راپۆرت
تورکیا ناوچەی ئارام لە هەرێمی کوردستانیش درووست دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
هاتنەناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم و جێگیرکردنی بنکە و بارەگا سەربازییەکان بە درووستکردنی ناوچەیەکی ئارامی بێدەنگ لە هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت لە لایەن تورکیاوە، ئەوەش بە مەترسی بۆ سەر ئاییندەی هەرێم دادەندرێت و هۆشداریش بە بەرپرسانی ئەم وڵاتە دەدرێت لەم بارەیەوە.
ئیبراهیم كاڵن، گەورە ڕاوێژكاری ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەیان بۆ سەر سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە هیچ كیانێكی كوردیمان لە ناوخۆی توركیا و دەرەوەی توركیا و باكووری عێراقیشەوە قبووڵ نییە، ئەوەش دەرخەری ئەو مەترسییە ڕاستەوخۆیەیە لەسەر هەرێم کە ساڵانێکە تورکیا بە بیانووی بوونی پەکەکە و بەزاندنی خاکی کوردستان ئامادەکاریی بۆ دەکات.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆماجڤاكێن كوردستان "كەجەكە" بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: مەترسیی سوپای تورکیا لەسەر هەر پارچەیەکی کوردستان و بە تایبەت هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە بیری لێ دەکرێتەوە، چەندان ساڵە بە ڕاستەوخۆ و ناڕازستەوخۆ مەترسیی بوونی هێزی تورکیامان لە هەرێم ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەک بەرامبەر مەترسییەکە نییە و تورکیا هێندە لە هەرێم خۆی قایم دەکات سبەی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕەواندنەوەی مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر قوورستر دەبێت.
وتیشی: "تورکیا بە ڕۆژئاواوە ناوەستێت، ئەو نایەوێت کورد لە هیچ شوێنێک خاوەن پێگە و ناسنامە بن، ئەوەی ڕۆژئاوای بۆ سەرکەوێت لە هەرێمیش هەمان کار دەکات و هێز و سوپاشی بۆ ئەو مەبەستە بە تایبەت لە قووڵایی هەرێمدا جێگیر کردووە."
بە پێی زانیارییەکانی بەردەست "مەودا پرێس"، سوپای تورکیا بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر و درێژایی ٥٠ کیلۆمەتر هاتووەتە خاکی هەرێمەوە و ناوچەیەکی ئارامی ڕانەگەیەندراوی درووست کردووە، لەو سنوورانەدا زیاتر لە ٢٠ بارەگای سەربازیی بە چەکی قورسەوە درووست کردووە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە ٣٠٠ گوندی ناوچە سنوورییەکان گوندەکانیان پێ چۆڵ کراوە.
زکری ئیسماعیل، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان بۆ "مەودا پرێس"ی ڕوون کردەوە، پێویستە حکومەتی هەرێم و حزبە سیاسییەکان و حکومەتی عێراقیش هەست بە مەترسیی بوونی هێزەکانی تورکیا بکەن لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
وتیشی، "ڕەتکردنەوەی ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە و دوورخستنەوەی هەمان سیناریۆش لە هەرێم لە لایەن سوپای تورکیاوە بە بیاننامە ناکرێت، یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی و بڕیاری پێویستی بۆ گرتنەبەری میکانیزی ڕێگریکردن لە لەشکرکێشییەکانی تورکیای پێویستە جا لە هەر پارچەیەکەی کوردستان بێت."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا دوو ئۆپراسیۆنی بە ناوی ئۆپراسیۆنی "چنگ" لە هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە دەستپێکردووە، ئۆپراسیۆنی یەکەم لە سەرەتای مانگی ئاب کۆتایی هاتوو ئۆپراسیۆنی دووەمیش لە کۆتایی هەمان مانگ دەستی پێ کردەوە.
ئاسۆس هەردی، نووسەر و چاودێری سیاسی، پێی وایە ئەگەر لەشکری تورکیا داگیرکردنی ڕۆژئاوای بۆ بچێتەسەر، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دوای ئەوان نۆرەی باشوورە. بۆیە ئەگەر هێزە سیاسییەکانی ئێمە پێیان وابێ ئەمە شەڕێکە تەنها لە ڕووی مەعنەوی و ئەخلاقییەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، گەورەترین هەڵەی مێژووی سیاسیی خۆیان دەکەن. چونکە ئەمە سەرەتای بەواقیعکردنی خەونی "بەسوڵتانبوونی" ئەردۆغانەو ئەگەر ئەم داگیرکارییە بەری پێ نەگیرێ دەگاتە بەردەرگای ماڵەکانی ئێمەش.
وتیشی: "لە دوایین وتاریدا، ئەردۆغان بە ڕوونی ئەوەی وت کە سوریا کێشەی کوردەکانی پێ چارەسەر نەکراوە بۆیە ئەوان هێرشیان کردووە و لە قسەکانیشیدا وتی کە لە عێراقیش هەروایە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک کە دوای ڕۆژئاوا لەشکرکێشیی بۆ سەر هەرێمی کوردستان."
بە هۆی هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەسەر سنوور لە گوندی شیلادزێ ڕووی دا و بە هۆیەوە کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە و دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچانە داوای چوونەدەرەوەی سوپای تورکیایان دەکرد لە ناو خاکی هەرێم.
مەسعود حەسۆ، نوێنەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی وت: "لاوازیی ڕۆژئاوای کوردستان یان هەر پارچەیەکی تر کاریگەریی تەواوی لەسەر بەشەکانی تری کوردستان دەبێت، کورد لە هەموو پارچەکان یان بەهێز و یەکگرتووە یان بێهێز و پەرتەوازە، ئەوە نییە بڵێین پارچەیەک بەهێزە و پارچەیەک بێهێز."
وتیشی: "تورکیا هیچ جیاوازی بە باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ناکات، دوای ڕۆژئاوا هەرێمیش دووچاری هەمان مەترسی دەکاتەوە و زیاتر لە پێنج ساڵیشە تورکیا بە بیانووی بوونی پەکەکەوە ناوچەیەکی ئارام و دڵنیای بۆ هێرشەکانی داهاتووی بۆ سەر کوردستان درووست کردووە."