مەودا میدیا-
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ئاشکرایکرد هێزی دەریایی سوپا لە گۆڕەپانەکانی بەرگریی نیشانیداوە کە بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی وڵات و یەکگرتوویی ئێران ئامادەی گیانفیدایی و خۆبەخشییە و بەبێ دوودڵی رووبەڕووی هەر دوژمنێک دەبێتەوە کە دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتەکەیان.
ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران رایگەیاند “هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لاوازی و بێدەسەڵاتیی دوژمنی لە گەرووی هورمز و دەریای عوماندا دەرخستووە و تاڵیی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە گۆڕەپانی دەریاییدا بە دوژمن چەشتووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بە پشتیوانیی خەڵکەکەیان و بە سەرپەرشتی رێبەرایەتی رێبەری باڵای وڵاتەکەی، گەرووی هورمز تا جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران بە داخراوی دەمێنێتەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند “گەمارۆی دەریایی هێزەکانی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز و دەریای عومان بۆ سەر ئێران بەردەوامە و رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی ئێران نادەن”.
ب ح