دوای دۆڕانی كۆمارییەكان شەڕی دژی ئێران دەگاتە كوێ‌ ؟

مەودا میدیا-
لەدەستدانی كۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنەكەی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەلایەن كۆمارییەكانەوە بەو مانایە نییە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، ناچار دەبێت شەڕ لەگەڵ ئێراندا بوەستێنێت یان دەستبەرداری هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببێت.

لە هەمان كاتدا، ئێستا ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی رەچاوكردنی نوێی سیاسی، ئابووری و چاودێری دەبێتەوە كە لەوانەیە قەبارەی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و مەرجەكانی كۆتاییهێنان بە رووبەڕووبوونەوەكان لەگەڵ تاراندا بگۆڕێت و زەمینە بۆ ناكۆكیی زیاتر لە نێوان واشنتۆن و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، خۆش بكات.

ترەمپ هێشتا بەپێی دەستوور دەسەڵاتی یاسایی بۆ ئاراستەكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی بەدەستەوەیە، بەڵام دیموكراتەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی ئەو زۆرینەیەی لە كۆنگرێس بەدەستی دەهێنن بەكاری بهێنن بۆ سەپاندنی چاودێریی زیاتر بەسەر حكومەتدا و پێداچوونەوە بە تێچوو و بڕیارەكانی شەڕەكەدا بكەن.

لە بەرامبەردا، تاران پشتی بەوە بەستووە كە فشارە ناوخۆییەكانی ئەمەریكا دەتوانێت پێگەی ئێران لە دانوستانەكاندا بەهێزتر بكات. ئیسرائیلیش چاودێریی ئاستی ئامادەیی واشنتۆن دەكات بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریكردنی ئامانجە سەربازییەكانی تەلئەبیب لە ناوچەكەدا.

لەلایەكی تریشەوە جەیمس راسێل، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، دەڵێت “لەدەستدانی كۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنەكەی كۆنگرێس لەلایەن كۆمارییەكانەوە، رێگری ناكات لە بەردەوامبوونی شەڕ لەگەڵ ئێران بەو خێراییەی كە ترەمپ دەیەوێت”.

راسێل روونیكردەوە “دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان هێشتا لە دەستی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا دەمێنێتەوە و دیموكراتەكان لە قۆناغی یەكەمدا سەرنجیان لەسەر رێكخستنی دانیشتنەكانی گوێگرتن و داواكردنی زانیاری دەبێت لە ئیدارەكە سەبارەت بە تێچووەكانی شەڕ و شێوازی بەڕێوەبردنی”.

لە بەرامبەردا، رۆبەرت ئارلێت، بەرپرسی ستراتیژیی پارتی كۆمارییەكان، راگەیاندووە “بارودۆخی سیاسیی واشنتۆن بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕاوە، چونكە نیگەرانیی ئەمەریكییەكان سەبارەت بە لێكەوتە ئابوورییەكانی شەڕەكە زیادی كردووە، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، هەڵاوسان و تێچووە داراییەكانی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “كۆنترۆڵكردنی هەردوو ئەنجومەنەكەی كۆنگرێس لەلایەن دیموكراتەكانەوە لە مانگی كانوونی دووەمی داهاتووەوە، هەژموونی زیاتر بەو پارتە دەبەخشێت لە پرسەكانی پەیوەست بە خەرجییەكانی حكومەت، لێكۆڵینەوەكان و چاودێریكردنی بڕیارە سەربازییەكان”.
بە بڕوای ئەو، بەردەوامبوونی شەڕێكی درێژخایەن لە بارودۆخێكدا كە كۆنگرێس دژی بێت، لە رووی سیاسی و داراییەوە قورستر دەبێت.

ئەو بەرپرسە كۆمارییە ئەوەشی خستەڕوو “رەنگە ئێران سوود لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەربگرێت، چونكە تاران تێگەیشتووە كە ترەمپ رووبەڕووی فشارێكی ناوخۆیی پەرەسەندوو بووەتەوە. ئەم دۆخەش دەتوانێت پێگەی ئێران لە دانوستانە ئەگەرییەكانی داهاتوودا بەهێزتر بكات”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان