خاتوو په‌ریخان شه‌وقی ناسراو به (شه‌مام شه‌وقی، هاوسه‌ری شه‌هید جه‌باری حاجی ره‌شید)، گفتوگۆم له‌گه‌ڵ ئه‌م خاتوونه، به فارگۆنه پڕ له ئازاره‌كانی هێڵه ئاسنینه‌كه‌ی شه‌مه‌ندەفەری ژیانی، وای لێكردم خه‌یاڵه‌كانم ده‌یڕفاندم بۆ لای زیاتر له (20000) شه‌هید و ژنه شه‌هید و خێزان و منداڵه‌كانیان و ئازاره‌كانیان. ئازاره‌كانی ژنه شه‌هید؛ ته‌نهایی نییه، به‌ڵكو ئه‌ركێكی پڕ له به‌رپرسیارێتی و قورس و گرانه، ره‌نگه گێڕانه‌وه‌ی تا راده‌یه‌ك ئاسان بێت، به‌ڵام تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ساته‌وه‌خته، رۆحێكی پۆڵایین و دڵێكی گه‌وره‌ی پڕ له میهره‌بانی و شان و پشكێكی ئاسنینی ده‌وێت، ته‌نها و ته‌نها خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌زانێت چۆنی تێپه‌ڕاندووه. له نیوه‌شه‌وی شه‌وه‌زه‌نگدا، له قرچه‌ی ماڵێكی غه‌ریب كه له جێگه و رێگه‌ی خۆی هه‌ڵكه‌ندراوه، بێ هۆ و بە هۆ منداڵه‌كانی ده‌گرین، دایكیشی نازانێت چی‌یان پێ بڵێت و چی‌یان بۆ باس بكات، نه ئامێزی گه‌رمی پڕ خه‌م و نە نه‌شئه‌ی نه‌رمی پڕ له ئازار و نه درۆی رازاوه و خوازراو ده‌توانێت بێده‌نگیان بكات. بە‌هۆی ئه‌وه‌ی منداڵ توانای ده‌ربڕینی ئازاری نییه جگه له گریان، هه‌ندێك جار منداڵ هه‌یه ده‌زانێت بارێكی نه‌خوازراو له‌ئارادایه، بێده‌نگ له سووچی ژوورێكی نامۆ و به چاوێكی پڕ له سه‌دان پرسیار، ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ به‌هێمنیی داده‌نیشێت. ئه‌مانه و ده‌یان ده‌رد و خه‌م، له ته‌نهایی و له‌ده‌ستدانی خۆشه‌ویست قورستتر بوون بۆیان.
خاتوو شه‌مام، جگه له‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌رپرس و دواتر شه‌هید بوو، خۆشی كه‌سێكی چالاكوان بوو و شانبه‌شانی شه‌هید جه‌بار حاجی ره‌شیدی هاوسه‌ری، كاره نهێنییه‌كانی راده‌په‌ڕاند و ده‌یان رۆژ و مانگ له ماڵی جیاجیا خۆی و منداڵەکانی حه‌شارداوه له ترسی گرتن و خۆی و منداڵه‌كانی له چاوی سیخوڕه‌كانی رژێم به‌دوور گرتووه.
خاتوو شه‌مام، له 15ی کانوونی یەکەمی 1956، له شاری سلێمانی چاوی به دنیا هه‌ڵهێناوه. كچی مه‌حمود عه‌بدولقادر شه‌وقییه كه له ساڵی (1900) له شاری سلێمانی له‌دایكبووه، باوكی كه‌سێكی رووناكبیری سه‌رده‌می خۆی بووه، ده‌رچووی خوێندنگای (روشدی سه‌ربازی)ی بووه، زمانه‌كانی فارسی و توركی و ئینگلیزیی زانیووه، زۆر نزیك بووه له شێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه.
خاتوو شه‌مام دەیگێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: نازناوی شه‌وقی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باپیرم (عه‌بدولقادر)، كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویستی شاری سلێمانی بووه، خاوه‌نی ده‌زگای كه‌وشدوورین بووه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا، پیاوان كه‌وشی ده‌ستكردیان له پێ كردووه. له ده‌زگا بچووكه‌كه‌شی هه‌وڵی داوه منداڵی بێده‌رامه‌ت دابمه‌زرێنێت و ناردووشنی بۆ حوجره بۆ فێربوونی خوێندن و نووسین. كه‌سێكی ئایینی بووه و زۆر جار له بازنه‌كانی زیكری ئایینیی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ، ده‌ڵێن رووی دوای زیكری، دره‌وشاوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ئەوەشی گێڕایه‌وه: جارێكیان شێخ به باپیرم ده‌ڵێت: “قاله، شه‌وقی لێ ده‌بارێت.” بۆیه ئه‌م نازناوه‌ی له شێخه‌وه وه‌رگرتووه.
وتیشی: رقی له داگیركه‌ری ئینگلیز بوو، ده‌گێڕنه‌وه؛ كاتێك حاكمی ئینگلیز له عیراقی ئه‌و سه‌رده‌مه (ئەدمۆنز) به لای دوكانه‌كه‌یدا تێپه‌ڕیووە، وه‌ستاوه بۆ ئه‌وه‌ی باپیرم بۆی بنووشتێته‌وه، به‌ڵام باپیرم رووی به لایه‌كی تردا وه‌رگێڕاوە.
خاتوو شه‌مام هه‌روا ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: باوكم كه ناوی مه‌حمود شه‌وقی بوو، قسه‌خۆش و خۆشه‌ویست بووه، ئه‌ندامی پارتی پشتیوانيی بووه و له هه‌ولێر له‌گه‌ڵیاندا كاریكردووه. (عه‌بده‌لڕه‌زاق ئه‌لحوسێنی) له كتێبی (تاریخ الاحزاب العراقية)دا ناوی بردووه.
هونه‌رمه‌ند بووه، به‌تایبه‌تی له هونه‌ری كاریكاتێردا زۆر جار ته‌نزئامێز وێنه‌ی نوێنه‌رانی كوردی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به شێوه‌ی كاریكاتێر كێشاوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه، له سه‌رده‌می مەلیکە یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق ئاواره بووه بۆ شاره‌كانی تری عیراق و له ساڵی 1956 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی و خۆی خانه‌نشین كردووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: باوكم دوو ژنی هێناوه، له ژنی یه‌كه‌می (ئامینه خاتوون)، چوار کوڕ و دوو کچی هه‌بووه: (ئازاد، گه‌لاوێژ، رزگار، شێرزاد، وریا، پرشنگ)، کە به گه‌نجی به نه‌خۆشیی كۆچی دوایی كردووه.
پاشان (حه‌فیه مه‌جید عه‌بدولحه‌مید) ده‌هێنێت، كه جیاوازیی ته‌مه‌نیان 25 ساڵ بووه، دایكم ژنێكی سه‌لار و ئارام بووه، ده‌بێت به دایكی ئه‌و خێزانه گه‌وره‌یه، له‌گه‌ڵ خوشكی گه‌وره‌م (گه‌لاوێژ)، سه‌رپه‌رشتییان كردووین. له دایكی خۆشم، چوار كوڕ و پێنج كچی ده‌بێت (رووناك، نازه‌نین، لیلۆڤه‌ر، شه‌مام، كامه‌ران، ئاراس، نه‌هرۆ، سه‌رچڵ، فریا) هه‌موومان خوێندنمان ته‌واو كردووه، خێزانێكی رووناكبیر و كتێبدۆستی ئه‌و كاته بووین، كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌مان هه‌بوو پڕبوو له كتێبی به‌نرخ، باوكم هانی خوێندنه‌وه‌ی ده‌داین، كه‌سێكی عه‌قڵ شارستانیی بوو، رێگەی ده‌داین بچین بۆ سینه‌ما و له ماڵی ئێمه كچه‌كان پێشه‌نگ بوون و رێزی تایبه‌تمان هه‌بوو، باوه‌ڕی به‌تواناكانمان زۆر بوو، ماڵه‌كه‌مان زۆر قه‌ره‌باڵغ بوو، ته‌نانه‌ت ئامۆزاكانیشم (كاك نه‌ژاد و شه‌هید دڵشاد و مامۆستا شێركۆ) له ماڵی ئێمه خوێندنیان ته‌واو كرد. ژیانێكی ساده و پڕخۆشی و دوور له گرێمان به‌سه‌ربردووه.
خاتوو شه‌مام، له وه‌ڵامی پرسیارێكمدا وتی: خوێندنی سه‌ره‌تاییم له خوێندنگە‌ی گوڵاڵه ته‌واو كردووه، ناوه‌ندی و ئامادەییم له سلێمانی ته‌واو كردووه، له ساڵی (1974- 1978) كۆلێژی ئاداب – به‌شی ئابووریم له زانكۆی سلێمانی ته‌واو كردووه و له یه‌كه‌مه‌كان بووم.
ژیانی سیاسیی خاتوو شه‌مام
خاتوو شه‌مام گێڕایه‌وه: له‌دوای به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار كه ئه‌وكات له پۆلی چواری ئاماده‌یی بووم، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كم به‌ناوی (فاتمه كه‌ریم) چووینه ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان. له پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌یی چوومه لیژنه‌ی (ی. ق. ک)ی ئاماده‌یی كچان، له‌وێ شه‌هید جه‌بارم ناسی. له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی بووم به لێپرسراوی (ی. ق. ک)ی ئاماده‌یی كچان.
له ساڵی 1974، له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی، له ترسی گرتن، چووم بۆ ماڵی رزگاری برام، له‌وێ تاقیكردنه‌وه‌كانم ئه‌نجامدا.
كاتێك شۆڕشی 1974 ده‌ستی پێ كرد، شه‌هید جه‌بار دره‌نگ په‌یوه‌ندی كرد به هێزی پێشمه‌رگه‌وه، له زه‌رگه‌ته ماڵێكیان گرتبوو بۆ كاروباری (ی. ق. ك)، ئه‌وكات چووبوومه زانكۆ. بۆ كۆبوونه‌وه، جگه له‌و ماڵه، ده‌چووینه هه‌ندێ ماڵی دیكه‌ی هاوڕێكانی رێكخستن (سه‌میره شا محه‌مه‌د، جیهان كه‌ریم، ئاواز مه‌جید، فاتمه كه‌ریم، كه‌مال چاومار، سواره سه‌ڵته). له‌و كاته‌دا له زانكۆ بووین، هاوڕێیه‌كم بەناوی ئیبراهیم حه‌سه‌ن، ده‌هات و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم بۆ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و ده‌یوت: “جه‌بار بۆرژوایه، ئومێدم پێیان نییه”، به‌ڵام له پشووی نیوه‌ی ساڵدا، چووینه ناو شۆڕش و ده‌بینین ئه‌مانه (خه‌تمائیلی) رێكخراوی (ماركسی لینین)ن و له‌ناو (ی. ق. ک)دا به‌نهێنیی كار ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كردبوو كه به‌رپرسه‌كه‌یان شه‌هید جه‌باره.
خاتوو شه‌مام، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا: له زانكۆ ژیانێكی زۆر ناخۆشمان هه‌بوو، به‌تایبه‌تی دوای هه‌ره‌سی شۆڕش له ساڵی 1975، چونكه به‌عسییه‌كان هه‌راسانیان كردبووین، به‌تایبه‌تی كه ده‌یانزانی من ده‌ستگیرانی جه‌باری حاجی ره‌شیدم و خۆشم پێشتر لێپرسراوی (ی. ق. ک) بووم.
كاتێك خاڵه شه‌هاب و هاوڕێكانی ده‌ستگیر کران، شه‌هید جه‌باریش كه هاوڕێیه‌كی نزیكی دارۆی شێخ نوری بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له چاوی سیخوڕه‌كان دوور بكه‌وێته‌وه چووه هه‌ولێر و له‌وێ له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كشتوكاڵ وه‌ك ئه‌ندازیار دامه‌زرا.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له ساڵی 1977 كاتێك له قۆناغی سێی کۆلێجی بازرگانی به‌شی ئابووری بووم، كۆمه‌ڵێك له هاوڕێكانمان كه ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوون، ده‌ستگیر كران له‌سه‌ر دانپێدانانی كوڕێكی هاوڕێمان به‌ناوی (ئ.ح) كه ئه‌ویش ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه بوو، ئه‌وانه‌ی كه ده‌ستگیركران بریتیبوون له: (ئه‌ڵوه‌ند حه‌وێزی، عه‌بدوڵڵا كه‌ركوكی، عادل، جه‌بار مسته‌فا و… هتد) كه ژماره‌یه‌كی زۆربوون و من له‌و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنه رزگارم بوو، ئه‌ویش له‌سه‌ر رێنمایی شه‌هید جه‌بار كه ئاگاداری كردبوومه‌وه به‌دوور بم له‌و كه‌سه‌ی دانپێدانانی له‌سه‌ر ئه‌و هاوڕێیانه‌مان كرد.
هه‌روه‌ها ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: شه‌هید جه‌بار جگه له چالاكیی سیاسی، كه‌سێكی كاسبیش بوو، ئاره‌زووی بوو كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ر دروست بكات، چونكه خۆی ده‌رچووی كۆلێژی كشتوكاڵ به‌شی په‌روه‌رده‌ی ئاژه‌ڵان بوو. ئیتر له ساڵی 1980 وازی له كاری حكومیی هێنا و گه‌ڕایه‌وه بۆ سلێمانی و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا گه‌وره‌ترین پرۆژه‌یان له نزیك شارۆچكه‌ی عه‌ربه‌ت دروست كرد و منیش پاش ده‌رچوونم له زانكۆ، له ئاماده‌یی كچان وه‌ك ئه‌مینداری كتێبخانه دامه‌زرام. له‌و كاره‌مدا هه‌وڵی زۆرمدا بۆ ئاشناكردنی خوێندكاران به خوێندنه‌وه‌ی كتێب، چه‌ندین كۆڕ و سیمیناری رۆشنبیریمان ئه‌نجام دا، زۆر به ئازادانه‌ش قسه‌ی خۆمان ده‌كرد، چونكه كه‌سی به‌عسیمان تێدا نه‌بوو.
هه‌ر له میانەی ئه‌و گفتوگۆیه‌ماندا، خاتوو شه‌مام، باسی رووداوێكی خۆپیشاندانەکەی ساڵی 1982ی خوێندكارانی بۆ کردین و له‌و باره‌یه‌وه وتی: ئه‌و ماوه‌یه، شه‌وانه له كۆڵانه‌كان به‌تایبه‌ت له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كان، خۆپیشاندان ده‌بوو، به رۆژیش خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ هه‌بوو كه ئه‌وكات وه‌ك باسم كرد له ئاماده‌یی كچان فه‌رمانبه‌ر بووم. رۆژێكیان خوێندكارانی ئاماده‌یی كوردستانی كچان رژانه ناو گۆڕه‌پانی ئاماده‌ییه‌كمان و هاتبوون بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكارانمان ببه‌ن و بچنه ناو خۆپیشانده‌ره‌كانی زانكۆ، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌مان ده‌رگاكانی له‌سه‌ر هه‌مووان داخست و نه‌یهێشت به‌شدار بن، به وته‌ی خۆی، له‌وه ده‌ترسا كه خوێندكاره‌كان بكوژرێن و بكه‌ونه به‌رده‌ستی ئه‌من و لێیان بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو، ملازم موحسین و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی به‌عس رژانه ناو خوێندنگەكه‌مان و به شێوه‌یه‌كی دڕندانه كه‌وتنه لێدانی ئه‌و كچانه و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منیش هاته ژووری مامۆستایان كه من و ئه‌خته‌ر خان و وشیار خاڵ له‌وێ بووین، هه‌رچی قسه‌ی ناشرینه به ئێمه‌ی وت. بۆ مێژوو، مامۆستاكانمان چاونه‌ترسانه خوێندكاره‌كانی ئاماده‌یی كوردستانیان تێكه‌ڵ به خوێندكاره‌كانی خۆمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێنه‌وه. دوای ئه‌و رووداوه، مامۆستا گێلاسیان كوشت و تا ئێستاش كه‌س خۆی نه‌كرد به خاوه‌نی ئه‌و كوشتنه. دوای ئه‌و خۆپیشاندانه، حكومه‌ت هه‌ندێك چاكسازیی به رواڵه‌ت له كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا كرد و بوو بە‌هۆی گواستنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی.
هه‌ر له درێژه‌ی گفتوگۆكه‌ماندا، خاتوو شه‌مام گێڕایه‌وه كه له ساڵی 1986، رژێم خولی به‌رگریی شارستانی بۆ هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان كردووه‌ته‌وه و هه‌موو رۆژێك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانی سلێمانی چووه و له‌وێ وانه‌ی وتووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: له نێو قسه‌كانیدا ده‌كه‌وته جنێودان به پێشمه‌رگه (هه‌رچه‌نده ژیانمان پڕبوو له دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ر كه‌س له هاوڕێكانی بكه‌وتایه‌ته به‌رده‌ستی دوژمن، ده‌بوایه تا ماوه‌یه‌ك ماڵه‌كانمان به‌جێبهێشتایه)، رۆژێكیان ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره كه‌وته جنێودان، منیش گه‌یشتبووه تینم و خۆم بۆ نه‌گیرا و به‌سه‌ریدا ته‌قیمه‌وه، ئه‌و پیاوه حه‌په‌سا و وتی: “ئه‌وه كێ بوو؟” منیش وتم: “تۆ هه‌موو رۆژێك ئێمه ده‌هێنی بۆ ئه‌وه‌ی گوێمان له‌و جنێوانه بێت.” ئیتر ژووره‌كه‌ی به‌جێهێشت و رۆیشت، هاوڕێكانم سه‌رزه‌نشتیان كردم و ده‌یانوت: “تۆ ناترسی؟ نه‌ده‌بوو وه‌ڵامی بده‌یته‌وه.” هه‌رچه‌ندە له دڵی خۆمدا ده‌ترسام، به‌ڵام به‌سه‌ر خۆمم نه‌هێنا، به‌تایبه‌تی كه ماڵه‌كه‌مان وه‌ك سه‌نگه‌رێكی به‌رگریی پێشمه‌رگه وابوو. هه‌موو جارێك شه‌هید جه‌بار بە گاڵتەوه ده‌یوت: “له شه‌مام ده‌ترسم، ده‌می خۆی پێ ناگیرێت.” بۆ مێژوو، ئه‌و وانه‌بێژه، هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌كردم، به‌م شێوه‌یه رۆژه‌كانمان ده‌بردەسه‌ر.
هه‌روه‌ها وتی: جارێكیش له‌ساڵی 1984 پاش سه‌رنه‌گرتنی گفتوگۆی نێوان یه‌كێتی و رژێمی عیراق، زۆربه‌ی براده‌ره‌كانمان ده‌ركه‌وتن، ئه‌و كاته‌ش كاك نه‌وشیروان مسته‌فا و براده‌رانی مه‌كته‌بی سیاسی و ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران، شه‌هید جه‌باریان كرد به به‌رپرسی رێكخستنی ناوشاری سلێمانی، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه زۆر گران بوو، له زۆربه‌ی كار و فەرمانه‌كان به‌شداریی كرداریم ده‌كرد، له زۆربه‌ی نهێنییه‌كانیان ئاگاداربووم، هه‌روه‌ها له كۆتایی ساڵی 1990، به‌رپرسیارێتیی تریشی پێ سپێردرا، به‌تایبه‌تی له‌دوای شه‌هیدبوونی شه‌هید شێرزاد و جه‌بار و شه‌هید رەئوف و هاوڕێكانی و له‌سێداره‌دانیان، كرایه به‌رپرسی رێكخراوی كه‌ركوك، منیش له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه، له ساڵی 1987ه‌وه مۆڵه‌تی بێ مووچه‌م وه‌رگرت تا ساڵی 1991، بە‌هۆی بارودۆخه‌كه‌وه ماڵمان وه‌ك دوژمنداربووین، هه‌ركاتێك یه‌كێك له ده‌رگای بدایه، ده‌بوو رامبكردایه نه‌وه‌ك قوات خاسه بێت و هاتبن بۆ گرتنی جه‌بار.
له ساڵی 1988، ماڵمان گواسته‌وه بۆ خانووه‌كه‌ی سه‌رچنار، له‌وێ و له‌پاش ئه‌نفال، ئه‌ركی رێكخستن قورس‌تر بوو، به‌تایبه‌تی سه‌رپه‌رشتیی رێكخستنی سلێمانی و پارتیزانه‌كانی گه‌رمیان و پیره‌مه‌گروون و به‌ری قه‌ره‌داغ و گه‌یاندنی پێداویستییه‌كانیان، چیمان بۆ بكرایه هه‌وڵمان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ رژێم ده‌ریبخەین كه پێشمه‌رگه به‌هێزه و چقڵی چاوی دوژمنه. دیاره پارتیزانی هێزی پێشمه‌رگه، یه‌كێكه له شاكاره‌كانی (ی.ن.ك) بۆ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كاتێك رژێم له كاتی ئه‌نفالدا هێرشه‌كانی چڕكردبووه‌وه، زۆربه‌ی ناوچه‌كان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال و بۆردوومان كه‌وتبوون. له‌و ناوچانه‌ی بۆردوومانی پارتیزانه‌كانی كرد، له به‌ری قه‌ره‌داغ كاك ئازادی سه‌گرمه به‌سه‌ختی بریندار بوو، پێیەكانی هه‌ڵته‌كاندبوو، هه‌موو رۆژێك له رادێوی ده‌نگی گه‌لی كوردستان بروسكه‌ی له (فه‌تاحه‌وه بۆ ره‌نج)، (فه‌تاح، كاك نه‌وشیروان و ره‌نج، شه‌هید جه‌بار بوو) دەخوێنده‌وه، زۆربه‌ی زۆریان ده‌یانوت فریای ناوبراو بكه‌ون، دیاربوو ئه‌و دووباره‌كردنه‌وه‌یه بۆ وره‌ی پێشمه‌رگه بوو، بۆ ئه‌وه‌ی پیشانیان بده‌ن هێزێكی تر هه‌یه فریایان ده‌كه‌ون، ئه‌وسا كاك ئازادی سه‌رگرمه به‌رپرسی پارتیزانه‌كانی به‌ری قه‌ره‌داغ بوو.
وتیشی: نامه‌وێت بچمه ورده‌كارییه‌كانه‌وه، ده‌مه‌وێت بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم بنووسمه‌وه، له‌وێ به‌وردی باسی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه ده‌كه‌م، هه‌رچۆنێك بوو كاك ئازاد به‌زه‌حمه‌ت گه‌یشته سلێمانی، چونكه رژێم ناوچه‌ی عه‌ربه‌تی به پشكنه‌ر و سیخوڕ ته‌نیبوو، به‌هه‌رحاڵ كه گه‌یشته لامان، ته‌نها كاك ئاكۆ وه‌هبی و وه‌ستا به‌كر هاتن بۆ ماڵمان، كاك ئازاد بە‌هۆی سەختیی برینه‌كەیەوه، زۆر بێهێز بوو. شه‌هید جه‌بار پێی وتم: “بڕۆ خۆتان بگۆڕن و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان بچنه ده‌ره‌وه، با دراوسێكانمان هه‌ست به هیچ شتێكی نامۆ نه‌كه‌ن.” منیش زۆر به‌جوانی خۆم گۆڕی، ئێستایش له‌بیرمه كه كراسێكی ره‌نگ شێلمبه‌ترشیم له‌به‌ر كرد، به‌ڵام به‌سه‌ر دونیاوه نه‌بووم. كاتێك گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، بینیم شێخ عومه‌ر مه‌حوی (پوورزای شه‌هید جه‌بار) و دكتۆر سه‌روه‌ری ده‌روێش كه‌ریم له ماڵی ئێمه بوون و له‌سه‌ر داوای جه‌بار هاتبوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك باری ده‌روونیی كاك ئازاد بگۆڕن. دكتۆر سه‌روه‌ر كه‌وتبووه گفتوگۆی سیاسیی له‌گه‌ڵ كاك ئازاد. كاتێك رۆیشتبوو، له‌به‌ر ده‌رگا به شه‌هید جه‌باری وتبوو: “وامده‌زانی دوای ئه‌نفال بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ته‌واوبووه، به‌ڵام ئێستا ده‌بینم له ماڵی دوو گه‌نجی ناوداری شار، پێشمه‌رگه‌یه‌كی برینداری لێیه و من هیوام تازه بووه‌وه و رۆژێكیش دێ كورد ئازاد ده‌بێت.”
كاك حه‌مه نوری و كاك شاسوار مسته‌فا و كاك ئاكۆ وه‌هبی، دوای چه‌ند رۆژێك و به‌زه‌حمه‌تییه‌كی زۆر كاك ئازادیان گه‌یانده به‌غدا و له‌وێش له نه‌خۆشخانه لایان چۆڵ نه‌كردبوو، ئه‌م كاره‌ش له به‌غدا به سه‌رپه‌رشتیی دكتۆر خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌د بوو و له‌دوای تیماركردنیشی، بردیانه‌وه بۆ ماڵی باوكی دكتۆر خه‌سره‌و و ماڵ و منداڵه‌كه‌یشیان هێنابووه لای و ماڵی باوكی له گه‌ڕه‌كی (سه‌وره)ی به‌غدا بوون.
وتیشی: ئێمه به دوو ئۆتۆمبێل چووینه به‌غدا، ئۆتۆمبێلی كاك حه‌مه‌ڕه‌شید كه پیاوێكی ئازا و چاونه‌ترس بوو، ئۆتۆمبێلی ئێمه‌ش. واماندانابوو كاك ئازاد له‌گه‌ڵ كاك حه‌مه‌ڕه‌شید بێت و ئێمه‌ش له ئۆتۆمبێلی دووه‌م هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی بهێنینه‌وه، له‌وێ ئۆتۆمبێلی حه‌مه‌ڕه‌شید په‌كی كه‌وت و ده‌بوایه نیوه‌ڕۆی رۆژی دواتر وه‌ریبگرێته‌وه. جه‌بار، بەمە زۆر تووشی دڵەڕاوکێ بوو، ده‌هات و ده‌چوو و ده‌یوت: “سبه‌ی کاژێر (10:30) حیزبی دیموكرات دێن كاك ئازاد ده‌به‌نه هه‌نده‌ران.” نه‌یده‌زانی چی بكات. منیش وتم: “باشه با ئێمه كاك ئازاد بگه‌یه‌نینه‌وه سلێمانی.” جه‌بار ئه‌و پێشنیازه‌ی به‌سه‌رسامییه‌وه وه‌رگرت و وتی: “ئه‌ی ناترسی؟” منیش وتم: “ئه‌ی چاره؟” ئه‌و بڕیاره، بڕیارێكی ئاسان نه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئاشكرابووینایه بەدڵنیاییەوە هه‌رسێكمان بۆ به‌ر په‌تی سێداره ده‌براین.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی دواتر، چووینه ماڵی دكتۆر خه‌سره‌و بۆ ئه‌وه‌ی كاك ئازاد بخه‌ینه ئۆتۆمبێلە‌كه‌وه، هێشتا شێوه‌ی ده‌موچاوی مه‌لیحه خانی خێزانی كاك ئازادم له‌به‌ر چاوه كه نه‌مانتوانی بیهێنینه‌وه له‌گه‌ڵ خۆماندا و ئه‌ویش نه‌یده‌ویست له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابێته‌وه. ئه‌و رێگه‌یه‌مان بە شێوەیەکى دراماتیكیی بڕی و كاك ئازادمان گه‌یانده‌وه سلێمانی. شه‌هید جه‌بار وتی: “شه‌مام، كارێكی زۆر باشت كرد له‌گه‌ڵ كاك ئازاد و منیش.” وتم: “مه‌رجم هه‌یه، ئه‌ویش ده‌بێت به‌زووترین كات مه‌لیحه خان و منداڵه‌كانی بگه‌یه‌نینه لای كاك ئازاد.” هه‌رچه‌نده دوای ئه‌نفال ئه‌م داوایه كارێكی ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه، به چاودێریی چه‌ند كه‌سێكی شاره‌زا و به چاودێریی شه‌هید جه‌بار، مه‌لیحه خان و منداڵه‌كانی و رووناك خانی پووری شوعله خانی هاوسه‌ری كاك نه‌وشیروان مسته‌فا و دوو منداڵه‌كه‌ی (چار و چیا)یان گه‌یانده سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی.
گرتنی شه‌هید جه‌بار:
22ی کانوونی دووەمی 1990، شه‌هید جه‌بار و عه‌زیز عومه‌ر، له بنكه‌ی پشكنینی تاسڵوجه ده‌ستگیر كران دوای چه‌ند ساڵ چاودێریی ماڵه‌كه‌مان و ئه‌و هه‌موو جموجووڵه‌ی شه‌هید جه‌بار. ئه‌و كاته هه‌ركه‌س ده‌ستگیر بكرایه، خانه‌واده‌كه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌ستگیر ده‌كران. دوو رۆژ له ماڵه‌وه مامه‌وه بە‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌مده‌زانی كه جه‌بار گیراوه، به‌ته‌مابووین له‌گه‌ڵ براكه‌ی شه‌هید جه‌بار بچین بۆ هه‌ولێر بۆ لای كاك زیاد و مسته‌فای سه‌ید قادر بۆ هه‌واڵپرسینی شه‌هید جه‌بار، هێشتا ده‌رنه‌چووبووین، كاك نوری گه‌رمیانی و ئاكۆ وه‌هبی كه ئه‌وانیش ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوون، خۆیان كرد به ماڵدا و پێیان وتین: “جه‌بار گیراوه، ده‌بێت به‌په‌له ئه‌م ماڵه به‌جێبهێڵیت.” چونكه ده‌یانزانی من ئاگاداری وردودرشتی رێكخستن و كاره نهێنییه‌كانیان و شوێنه‌كانیان و ئاڵوگۆڕی گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌كانیانم له‌نێوان ناوه‌وه و ده‌ره‌وه و كاك نه‌وشیروان، بۆیه ده‌بوایه به‌په‌له ده‌ربچم و له‌به‌رچاو نه‌مێنم و دڵنیاش بووم كه وه‌كو جه‌بار ته‌ڵه‌یه‌كیان بۆ منیش داناوه و هه‌رواش بوو. دوای ئه‌وه، به‌په‌له ماڵه‌كه‌م چۆڵ كرد و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم ده‌رچووین، ئه‌و كاته من دووگیانیش بووم و سكم هه‌شت مانگان بوو. بۆ به‌یانییه‌كه‌ی، ئه‌من دابوویان به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌ماندا. هه‌ر كه ئه‌مه‌م زانیی، له‌گه‌ڵ مامۆستا كه‌مال نوری مێردی رووناكی خوشكم، به‌په‌له چووم یه‌ك به‌یه‌كی هه‌ڤاڵانی شه‌هید جه‌بارم ئاگادار كرده‌وه له‌وه‌ی كه جه‌بار گیراوه و فریای خۆتان بكه‌ون. به توانای خۆم و وره و ئیراده‌ی خۆم؛ بڕیارم دابوو نابێت بترسم و ناخم پیشانی كه‌س بده‌م.
زۆر جار كاك ئاكۆ وه‌هبی ده‌هات بۆ سه‌ردانم له‌و شوێنه‌ی خۆم تیایدا حه‌شار دابوو و ده‌یوت: “من هێزم له‌تۆوه وه‌رگرتووه.” هه‌رچه‌ندە له راستیشدا له‌ناخمدا زۆر ماندووبووم. له‌و هاتوچۆیانه‌دا سه‌روه‌ری شوبرام سه‌رپه‌رشتیی ده‌كردین و ده‌بوایه بیزانیایه له‌كوێم. ئه‌گه‌ر بمویستایه دایكم ببینم، ده‌بوایه شوێنه‌كه‌م بگۆڕم. غه‌ریبی ناو كه‌سوكارم بووم. ترسم له خۆم نه‌بوو، به‌ڵام ده‌ترسام بمگرن و شه‌هید جه‌باری پێ لاواز بكه‌ن، چونكه هه‌موو نهێنییه‌كانی لای من بوو. له‌و خۆشاردنه‌وانه‌دا هه‌ر سێ منداڵه‌كه‌م (كانی، كه‌نار، ره‌نج)م له‌گه‌ڵدا بوون. منداڵه‌كانم زۆر به‌هێز و خۆڕاگربوون، گله‌ییان نه‌ده‌كرد بڵێن بۆ واتان له ئێمه كردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆشاردنه‌وه‌یه‌شدا، تووشی منداڵبوون بووم و منداڵه‌كه‌شم به‌مردووێتیی له‌دایكبوو.
دائیره‌ی ئه‌من ده‌یانزانی له‌سه‌ر منداڵبوونم و هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كانیان ئاگاداركردبووەوه و كۆنترۆڵیان كردبوون. مامانه‌كه‌م په‌رستارێكی نه‌خۆشخانه بوو و له نه‌خۆشخانه باسی لێوه كردبوو، له كاتی منداڵ بووندا، له ماڵی رووناكی خوشكم بووم، ئه‌من هاتبوون بمگرن، به‌ڵام پێش ئه‌وه منیان گواستبووەوه بۆ ماڵی به‌ختیاری مه‌لا ئه‌مین و نه‌ورۆز خانی هاوسه‌ری، ماڵیان لای ئه‌منه‌سووره‌كه بوو، له‌و رۆژانه‌دا له‌و جۆره گه‌نجه خوێنگه‌رم و كوردپه‌روه‌رانه زۆربوون. چه‌ند جار بیستمان دائیره‌ی ئه‌من هه‌ندێ خه‌ڵكی شاری كۆده‌كرده‌وه و بەڕێوەبەرەکەیان پێی ده‌وتن: “من ئه‌و ژنه‌م ده‌وێ، بۆم په‌یدا بكه‌ن.” چه‌ندین جاریش وتبووی: “ئه‌م ژنه له چی كه‌م بوو! ماڵه‌كه‌ی وه‌كو ماڵی (سید الرئیس)ه، (واتا؛ وه‌كوو سه‌دام وابووین و له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شار بووین) من سوورم له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه ئاگاداری هه‌موو ورد و درشتێكه، ده‌نا چۆن ده‌یهێشت مێرده‌كه‌ی كاری سیاسی بكات.” دیاربوو هه‌ندێک له‌و هه‌ڤاڵانه‌ی گیرابوون و منیان ده‌ناسی، له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا ناویان هێنابووم، بۆیه ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ئه‌وه‌نده سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستگیرم بكات و وتبووشی: “ملی ئه‌و ژنه و مێرده‌كه‌ی بده‌ن له‌سێداره”.
تا هه‌شت مانگ دوای راپه‌ڕین، نه‌گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌كه‌ی خۆمان و له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای راپه‌ڕین و كۆبوونه‌وه فراوانه‌كانی یه‌كێتی و كۆنگره‌ی یه‌كی یه‌كێتیدا، داوایان لێ كردم كه بكه‌ومه‌وه چالاكی. منیش بڕیارم دا و یه‌كه‌م ژن بووم وه‌كوو ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی له ساڵی 1992 هه‌ڵبژێردرام و یه‌كه‌م ژنیش بووم وه‌كوو به‌رپرسی كۆمیته‌ی ژنانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك ده‌ستبه‌كار بووم. ئه‌و چوونه‌وه‌یه‌م بۆ ناو خه‌ڵك و كاركردنه‌كانم، بووه چاره‌سه‌رێكی ده‌روونیی بۆ رۆحه پڕ ئازاره‌كه‌م.
هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992:
له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1992، شه‌مام خان یه‌كێك بوو له‌و پێنج ژنه‌ی كه هه‌ڵبژێردرابوون له‌سه‌ر فراكسیۆنی سه‌وز.
لەو بارەیەوە وتی: له راستیدا، كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كه، بۆ من ئازارێكی گه‌وره بوو، چونكه شه‌هید جه‌بارم له‌گه‌ڵ نه‌بوو، ئه‌و خه‌ونه‌ی كه چه‌ندەین ساڵ هه‌وڵی بۆ به‌دیهاتنی ده‌دا و له‌پێناویدا شه‌هید كرا، به‌چاوی خۆی نه‌یبینی.
هه‌روه‌ها وتی: ئه‌و كاته‌ی كه بووم به ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، ته‌مه‌نم 36 ساڵ بوو، به‌ڵام هه‌موویان شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن كه یه‌كێك بووم له چالاكترین ژنه‌كان و خۆشم زۆر كارم له‌سه‌ر خۆم ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی باشتر و باشتر بم و داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌خت بووم له جێگیركردنی پێگه‌ی ژن له‌ناو په‌رله‌مان و له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان. هه‌روه‌ها داوام كرد كه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به ژنان و مافی مرۆڤ له‌ناو په‌رله‌مان دابمه‌زرێت له‌سه‌ر بنه‌مای بۆچوون و باوه‌ڕم به‌وه‌ی كه ژن هه‌وێنی ئاشتییە و چه‌ند ژماره‌یان له ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات زۆربێت، ئه‌وه‌نده سیمای ده‌وڵه‌ت جوان ده‌كات و مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازیی به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه دیارتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها ژنان خاوه‌نی وزه‌یه‌كی له‌بننه‌هاتوون و به بوونیان له ده‌سه‌ڵات، گه‌شه‌ی به‌رده‌وام دروست ده‌بێت.
