مەزڵوم عەبدی: زمانی کوردی لە رۆژئاوا بووەتە زمانی پەروەردە وفێرکردن

مەودا میدیا-

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکدا پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە هەموو گەلان و بەتایبەت مامۆستایانی زمانی کوردی کرد و داوای لە خێزانەکان کرد کە منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە کوردییەکان.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند “زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان قۆناغی مەترسیداری تێپەڕاندووە و بووەتە زمانی پەروەردە و فێرکردن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “شۆڕشی رۆژئاوا دەرفەت و دەستکەوتێکی زێڕینی بۆ گەلی کورد رەخساند تاوەکو خاوەنداری لە زمانی خۆی بکات و لە مەترسی لەناوچوون رزگاری بکات”.

ئەوەشی خستەڕوو “لە سەردەمی بەعسدا، زمانی کوردی رووبەڕووی سیاسەتی توواندنەوە و قەدەغەکردن بووەوە و خەڵک لەسەر فێربوونی زمانەکەیان دەستگیر دەکران، بەڵام ئێستا بەهۆی قوربانیدان و تێکۆشانی 14 ساڵی رابردوو، هەزاران خوێندکار بە زمانی خۆیان دەخوێنن و گەیشتوونەتە ئاستی زانکۆ”.

باسی لەوەشکرد “دەبێت مەرسوومی ژمارە 13 لەلایەن سەرۆکایەتی سووریاوە، وەک دەستکەوتێکی مێژوویی و هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئەوەی زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی سوریادا بناسێنرێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان