کوردستانی

وەزیری سامانە سروشتییەكان دیاریدەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری سامانە سروشتییەكان دیاریدەكرێت
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

میدیاكانی پارتی بڵاویانكردەوە، بڕیارە سەرەتای مانگی ئەیلوول، پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەنگ لەسەر بەربژێری وەزیری سامانە سرووشتییەكان و سەرۆكی چوار دەستە بدات.

 هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیاكانی پارتی راگەیاندووە "بۆ پێشكێشكردنی بەربژێری وەزیری سامانە سرووشتییەكان، ئەنجوومەنی وەزیران چاوەڕوانی دیاریكردنی رۆژی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكات".

 لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك بە مەودای راگەیاند "ماوەیەكی زۆرە باس لەوە دەكرێت، ناوی چەند كاندیدێكیش هێنراوە، بەڵام یەكێك لەو كەسانەی كە زۆر ناوی یەت ئەنجومەنی وەزیران بەربژێری بكات شێخ باز بەرزنجی، سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری كۆمپانیای كار گرووپە".

جێی ئاماژەیە، لە سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو ئێستا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بێ وەزیرە و سەرۆك وەزیران خۆی سەرپەرشتیی ئەو وەزارەتە دەكات.

 لەلایەكی دیكەوە، پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ گۆڕینی سەرۆكی دەستەكان (دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی گەشتوگوزار، دەستەی دەستپاكی و دەستەی وەبەرهێنان)، بەربژێری سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بە هاوبەشی لەلایەن حكومەت و پەرلەمانەوە دیاریدەكرێت و سەرۆكی سێ دەستەكەی دیكە، پەرلەمان بەربژێریان دەكات.

Qaiwan
Qaiwan