ژمێریارێکی پەروەردە دەستگیرکرا

مەودا میدیا-

دەستەی دەستپاکیی عیراق ئاشکرایکرد تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی نەینەوا تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە وەک ژمێریار لە بەشی پەروەردەی قەزای حەزەر لە گەیارە کاری کردووە.

دەستەی دەستپاکیی عیراق رایگەیاند “تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2017ەوە تاوەکو 2023، بە بیانووی گواستنەوەی فەرمانبەرێک لە پەروەردەی هەولێرەوە بۆ بەشی پەروەردەی حەزەر، مووچەی بەناوی ئەو فەرمانبەرە وەهمییەوە خەرجکردووە و پارەکەی بۆ خۆی گلداوەتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوای لێکۆڵینەوە و وردبینییەکان دەرکەوتووە کە هیچ فەرمانێکی دەستبەکاربوون بۆ ئەو فەرمانبەرە لە بەشی پەروەردەی حەزەر دەرنەچووە و هیچ مۆڵەتێکی ئەمنیشی لە هۆبەی مۆڵەتە ئەمنییەکانی پەروەردەی نەینەوا نەبووە”.

ئەوەشی خستەڕوو “پەڕاوی لێکۆڵینەوەی فەرمی بۆ تۆمەتبارەکە رێکخراوە و رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوای تایبەتمەند بە پرسەکانی دەستپاکی کراوە، دادوەریش بەپێی ماددەی (315) لە یاسای سزادان تۆمەتبارەکەی راگرتووە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان