کوردستانی

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد
مەودا میدیا-

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد لە ئەمڕۆوە نوێژی هەینی لەمزگەوتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕێگە پێدراوە، بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، ئاماژە بەوەشکراوە  هاتوچۆی نێوان هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عیراق ئاسایی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتی د.فەرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كۆبووەوه و لە کۆبوونەوەکەدا بەپشتبەستن بە بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی و لەپیناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و كارو كاسبی خه‌ڵك و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:

یەکەم: نوێژی هەینی لەمزگەوتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕێگە پێدراوە، بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئەومەرجانەی خوارەوە:-
1- نوێژخوێن دەبێت دەمامک و دەستکێشی پێبێت.
2-نێوانی نوێژخوێنان نابێت لە مەتر و نیوێک کەمتربێت.
3-قەدەغەکردنی شوێنێی هەڵگرتنی دەستنوێژ لەمزگەوت.
4- نوێژخوێن بەرماڵی خۆی ببات بۆ نوێژکردن و لەماڵەوە دەستنوێژهەڵبگرێت.

دووەم: سەرجەم دوکان و بازاڕ و مۆڵ و تەواوی ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کراوەن، دەبێت ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و ڕێگەنەدەن هیچ کەسێک بەبێ بەستانی (دەمامک) بچێتە ژوورەوە، هەروەها خۆشیان (دەمامک) ببەستن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

سێیەم: چێشتخانە، کافتریا، شوێنە گەشتیارییەکان، دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەستانی (دەمامک) و سەرجەم ئەو مەرج و ڕێنماییانەبن کە شارەوانییەکان و دەستەی گەشت و گوزار بۆیانی دیاریکردووە، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

چوارەم: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزیبن و لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیان پێویستە شوفێر و سەرنشین (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، بەپێی بڕیاری بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆفێر ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

پێنجەم: پێویستە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕەچاووکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی (دەمامک) بەکاربهێنن و مەودای نێوانیان لە مەترونیوێک کەمترنەبێت، هەرکەسێک لەدەرەوەی ماڵی خۆی بەبێ (دەمامک) ببینرێت بەپێی بڕیاری بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

شەشەم: ئەو شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە و ڕێگەپێدراونین:-
1- پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران.
2- هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران و هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه.

حەوتەم: هاتووچۆ لە نێوان پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق کراوە دەبێت بۆ حاڵەتی پێویست، بەڵام لە ئێستادا هاتنی گروپی گەشتیاری بەکۆمەڵ بەداخراوی دەمێنێتەوە و ڕێگە پێدراو نییە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan