مەودا میدیا-
ئەو ساتەی تۆ دروست بوویت، شەڕێك بوو لە نێوان 300 ملیۆن سپێرمی ركابەردا كە دەكرا هەریەكەیان ببنە مرۆڤێكی وەك تۆ، بەڵام تەنها یەكێكیان رزگاری بوو، ئەو یەكەش تۆ بوویت!
چیرۆكەكە لەوێوە دەست پێدەكات كاتێك 300 ملیۆن سپێرم دەچنە ناو ژینگەیەكی تەواو نائاشناوە. ژینگەی زێ، كە ژینگەیەكی ترشەڵۆكیی زۆر بەهێزە، تەڵەیەكی كوشندەیە كە لە چەند خولەكی یەكەمدا ملیۆنان سپێرم بە تەواوی لەناو دەبات.
ئەوانەی رزگاریان دەبێت، دەبێت بە كەناڵی ملی منداڵداندا تێپەڕن، دیوارێك لە ماددەی لینج كە هاوشێوەی تۆڕێكی چڕ كار دەكات. تەنها بەهێزترین و خێراترین سپێرمەكان دەتوانن بە ناو ئەم تۆڕەدا تێپەڕن.
جگە لەوەش لەناكاو رێگاكە دەبێتە دوو بەش، بۆری چەپ و بۆری راست. هێلكۆكە تەنها لە یەكێك لە بۆرییەكاندا چاوەڕێ دەكات. نیوەی سپێرمە ماوەكان رێگای هەڵە هەڵدەبژێرن و لە دەمی بۆرییە هەڵەكەدا دەمرن، بەڵام ئەوانەی رێگا دروستەكە دەدۆزنەوە، دەچنە ناو بۆری فالۆپ.
لێرەدا سیستەمی بەرگری لەشی ژن دێتە ناو كارەكەوە، خڕۆكە سپییەكانی خوێن وەك ماددەیەكی بێگانە سپێرمەكان دەناسنەوە و هێرشیان دەكەنە سەر، لێرەشدا لەو هێزە 300 ملیۆنییە سەرەتاییە، ئێستا تەنها چەند سەد سپێرمێك ماونەتەوە. لە كۆتاییدا دەگەنە شوێنی مەبەست. هێلكۆكە وەك قەڵایەكی گەورە لەو ناوەندەدا جێگیر بووە، بەڵام دەوروبەری هێلكۆكەكە بە دوو چینی پارێزەری زۆر رەق و بەهێز داپۆشراوە.
سپێرمەكان هاوشێوەی كڵاوەی جەنگی، ئەنزیمە كیمیاییەكانی سەر سەریان ئازاد دەكەن بۆ ئەوەی ئەم توێكڵە رەقە بتوێننەوە و كونی بكەن كە ئەمە هەوڵێكی بەكۆمەڵە، دەیان سپێرم توێكڵەكە لاواز دەكەن، بەڵام بڕیارە تەنها یەكێكیان سەربكەوێت. لە كۆتاییدا یەكێك لە سپێرمەكان سەردەكەوێت بەوەی لە توێكڵەكە تێپەڕێت و دەست لە پەردەی هێلكۆكەكە بدات. لە هەمان چركەدا كە سەری سپێرمەكە دەچێتە ژوورەوە، موعجیزەی سەرەكی روودەدات كاتێك هێلكۆكەكە شەپۆلێكی كارەبایی گەورە دەداتەوە. ئەم گۆڕانكارییەی ڤۆڵتیە، دەستبەجێ پێكهاتەی كیمیایی توێكڵەكە دەگۆڕێت و دەیكاتە قەڵغانێكی پۆڵایین كە بە هیچ جۆرێك كون ناكرێت.
دوای ئەوەش ملیۆنان سپێرمی تر كە لە دەرەوە چاوەڕێ بوون، دەستبەجێ بەر ئەم دیوارە رەقە دەكەون و هەموویان لەناو دەچن. كلكی سپێرمە سەركەوتووەكە لە دەرەوە دەكەوێت و سەری دەتوێتەوە و دی ئێن ئەی (DNA) باوكەكە بڵاودەبێتەوە.
دواتر ناوكەی سپێرم و ناوكەی هێلكۆكە بە یەكەوە دەبەسترێنەوە، 23 كرۆمۆسۆم لە باوكەوە و 23 كرۆمۆسۆم لە دایكەوە تێكەڵ دەبن و كۆدی جێنەتیكیی تەواوی مرۆڤێكی نوێ دەنووسرێتەوە.
ئەمە سەختترین شەڕی ژیانی تۆیە، شەڕێك كە لەگەڵ 300 ملیۆن كەسی تر پێش هاتنەدنیات ئەنجامت داوە و خودا تۆی هەڵبژارد بۆئەوەی تیایدا سەركەوتوو بیت و بە ژیان ئاشنا ببیت.
كەواتا سوپاسی خودا بكە كە ئێستا هەیت، چونكە كاتێك لە ناو 300 ملیۆن سپێرمی ركابەرتدا تۆی هەڵبژارد، كە دەكرا هەریەكەیان ببێتە مرۆڤێكی وەك تۆ، ئەوا دڵنیابە خودا رێزی لە تۆ ناوە و خۆشی دەوێی، بۆیە هەرگیز بێئومێد مەبە كاتێك دەزانیت خودایەكی هێندە بە رەحم و میهرەبان و بە دەسەڵاتت هەیە و هەرگیز بەتەنیا بەجێتناهێڵێت.
وەگێران، ئەرسەلان پەرۆش