ئەمڕۆ نرخی زێڕ بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزی

مەودا میدیا-
بەیانی ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە بازاڕە داراییەكانی جیهاندا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و شارەزایانیش دەڵێن” هۆكارەكەی بۆ بڕیاری كۆتایی ئەم هەفتەیەی بانكی فیدراڵی دەگەڕێتەوە”.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلول نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕە داراییەكانی جیهاندا لە 4,443 دۆلارەوە دابەزی بۆ 4,390 دۆلار و تا ئێستاش بەردەوامە لە دابەزین.

پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” ئێستا بازرگانان لە دڵەڕاوكێیەكی زۆردان بە هۆی ئەوەی كە ئەم هەفتەیە بانكی ناوەندی ئەمەریكا بڕیاری كۆتایی لە بارەی زیادكردنی سوودی بانكی یان هێشتنەوەی وەك خۆی دەدات”.

وتیشی”ئەگەر بێت و بانكی ناوەندی بڕیار لە زیادكردنی سوودی بانكی بدات، ئەوا نرخی زێڕ بە شێوەیەكی بەرچاو و لەناكا و دادەبەزێت و دوور نییە لە ماوەیەكی كورتدا جارێكی تر هەر ئۆنسەیەك ئاستی خوار چوار هەزار دۆلار ببینێت، بەڵام ئەگەر بێت و بانكی ناوەندی نرخی سوود وەك خۆی بهێڵێتەوە ئەوا بێگومان نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد” هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە بانكی ناوەندی نرخی سوودی بانكی بەرز دەكاتەوە، هەربۆیەش ترس لای بازرگانان درووست بووە و دەستیان بە فرۆشتنی زێڕەكانیان كردووە، ئەوەش وایكرد ئەمڕۆ نرخی ئەو كانزایە بەو شێوەیە دابەزێت”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان