راپۆرت

دەستپێشخەری فەرەنسی - نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەستپێشخەری فەرەنسی - نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق
مەودا میدیا- هێمن سەعید

دوێنێ سێشەممە، لەكاتی سەردانەكەی بۆ عیراق، ئەمانوێل ماكرۆنی، سەرۆكی فەرەنسا دەستپێشخەری وڵاتەكەی لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خستەڕوو بۆ هاوكاریكردنی عیراق بۆ پاراستنی سەروەرییەكەی، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆی كردووە لەگەڵ سەركردە عیراقییەكان و لەسەرووی هەمووشیانەوە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە گوایە دیارترین ئەو ئاڵنگاریانەی رووبەڕوو عیراق بووەتەوە بریتییە لە دەستوەردانی دەرەكی و رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

ماكرۆن لەمیانەی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ هاوتا عیراقییەكەی وتی "عیراق بە قۆناغێكی جیاوازدا تێپەڕدەبێت و هێشتاش شەڕی داعش تەواو نەبووە، چونكە داعش و دەستێوەردانی زۆری دەرەكی بوون بە ئاڵنگاری و هەڕەشە بۆسەر عیراق.

هەروەها وتیشی "پێویستە لەسەر گەورە بەرپرسانی عیراق ، سەركردایەتی قۆناغێكی راگوزەری بكەن و سەروەری عیراق بونیاد بنێنەوە تا بتوانن وڵاتەكەیان بپارێزن و ئاسایشی ناوچەكە بەهێز بكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد كە "پرۆژیەكی بۆ پاراستنی سەروەری عیراق پێشكەشی سەركردەكان كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەبێت و جێپەنجەی خۆشی لەسەر داناوە پێش ئەوەی پاڵپشتی عیراق بكرێت لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە". ئەوەشی دوپاتكردەوە كە "فەرەنسا لایەنی عیراق دەگرێت بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری پێشكەش عیراق بكەن"، بەڵام ماكرۆن و سەركردە عیراقییەكان باسیان لەناوەرۆكی ئەو دەستپێشخەریەی فەرەنسا نەكرد.

هەروەها، بەرهەم سالح لە كۆنگرە رۆژنامەنەوانییەكەدا وتی "عیراق دەبێتە هاوبەشێكی ستراتیژی فەرەنسا" و لەداهاتوودا پرۆژە و گرێبەستەكانی نێوان عیراق و فەرەنسا ئاشكرا دەبن. وتیشی "چاوەرێی سەردانێكی درێژتری سەرۆك ماكرۆن دەكەین لەساڵی داهاتوو" و ئاماژەی بەكورتی ماوەی سەردانەكەی ئەمجارەی ماكرۆن كرد". 

ساڵح دووپاتی كردەوە "عیراق دەیەوێت هەستێت بە رۆڵی تایبەتی خۆی لە ناوچەكە لەگەڵ بەدەسهێنانی مافی ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەی، وەنامانەوێت ببینە مەیدانی ململانێی ئەوانی تر "ئەوەشی دڵنیاكردەوە كە "مەترسیەكانی تیرۆر بەردەوامە و داوای هاوكار نێودەوڵەتی كرد بۆ وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر".

هەروەها كازمی لە میانەی كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا هیوای خواست فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپا هاوكارییەكانی پێشەكەشی وڵاتەكەی بكات بۆ گەرانەوەی ئارامی بۆ ناوچەكە و وتی "نامانەوێت ببینە مەیدانی رووبەڕووبونەوەكان، بەڵكو ئارامی و میانڕەوی ناوچەكەمان دەوێت". هەروەها وتیشی "فەرەنسا و عیراق گرێبەستیان لەبواری وزە كردوە بۆ داهاتوو لەگەڵ هاوكاری سەربازی قوڵ لە نێوان هەردوولادا".

دكتۆر زافر عانی، ئەندامی لیژنەی پەوەندییە دەرەكییەكان لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند "فەرەنسا دەیەوێت بۆشای ئەمەریكا بەهۆی سەرقاڵبوونی بە هەڵبژاردنەكان پڕ بكاتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دڵنیایی بداتە وڵاتانی ناوچەكە لە ئامادەیی وڵاتەكەی لە هەندێك دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی كێشەیان هەیە لەگەڵ ئێران". 

دكتۆر یاسین ئەلبكری، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی نەهرەین وتی "گرنگی سەردانەكە لەوەدایە كە دیدگای سیاسەتی دەرەكی عیراق پیشان دەكات بۆ كردنەوەی دەرگای بەڕووی هەموواندا لەگەڵ پاراستنی سەربەخۆیی عیراق و پەلكێش نەكردنی وڵاتانی ناوچەكە". هەروەها وتیشی "یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی سەردانەكەی ماكرۆن ئەوەیە كە ماكرۆن سەردانی هەولێری نەكرد هەرچەندە پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ هەولێر هەیە، بەڵكو نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی کووردستان خۆی هات بۆ بەغدا، كەوئەش پەیامێكی گرنگی فەرەنسایە كە چارەسەری كێشەكان لەناوەند دەكرێت لەرێگەی گفتوگۆوە". ئاماژەی بەوەشكرد "رۆڵی فەرەنسا لە دوای ساڵی 2003 وە لە عیراقدا بەردەوام بوونی هەبووە، سەردانەكەی ماكرۆنیش ئەوەی دەرخست فەرەنسا بەردەوام دەبێت لەسەر رۆڵەكەی لە قۆناغە جیاوازەكانیشدا".

پێش چاوپێكەوتنی كازمی لەگەڵ ماكرۆن، كازمی و نێچیرڤان گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێكی هەڵواسراوی نێوان هەولێر و بەغدا كرد، لە بەیاننامەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا هاتووە كە "كازمی و نێچیرڤان باسیان لەچەند پرسێكی گرنگ كردووە كە پەیوەندییەكانی نێوان دامەزراوەكانی ناوەند و هەولێر بەهێز و تەواو دەكات لەسەر ئەو بنەما و چوارچێوانەی كە دەستور كێشاویەتی".

 لەبەیانەكەشدا ئاماژە بە رێكخستنی هەوڵەكانی ناوەند و هەولێر كراوە بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رووبەڕووبوونەوەی شانە نووستوەكانی داعش و باسكردن لەرۆڵی گرنگی پێشمەرگە وەك بەشێك لەسیستەمی ئەمنی عیراقی، هەر بەگوێەری بەیانەكە، نێچیرڤان بارزانی وتویەتی "گەشبینم بە پتەوكردنی میكانیزمەكانی كاری هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند"، هەروەها وتووشیەتی "كورد شانازی بەعیراقی بوونیەوە دەكات، ئەوان سورن لەسەر بەردەوامی هەوڵەكان لەپێناو ئارامی عیراق و پاراستنی سەروەرییەكەی".

مەسعود حەیدەر، راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا وتی "لەكۆبوونەوەی نێوان كازمی و بارزانی باس لە كۆمەڵێك پرسی گرنگ كراوە وەك دۆزینەوەی میكانیزمی نوێ رێكخستنی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر و كاركردنی هەردوولا بۆ وەستاندنی زیادەڕەویەكانی توركیا بۆ سەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوركاری ئەمنی و سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش"، هەروەها وتیشی "لە سەردانەكە باس لە هاوكاریەكانی نێوان هەردوولا لەبواری ئابووری كراوە بەتایبەت نەوت و گاز، لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا بەرێگای دەستوری، لەپێشینەی هەموویانەوە بەگرنگی باس لە پەیوەندییە ئابووریەكان و پرسی هێزەكانی پێشمەرگە كراوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان