راپۆرت

کڕینی چەک وەک کڕینی میوە و سەوزە ئاسانە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کڕینی چەک وەک کڕینی میوە و سەوزە ئاسانە
مەودا میدیا_ رەنگین عارف

لە هەرێمی کوردستان دیاردەی چەکداری و چەکهەڵگرتن و چەکفرۆشتن بە ئاشکرا و بەرچاون و ئەگەرچی چەندان یاسا و ڕێنماییش بۆ قەدەغەکردنیان هەن، بەڵام تائێستا نەتواندراوە ڕێگرییان لێ بکرێت و دەشگوترێت حزبەکان ڕێگرن لە قەدەغەکردنی ئەو شوێنانەی کڕین و فرۆشتنی چەکیان تێدا دەکرێت.

هەڵگرتنی چەك بە پێی یاسای چەك، ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ ڕێكخستنی یاسایی بۆ كراوە و جۆر و مەرجەكانی هەڵگرتن و سزاكانی سەرپێچیكردن دیاری كراون، لە ماددەی ٢١ بڕگەی ٣دا هاتووە: "هەر كەسێك چەك هەڵبگرێت بەبێ‌ مۆڵەت سزاكەی بەندكردنە لە نێوان  ٥ – ٧ ساڵ، یاخود بۆ ماوەیەك لە نێوان  ١- ٥ ساڵ حەپس دەكرێت، هەروەها غەرامەكردنی تاوانبار بە بڕێك كەمتر نەبێت لە پەنجا هەزار دینار و زیاتر نەبێت لە سەد هەزار دینار."


کەریم مەحمود، ناوی خوازراوی پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵە و کاری کڕین و فرۆشتنی چەک دەکات، ئەو بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: کارەکەیان مۆڵەتی نییە، بەڵام لەژێر چاودێری ئاسایشدا کاری کڕین و فرۆشتنی چەک دەکەن.


وتیشی: "چەکەکان هەمەجۆرن، مامەڵە بە زۆر چەکەوە دەکرێت و رۆژانەش کڕین و فرۆشتنی زۆر دەکرێت، ڕاستیەکەی ئێمەش ئامادەین لەژێر هەندێ ڕێنماییدا مۆڵەتمان پێ بدرێت و شوێنی دیاریکراو و بازاڕی تایبەت بە خۆمان هەبێت بۆ کڕین و فرۆشتنی چەک."


ئەم وتانەی کەرم مەحمود لە کاتێکدایە لە ماددەی 21 ی یاسای چەک و لە بڕگەی یەکدا هاتووە، هەرکەسێک بێ مۆڵەت کڕین و فۆشتن بە چەکەوە بکات و چەکی لەبەر دەست بێت سزای زیندایکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

شاخەوان ڕەئوف مستەفا، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا بە داخەوە دیاردەی چەکهەڵگرتن و فرۆشتنی بە ئاشکرا لە هەموو کوردستان هەستی پێ دەکرێت و ئەوەش بووەتە سەرچاوەی سەدان ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش.


ئەو پەرلەمانتارە بە "مەودا پرێس"ی وت:"ئێستا چەککڕین لە بازاڕەکانی هەرێم وەک ئەوەی لێ هاتووە بچیت کراسێک بکڕیت یان سەوزەوات بکڕیت، بە ئاشكرا و بێ هیچ مەترسییەک ئەو کارە دەکەن."


بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ئامادەییان دەربڕیوە کە یاسای چەک لە پەرلەمان هەموار بکرێتەوە و کاری لەسەر کراوە و هەموو ڕێوشوێنەکانی هەڵگرتن و فرۆشتن و قاچاخچێتی بە چەکەوە توندووتۆڵ بکرێن و جێبەجێش بکرێت.

ناوبەناو وەزارەتی ناوخۆ دەچێتە سەر ئەو شوێنانەی گومانی کڕین و فرۆشتن بە چەکیان لێ دەکرێت، بەڵام ئەوە نەیتوانیوە دیاردەکە بنبڕ بکات.


سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە "مەوداپرێس"ی وت: "وەزارەتی ناوخۆ بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و داخستنی ئەو شوێنانەی چەکی تێدا دەفرۆشرێت پێویستی بە پشکنینی بەردەوامە، بەڵام حزبەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان ڕێگرییان لێ دەکەن و ناهێڵن ئەو جێگایانە بپشکندرێن کە گومانی بوونی چەکی قاچاخ و فرۆشتنی چەکی لێ دەکرێت."


وتیشی: "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥ هەزار چەکی جۆراوجۆر دەستیان بە سەردا گیراوە."


بە پێی زانیارییەکانی "مەودا پرێس"، بازاڕەکانی چەک فرۆشتن لە هەرێم مۆڵەتی فەرمییان نییە، بەڵام داناخرێن و جۆرەها چەکیش لەو بازاڕانەدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.


دڵشاد فایز، وتەبێژی داواکاری گشتیی هەرێم باس لەوە دەکات چەند جارێک داوای هەموارکردنی یاسای هەڵگرتنی چەکیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە کۆتایی پێ بهێنن.
وتیشی: "دەمانەوێت سزاکان تووند بکەین هەم بۆ ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن، هەم بۆ نەهێشتنی بازاڕەکانی چەک فرۆشتن لە هەرێمی کوردستان."
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب