ئەبوکاروان: کوردستان پێویستی بە سیاسەتێکی سەربەخۆ و هاوسەنگە

مەودا میدیا-

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی ئاشکرایکرد کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکییەوە، پێویستی بە سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ، هاوسەنگ، واقعبینانە و ستراتیژیی هەیە.

ئەبوکاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان رایگەیاند “دابەشبوونی کورد لە نێوان چوار دەوڵەتی ناوچەکە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بڕیارە سیاسی و ستراتیژییەکانی کوردستان هەیە، بۆیە پەیوەندییە دەرەکییەکان نابێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە حزبییەکاندا بەڕێوەببرێن، بەڵکوو دەبێت بەرژەوەندیی گشتیی کوردستاندا بێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دەستکەوتێکی کورتخایەن نابێت ببێتە هۆی مەترسیکردن لەسەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی گەلی کوردستان، چونکە لە سیاسەتدا گرنگە بزانرێت چی دەکرێت و هەروەها چی نابێت بکرێت، لەبەرئەوە یەکڕیزیی ناوخۆیی و گفتوگۆی نیشتمانیی بنەمای سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی کوردستانە”.

ئەوەشی خستەڕوو “پێشنیاز دەکات کۆنگرە یان کۆنفرانسێکی فراوانی نیشتمانی بۆ دانانی هێڵێکی گشتیی هاوبەش لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کوردستان بەڕێوەبچێت”.

باسی لەوەشکرد “دەبێت هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێز و هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، حکومەتی فیدراڵی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان هەبێت، بەبێ ئەوەی ببێتە پاشکۆی یەک لایەن یان بە دژی لایەنێکی تر بوەستێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان