راپۆرت

پیاوانی کوردستان پەنا بۆ ھێنانی ژنی عەرەب دەبەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


پیاوانی کوردستان پەنا بۆ ھێنانی ژنی عەرەب دەبەن
مەودا میدیا-


هێنانی ژنی عەرەب لە هەرێمی کوردستان دوو ئەوەندە و نیو زیادی کردووە و هێنانی ژنی دووەمیش دوو ئەوەندە زیادی کردووە، پسپۆڕان و یاساناسان لێکەوتە خراپەکانی هێنانی ژنی دووەم لێک دەدەنەوە و هاوکات باس لەو هۆکارانەش دەکەن کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆربوونی هێنانی ژنی عەرەب لە لایەن گەنجانی کوردەوە.


دڵشاد ڕەسوڵی، تەمەن ٣٣ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی تووەسپیی شاری سلێمانیە، وەک خۆی ئاشکرای دەکات، لە ماوەی دوو ساڵدا خۆی و برایەکی و دوو ئامۆزای تری چوار کچی عەرەبیان خواستووە و ئێستا سەرجەمیان لە سلێمانی و لەو گەڕەکەش دەژین.


دڵشاد بە "مەودا پرێس"ی وت: "ماڵی پورێکمان زۆر دەمێکە لە کەرکوکە، بە هۆی هاتووچۆوە من لەگەڵ کچێکی دراوسێیان کە عەرەب بوو پەیوەندیمان درووست کرد و مارەم کرد، لە ئاهەنگی مارەبڕینەکەی من، ئامۆزایەکم کچێکی تری ئەو خێزانەی ناسی و دوای شەش مانگ ئەویش مارەی کرد، بەو جۆرە براکەم و ئامۆزاکەی تریشم دوو کچی تری عەرەبیان هێنا."


دڵشاد وتیشی: "ئێمە چوار گەنج بووین بە خێزاندار پارەی تێچووی یەک کچی کوردیان تێ نەچووە، زۆر گونجاو و تێگەیشتوو و بە خزمەتیشن و من هەر هاوڕێیەکی تریشم ژنی نەهێنابێت هانی دەدەم کچی عەرەب بخوازێت."


بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، هاوسەرگیریی دەرەکی کە بەشی هەرە زۆریان لەگەڵ عەرەبدان دوو ئەوەندە و نیو زیادی کردووە، ئەو ئامارەی لەبەر دەستە هی ساڵی ٢٠١٨یە و ئاماری ساڵی ٢٠١٩ش تا کۆتایی ساڵ ڕاناگەیەندرێت.


بە پێی ئامارەکە، لە ساڵی ٢٠١٧دا هەزار و ٢٦٦ هاوسەرگیریی دەرەکی لە دادگاکانی هەرێم تۆمار کراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا هاوسەرگیریی دەرەکی بۆ سێ هەزار و ١ حاڵەت بەرز بووەتەوە.


هاوکات هێنانی ژنی دووەم لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤١ حاڵەت بووە، بەڵام لە ٢٠١٨دا بۆ ٨٦ حاڵەت بەرز بووەتەوە و لە هێنانی ژنی دووەمیشدا زۆرینەی هاوسەرگیرییەکان ژنی عەرەب بوون.


شەهرام نادر لە ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: بە تایبەت بە جیاکردنەوە نیمانە هاوسەرگیریی کورد لەگەڵ کچ و ژنانی عەرەب، بەڵام هاوسەرگیریی دەرەکیمان هەیە بەشی هەرەزۆری لەگەڵ عەرەبدایە و هاوسەرگریی لەگەڵ خەڵکی بیانی و نەتەوەی تر زۆر کەمە.


وتیشی: "جگە لە هێنانی ژنی دووەم کە بە پێی یاسا و بە دەر لەو ڕێنماییانەی هەن قەدەغە کراوە، یەکەم هاوسەرگیری لە ڕووی یاساییەوە هیچ کێشەیەک لە بەردەم پیاو و کوڕی کورددا نییە لەگەڵ عەرەب هاوسەرگری دەکات یان لەگەڵ بیانی."


چالاکوانێکی بواری ژنانیش ئاماژە بە لێکەوتەکانی هێنانی ژنی عەرەب دەدات و بەشێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ئەو هاوسەرگیرییەش ڕوون دەکاتەوە.


پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: هاتنی ئاوارەکان و بەشوودانی کچەکانیان هۆکاری گەورە بوو بۆ زیادبوونی ئەو هاوسەرگیرییە، هەروەها کەمی تێچوون و داواکاریش هۆکاری تر بوون، ئەمە جگە لە هاوسەرگیریی دووەم کە پیاوی کورد پەنا بۆ ژن و کچی عەرەب دەبات و هەر لە پارێزگاکانی خۆشیان مارەیان دەکەن.


وتیشی: "ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە جگە لەوەی بەشوودانی خوار تەمەنی یاسایی زیاد دەکات، چونکە زۆرینەیان لە ١٥ ساڵیدا دەدرێن بە کوڕِ و پیاوی کورد، هاوکات دەبێتە هۆی زۆربوونی نفوسی عەرەب لە کوردستان و جگە لەوەش دەبێتە هۆی زیاتر هەڵوەشانەوەی خێزانی کورد، چونکە هیچ خۆشەویستییەک لەو هاوسەرگیریانەدا نییە."


"ئێمە ماوەی سێ ساڵ هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەمان هەبوو کە زانیمان هاوسەرگریی کورد لەگەڵ کچانی ئاوارەکان زۆر بووە، ئەو دیاردەیە پێشتریش هەر هەبووە، بەڵام ئەمساڵانە زۆر زۆر بووە و پێویستی بە هۆشیاربوونەوەی زیاتر هەیە لای گەنجان و کچانی کورد بۆ ئاسانکاریی زیاتر و تێگەیشتنی زیاتر بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و پێکەوەژیان." پەروین حەسەن وای وت.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب