راپۆرت

وردەكاری ناردنی ئەمۆنیۆم بۆ حزبوڵڵا بە ئاگاداری قاسم سولەیمانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


وردەكاری ناردنی ئەمۆنیۆم بۆ حزبوڵڵا بە ئاگاداری قاسم سولەیمانی
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

دوای ئەو تەقینەوە كارەساتبارەی لە چواری ئەم مانگەدا لە بەیرووت روویدا و بووەهۆی كوژرانی زیاتر لە 150 كەس و برینداربوونی هەزاران كەسی دیكە، وردەكاری زیاتر لەبارەی هۆكاری تەقینەوەكە ئاشكرا دەبێت.

پێشتر بەرپرسانی لوبنان ئاشكرایانكردبوو "هۆكاری تەقینەوەكە بوونی زیاتر لە 2700 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە، بەڵام ئەوەی روون نەبوویەوە هۆكاری بوونی ئەو رێژە زۆرەبوو لە نیتراتی ئەمۆنیۆم و وردەكاری هەڵگرتنی بەبێ ئاگاداری حكومەتی لوبنان".

هەواڵگریی ئەڵمانیا وردەكارییەكان ئاشكرا دەكات
رۆژنامەی "فیڵت" ی ئەڵمانی، لەچوارچێوەی راپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا ئاشكرایكردووە "سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئەڵمانیا باسیان لەوەكردووە پێشتر حزبوڵڵا بڕێكی زۆری مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆمی كڕیوە".

حزبوڵڵا چەندین جار نیتراتی ئەمۆنیۆمی لە كردەوەكانیدا بەكارهێناوە
"هەرچەندە راپۆرتە هەواڵگرییەكەی ئەڵمانیا، كڕینی ئەو رێژە زۆرەی نیتراتی ئەمۆنیۆمی نەبەستووەتەوە بەو نیتراتەی لە بەندەری بەیرووتدا هەڵگیرابوو، دواتر تەقییەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە كە حزبوڵڵا نیتراتی ئەمۆنیۆمی چەندین جار لە كردەوەكانیدا بەكارهێناوە".

رۆژنامەكە بەڵگەی بەكارهێنانی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەلایەن حزبوڵڵاوە بەوە دەهێنێتەوە "كە لە ساڵی 2019 هێزە ئەمنییەكانی بەریتانیا هەڵیانكوتاوەتە سەر چوار پێگەی حزبوڵڵا لە لەندەن، دوای ئەوەی ئاشكرابووە كە چوار تۆن ئەمۆنیۆمیان لە كۆگایەكدا هەڵگرتووە بەوهۆیەشەوە كەسێكیان دەستگیركردووە". هەروەها لە ساڵی 2015 ش "هێزە ئەمنییەكانی كوەیت سێ كەسیان دەستگیركرد كە 42 هەزار رەتڵ نیتراتی ئەمۆنیۆم و 300 رەتڵ تەقینەوە و 68 پارچە چەك و 204 بۆمبیان هەڵگرتووە".

قاسم سولەیمانی سەرپەرشتی گواستنەوەكەی كردووە
ئەو راپۆرتەی رۆژنامە ئەڵمانیەكە چەندین نموونەی دیكەی دەستبەسەرداگرتنی نیتراتی ئەمۆنیۆمی هێناوەتەوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئاماژەی بەوەكردووە "یەكەم هەوڵی گواستنەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لە ساڵی 2013 كە بڕەكەی 270 تۆن بووە، لە ئێرانەوە گواستراوەتەوە بۆ لوبنان، بەهاكەشی زیاتر لە 179 هەزار و 399 دۆلار بووە، راستەوخۆش لەلایەن قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی كراوە كە لە هێرشێكی فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە بەغدا لە سەرەتای ئەمساڵ كوژرا".

لە رێگەی هێڵی ئاسمانی "ماهان ئێر"ەوە بووە
هەروەك رۆژنامەی "فیڵت" رایگەیاندووە "ماوەیەك دواتر و لە هەمان ساڵدا بڕی دووەمی نیتراتی ئەمۆنیۆم گەیشتووەتە دەست حزبوڵڵا و زۆربەی هۆكاری گواستنەوەكانیش لە رێگەی هێڵی ئاسمانی "ماهان ئێر"ی ئێرانییەوە بووە و زۆربەی گواستنەوەكانیش لەژێر سەرپەرشتی فەرماندەیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دا بوون".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان