راپۆرت

دروشم و بڕیار: نەکڕینى کاڵا و سەیرنەکردنى دراما تورکییەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


دروشم و بڕیار: نەکڕینى کاڵا و سەیرنەکردنى دراما تورکییەکان
مەودا میدیا- تاژان عوسمان

هێرشەکانى سوپاى تورکیا و میلیشیاکانى سوریا بۆ ناوچە کوردییەکانى رۆژئاواى کوردستان درێژەى هەیە و بەو هۆیەیشەوە سەدان کەس شەهید و برینداربوون و تائێستایش کۆدەنگییەکى کرداریی لەسەر راگرتنى ئەو هێرشانە نییە.

بایکۆتکردنى کڕینى شتومەکی تورکی کە بەشێوەیەکى بەرچاو بازاڕەکانى کوردستانى تەنیوە بەوردی باسی لێوە دەکرێت و چاودێرانى دۆخەکەیش باس لەوە دەکەن خەریکە لە "دروشم"ەوە دەبێتە پرۆژەیەکى گشتگیر و هاوڵاتیانى دوور دەکەونەوە لە کڕینى کاڵا و شتومەکی تورکی.

بەکر شوانی، ڕۆژهەڵاتناس و شارەزای کاروباری تورکیا بە مەوداپرێسى وت بایکۆتکردنى کڕینى کاڵا و شتومەکى تورکیا کارێکى گرنگە و سەردەکێشێت بۆ گۆڕینى هەڵوێستى سیاسى "بایکۆتکردنی بەرهەم و شتومەکی دەوڵەتێک دەتوانێت تا ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەری هەبێت بۆ ناچارکردنی ئەو دەوڵەتە و گۆڕینی هەڵوێستی لە هەندێک دۆخی وەک داگیرکاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا. بایکۆت شەڕێکە بێ چەک، چەکێکی نەبینراوە کە زیانی ئابووریی گەورەی وەک کەمبوونەوەی هەناردەکردنی شتومەک بە دەوڵەتی بایکۆتکراو دەگەیەنێت و زیانە ئابوورییەکانیش لە ئاکامدا سەردەکێشن بۆ بواری کایەی سیاسی، چونکە هەردوو چەکی دارایی و ئابووری ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەم سەردەمەدا".

خالید سلێمان، نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت بایکۆتکردنى مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا کاریگەرى باشی دەبێت، سلێمان بە مەوداپرێسى وت "بایکۆتکردنى کڕینى کاڵا و شتومەکی تورکی کاریگەرى زۆرى دەبێت، چونکە بازاڕى کوردستان لەبەردەم شتومەکی تورکیادا کراوەیە، ئەگەر بایکۆت بکرێت سەرەڕاى ئەوەی تورکیا ئێستا ئابوورییەکەى لاواز بووە، بەڵام زیاتر لاواز دەبێت.

نموونەى زۆرى مێژوویی هەیە

بەکر شوانى کە یەکێکە لەو نووسەرانەى بەوردی چاودێرى بارودۆخی سیاسى تورکیا دەکات لەبارەى کاریگەریی ئەو جۆرە بایکۆتکردنەوە چەند نموونەیەکى مێژوویی وەکو بەڵگە دەهێنێتەوە "جووتیارەکانی ئیرلەندا لە سەروبەندی شەڕی ڕزگاریدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بایکۆتی کەرتەکانی کشتوکاڵی بەریتانیان کرد و زیانێکی ئابووریی گەورەیان بەو وڵاتە گەیاند"، زیاتریش دەخاتەڕوو "پێشەوای هندستان ماهماتا گاندی بایکۆتی وەک چەکێکی کاریگەر لە دژی ئینگلیزەکان بەکار هێنا".  

تورکیا دەیەوێت دراوسێکانى بکاتە بەرخۆر
سەردار عەزیز، نووسەر و مامۆستا زانکۆ لە ئیرلەندا لە نووسێنکیدا لەلاپەڕى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەڵێت " هیچ شتێکی تر هێندەی بایکۆتی کاڵای تورکی کاریگەری نیە. ئەوەی کە تاکی کورد دەتوانێت لە هەمو کردارێکی تر زیاتر فشاری پێبخاتە سەر تورکیا بایکۆتە".

عەزیز ئەوەشی روونکردووتەوە کە " تورک بە چەندین ڕێگای جیاواز لە هەوڵی ئەوەدان کە کۆمەڵگاکانی دەوروبەرییان بکەنە بەرخۆر و ساغکەرەوەی کاڵاکانیان. ئەمە بنەمای ئابورییەکەیانە. ئەمە بنەمای هەژەمۆنیەتی سیاسی و جیوپۆلەتیکیشیانە. لەپشت ئەمەوە چەندین پلانی میدیایی و ئاینی و کەلتوری و هێز و سیاسەت هەیە".

خالید سلێمان-یش باس لەوە دەکات کە "بایکۆت لێدانە لە ئابووری تورکیا، ئەوە کاریگەریی ئەرێنى باشی دەبێت، تورکیا دەیەوێت کورد لە رۆژئاواى کوردستان بکاتە دەرەوە، بۆشی بکرێت لە پرۆژەکەیدا هەیە سنوورى هەرێمى کوردستانیش ببەزێنێ و بچێتە شەنگال و کەرکوک و موسڵ و داگیریان بکات".

پێشتیریش لە راپۆرتێکى مەوداپرێسدا هاتبوو "بە پێی زانیارییەکانی بەردەست مەودا پرێس، 1100 کۆمپانیای تورکی و 450 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێم تۆمارکراون و سەرقاڵی هاوردەکردنی خۆراک و بەرهەم و کاڵان ئەمە جگە لە بازرگان و کۆمپانیا خۆماڵییەکان".

بەکر شوانى، شارەزا لە کاروبارى سیاسى تورکیا بە مەوداپرێسی وت " ئێستاش هەلێکی زێرین بۆ کورد لە هەموو پارچەکان و هەندەران هەڵکەوتووە کە لە ڕێی بایکۆتکردنی بەروبووم و کالای تورکییەوە زیانی گەورە بە ئابووریی تورکیا بگەیەن وەک سزایەک بۆ سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەنقەرە بەرامبەر بە کورد بەگشتی و بەتایبەتیش بەرامبەر بەو هێرشە ناڕەوا و خوێناوییەی کە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کردووە".

خالید سلێمان لەگەڵ بایکۆتکردنى کاڵاى تورکی ئەوەش رووندەکاتەوە بۆ رێگیریکردن لە داگیرکارییەکانى تورکیا بۆ سەر خاکى کوردستان پێویستە هەموو رێگایەک بگیرێتەبەر "خۆپیشاندانە گشتگیرەکان گرنگن، یەکهەڵوێستى هەموو بەشەکانى کوردستان و هێزە سیاسییەکان و لەگەڵ بایکۆتکردنى کڕینى شتومەکی تورکی و زیانگەیان بە ئابووری تورکیا پێکەوە دەتوانن کوردستان بپارێزن".

"پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە دەبێت بایکۆت تەنیا لە چوارچێوەی بەروبوومدا نەمێنێتەوە و بوارە کولتوورییەکانی وەک سینەما و نواندنیش بگرێتەوە و هەموو هەوڵێک بخرێتە کار بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هەژموونی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی زیانبەخشی دەوڵەتی تورک بەسەر وڵات و کۆمەڵگەی کوردەوە"، بەکر شوانى وای وت.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان