مەودا میدیا-
ئایا دەزانیت كەسانی دەوڵەمەند هەن كە بڕیاریانداوە دوای مردنیان جەستەیان بەیبەست بكەن؟ بە واتایەكی تر دەیانەوێت جەستەیان لە جێگەیەكی ساردی تایبەتدا بە بەستوویی هەڵبگیرێت بەو هیوایەی كە لەوانەیە رۆژێك زانست رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ژیان. لەوانەیە سەیر دیار بێت، بەڵام هەندێك مرۆڤ رێك ئەم بڕیارەیان داوە.
بیرۆكەكە وایە كە جەستەی دەوڵەمەندەكان دوای مردن، دەگوازێنەوە بۆ سەنتەرەكان، كە لەوێدا جەستەكە لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا دەپارێزرێت. بەم بیرۆكەیە دەوترێت كرایۆنیكس،(Cryonics)
بەڵام لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەم كەسانە بڕیار نییە لە بەفرگرێك یان (فرێزەرێكی) ئاساییدا دابنرێن. سەرەتا دەبێت پرۆسەی پاراستنی جەستە زۆر خێرا دوای مردن دەست پێبكات بۆ ئەوەی خانەكانی جەستەیان كەمتر زیانی بەربكەوێت. پاشان خوێن و شلەكانی جەستە دەردەكرێن و بە گیراوەیەكی تایبەت جێگەیەكەیان پڕدەكرێتەوە بۆ ئەوەی لە كاتی سەرما سەختەكەدا دروستبوونی كریستاڵی سەهۆڵ كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە شانەكان كەم بكرێتەوە.
دواتر جەستەكە وردە وردە سارد دەكرێتەوە تا لە كۆتاییدا لە پلەی گەرمی نزیكەی 196- پلەی سەدی لە ناو نایترۆجینی شلدا هەڵدەگیرێت.
بەڵام كرایۆنیكس ئەمڕۆ رێگەیەكی سەلمێنراو نییە بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ ژیان و ئەوان تەنها وەبەرهێنان لەسەر ئەگەرێكی زۆر دوور دەكەن، بەو هیوایەی لەوانەیە لە داهاتوودا تەكنەلۆژیا بتوانێت ئەو زیانانەی بەهۆی مردن و پرۆسەی بەستنەكەوە دروست بوون چاك بكاتەوە، یان خانە و ئەندامە زیانلێكەوتووەكان دروست بكاتەوە و تەنانەت چالاكی مێشكیش بگەڕێنێتەوە.
ئەوان وەك خۆیان دەڵێن لەوانەیە دەیان ساڵی تر، لەوانەیە سەدان ساڵی تر و لەوانەیە هەرگیز نەبێت. بەڵام بۆ كەسێك كە كرایۆنیكس هەڵدەبژێرێت، شتێكە كە لە مەرگی مسۆگەر باشتر دەردەكەوێت و بەلای خۆیانەوە هەلێكی زۆر بچووكیان دەداتێ بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ ژیان.
بیهێنە پێش چاوی خۆت رۆژێك لە داهاتوودا پزیشكێك بەسەر جەستەیەكدا بوەستێت كە سەدان ساڵە لە نایترۆجینی شلدا پارێزراوە و لەپڕ بڵێت: “با ژیان دەستپێبكەینەوە”.
بەڵام ئەم قسانە بۆ ئێمەی مسوڵمان و باوەڕدار تەنها خەیاڵە و هەرگیز وەڕاستگەڕانی بۆ نییە، چونكە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ﴿ثُمَّ إِنَّكُمْ بَعْدَ ذَلِكَ لَمَيِّتُونَ * ثُمَّ إِنَّكُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ تُبْعَثُونَ﴾
واتە: پاش ئەوەش ئێوە بێگومان دەمرن، وە دیسان لە رۆژی قیامەتدا زیندوو دەكرێنەوە).
كەواتا هەر شتێك لەبارەی مردن و دووبارە زیندووبوونەوە لەم دنیایەدا تەنها خەیاڵە و تەنها خوداش دەتوانێت رۆح بخاتە بەر جەستەی مرۆڤ كە ئەویش وەك خۆی بەڵێنی داوە تەنها لە رۆژی دواییدایە.
ئامادەكردن، ئەرسەلان پەرۆش