خاوەن دەرمانخانە و نۆرینگەكانی كەلار دژی بڕیارێكی حكومەت گردبوونەوە

مەودا میدیا-
دژی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، بەشێك لە خاوەنی دەرمانخانە و نۆرینگە تەندروستییەكان لە كەلار گردبوونەوە و داوا دەكەن ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە.

ئەركان حەمەڕەشید، نوێنەری خاوەن نۆرینگەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” ئێمە دەمانەوێت یاسا سەروەر بێت و بە یەكسانی جێبەجێ‌ بكرێت، چونكە ئەوەی كە ئێستا وەزارەتی تەندروستی دەیكات بەرامبەر بە خاوەن نۆرینگەكان هیچ دادپەروەرییەكی تێدا نییە”.

وتیشی” ئەو بڕیارانەی كە لە مانگی شەشەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچووە، تەنها ئەوانەیان خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بۆ گیانی كارمەندانی تەندروستین، بۆیە ئێمە پێمان وایە بڕیارەكان لایەنگری پێوە دیارە و دژی كارمەندانی تەندروستییە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد” رەوا نییە كارمەندێكی تەندروستی كە چەندین ساڵە دەرمانخانە یان نۆرینگەی پزیشكی هەیە، ئێستا لە ناكاو لیژنەیەك بڕواتە سەری نۆرینگەكەی پێ دابخات و دوای ئەوەش بیدات بە دادگا”.

گردبوونەوەی كارمەندانی تەندروستی لە كاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا دوای بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ژمارەیەك لە دەرمانخانە و نۆرینگەكانی كەلار بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت و فرۆشتنی دەرمانی بێستیكەر داخراون و خاوەنەكانیشیان دراونەتە دادگا، هەر بەپێی بڕیارەكەی وەزارەت دەبێت دەرمانخانەكان لەلایەن كارمەندی دەرمانساز و نۆرینگەكانیش لەلایەن كارمەندانی تەندروستییەوە بەڕێوە ببرێن، بەپێچەوانەوە جێگاكانیان دادەخرێن و سزا دەدرێن.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان