەم بورهان قانع.
- دیاری ئەنوەر حەمەرەحیم.

16/ 8/ 2020

Qaiwan
Qaiwan