له په‌رله‌مانیش كاتێك ویستیان سزای له‌سێداره‌دان بسه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی ته‌قینه‌وه ده‌ده‌ن، من به‌توندی دژی وه‌ستامه‌وه له‌و روانگه‌یه‌ی كه میلله‌تی ئێمه هیلاكه به‌ده‌ست توندوتیژیی، بۆیه ده‌بێت تا بكرێت، رێگه‌چاره‌ی تر بدۆزینه‌وه و نابێت وه‌كوو رژێمی به‌عس ره‌فتار بكه‌ین و ده‌بێ له‌ژێر سایه‌ی حوكمڕانیی كوردیدا ئه‌وه‌نده گوێبیستی مردن و كوشتن و له‌سێداره‌دان نه‌بین. ئه‌و كاته جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، نه‌ژادی عه‌زیز ئاغا بوو، وتی: “په‌ری خان، ئێمه یاسا بۆ نه‌خۆش دانانێین، بۆ بكوژانه.” له وه‌ڵامدا وتم: “له سایه‌ی رژێمی به‌عسدا هه‌موومان تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونیی بووین بە‌هۆی ره‌فتاره توندوتیژه‌كانییه‌وه.” داكۆكیكردنه‌كه‌م سه‌رینه‌گرت و دوای ئه‌وه، له گۆڤاری په‌رله‌مان بڵاوبووه‌وه و ئه‌و كاته‌ش گۆڤاره‌كه ده‌نێردرا بۆ په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌وروپا. ئه‌وه‌بوو په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا ره‌خنه‌یه‌كی توندی له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یاسایه لێگرتین. هه‌روه‌ها دوای واژۆكردنی 3700 كه‌س له‌سه‌ر گۆڕینی یاسای باری كه‌سێتی، منیان كرد به سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و پرۆژه‌یه، به‌ڵام بە‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه نه‌متوانی به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نم.
شه‌مام خان، ده‌گێڕێته‌وه كه له په‌رله‌مان جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووریی بووه، داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌خت بووه له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی فراكسیۆنی سه‌وز و وتی: بووم به مایه‌ی دامه‌زراندنی سه‌دان كه‌س به میكانیزمی تایبه‌ت بە‌هۆی خراپیی باری ئابووریی خێزانه‌كانیان.
پاش 31ی ئاب، گه‌ڕاینه‌وه شاری سلێمانی، مام جه‌لال كۆبوونه‌وه‌یه‌كی پێ كردین و وتی: “هاوكارتان ده‌بم بۆ كاری رووناكبیری و راگه‌یاندن.” هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هێرۆ خان زۆر هاوكارمان بوو، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیی ژنانی كوردستان (كافیه خان، رووناك ره‌ئوف به‌گ و… هتد). سه‌نته‌ری راگه‌یاندنمان دامه‌زراند و بووم به به‌رپرسی، ئه‌و سه‌نته‌ره‌ش به‌رپرس بوو له ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی (ژیانه‌وه) كه به‌ڕێز مام جه‌لال ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ناوه‌كه‌ی دابوو و خۆشم بووم به خاوه‌ن ئیمتیازی، رۆژنامه‌كه یه‌كێكه له‌و شاكارانه‌ی به‌رده‌وام شانازیی پێوه ده‌كه‌م.
به‌ره‌و هه‌نده‌ران:
له سه‌ره‌تای ساڵی 1998، بە‌هۆی باری سیاسی و شه‌ڕی ناوخۆ و ناجێگیریی ژیانمانه‌وه، بڕیارم دا چیتر منداڵه‌كانم سه‌رگه‌ردان نه‌كه‌م و بۆ ماوه‌یه‌ك بچینه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، رۆیشتین و له هۆڵه‌ندا گیرساینه‌وه. له‌وێش به‌رده‌وام بووم له كاری سیاسی، له كۆنفرانسی ده‌ره‌وه هه‌ڵبژێردرام به كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه، له ساڵی 2004 گه‌ڕامه‌وه بۆ كوردستان، به‌ڕێز مام جه‌لال داوای لێ كردم وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده وه‌ربگرم له سلێمانی، به‌ڵام داوای لێبووردنم لێ كرد و داوام لێ كرد هاوكارم بێت بۆ ئه‌وه‌ی له سلكی دیپلۆماسیدا كار بكه‌م. ئه‌وه‌بوو دوای ساڵێك، له مانگی حوزەیرانی 2005، له به‌غداوە وه‌كو راوێژكاری دیپلۆماسیی گه‌یشتمه‌وه شاری ده‌نهاخی پایته‌ختی هۆڵه‌ندا، له باڵیۆزخانه‌ی عیراق بوومه به‌رپرسی مه‌له‌فی دادگاییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ره‌وه‌ندی عیراقی. دوای دوو ساڵ، وه‌كوو كونسوڵ هه‌ر له هه‌مان باڵیۆزخانه كارم كرد. دوای ئه‌وه، وه‌كو سیستمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق، گه‌ڕامه‌وه به‌غدا و چوار ساڵ له به‌غدا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه كارم كرد. دوای ئه‌وه، له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2013دا وه‌كو وه‌زیر مفه‌وه‌ز (وه‌زیر مفه‌وه‌ز؛ كه‌سی دووه‌می باڵیۆزخانه‌یه) له باڵیۆزخانه‌ی عیراق له لوبنان ده‌ستبه‌كاربووم. دوای دوو ساڵ، وه‌كو كونسوڵی گشتیی گواسترامه‌وه بۆ لۆس ئه‌نجلس و یه‌كه‌م جاریش بوو ژنێك له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت.
دوای ئه‌وه، له ساڵی 2018 گواسترامه‌وه بۆ به‌غدا و له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بووم به سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی مافی مرۆڤ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌كوو دیپلۆماتكارێك چه‌ندین بڕوانامه‌م وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها له چه‌ندین كۆنگره و دانیشتنه‌كانی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ژنێڤ به‌شداریم كردووه. به‌رده‌وامیش هه‌وڵم داوه سه‌ركه‌وتووانه كاره‌كانم ئه‌نجام بده‌م و له هیچ كار و ئه‌ركێك نه‌ترساوم.
شه‌مام خان له كۆتایی دیداره‌كه‌دا وتی: بڕوام به‌و وته‌یه هه‌یه كه ده‌ڵێت: “راستگۆ به له‌گه‌ڵ خۆت، دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر.”