جارێکی دیکە ئۆنلاین

رۆزا دڵشاد مەریوانی

ئەگەر لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داخستنی خوێندنگەکاندا منداڵت لە خوێندنگە بووبێت، ئەوا لەم ترس و دڵەڕاوکێیەی ئێستای خوێندنگەکان و پەککەوتنی کۆی ژیان و خوێندن تێدەگەیت و دەزانیت مۆتەکەیەکە و دووبارە دەبێتەوە، خەونێکی ناخۆشە و ناتوانیت لێی بەخەبەر بێیتەوە، رەنگە بپرسن بۆچی؟ هەر لەبەرئەوەی منداڵەکان لە ماڵەوەن و دایکان بێ حەوسەڵەن و دەیانەوێت چەند سەعاتێکی رۆژەکە منداڵەکانیان لێ دوور بێت؟ بێگومان نەخێر، مەسەلەکە زۆر لەوە قووڵتر و مەترسیدارترە، چونکە زۆربەمان وەک دەوترێت ئەو فیلمانەمان بینیوە و دەزانین چی بەدوادا دێت.

راستە خوێندنی ئۆنلاین گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە تەواوەتی پەکی نەکەوێت و منداڵەکانمان ئەمساڵی خوێندنیان بەفیڕۆ نەڕوات، بەڵام چیرۆک و بیانووەکانی منداڵان و بەتایبەتی هەرزەکاران دووبارە دەبنەوە وەک ئەوەی «دایە لە وانە ئۆنلاینەکان هیچ تێناگەم یان فێرنابم» یاخود «تاقەتی وانەی ئۆنلاین و تەماشاکردنی وانە تۆمارکراوەکانی مامۆستام نییە» کە بەداخەوە هەندێکیان تەنیا بۆ بەڕێکردنی ساڵ و کۆتایهێنانە بە وەرزی خوێندن، هاوکات ئەوانەی منداڵەکانیان لە قۆناغە هەستیارەکاندان وەک قۆناغەکانی (9 و 12) هەروەها پۆلی یەکی سەرەتایی زیاتر هەست بە خەم و دڵەڕاوکێ دەکەن، چونکە نازانن چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ بە کوێ دەگات، بۆ نموونە نازانین بۆ قۆناغی 12 کە لە هەموو قۆناغەکان هەستیارترە و چارەنووسی نەوەیەک پشتی پێ دەبەستێت چی و چۆن دەبێت؟ وەک لە دوایین لێدوانیشدا کە لەلایەن پەروەردەوە راگەیەندراوە و ئەوەندەی من ئاگاداربم تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان لە خوێندنگە بەڕێوەدەچن، بەڵام کەی و چۆن نازانین؟

جارێ هیچ بەرچاوڕوونییەک بە خوێندکاران نەدراوە، هەروەها نازانرێت ئەو تاقیکردنەوە وەرزییانەی بەهۆی جەنگەوە تائێستا نەکراون کە بەشێک لە خوێندکاران پشتیان پێ بەستبوون بۆ بەرزکردنەوەی نمرەکانیان یان داخڵبوون لە تاقیکردنەوەی کۆتاییدا چۆن چارەسەر دەکرێن؟ هەروەها تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرنامە و پلانێکی روونیان ئاشکرا نەکردووە لە کاتی ئەگەری درێژەکێشانی ئەم جەنگە و «پلان بی» ئەگەر هەبێت رانەگەیەندراوە، ئەوەش خوێندکاران و مامۆستایان و دایکان و باوکانی خستووەتە حاڵەتێکی شڵەژان و دڵەڕاوکێوە و لە چاوەڕوانیدا ماوینەتەوە، خۆ دواجار جەنگ پەتایەک نییە منداڵەکانمان بتوانن ماسکەکانیان ببەستن و بچن بۆ تاقیکردنەوەکان.

لێرەدا من وەک دایکێک دەپرسم ئەی چارەسەر چییە و کەی بەرچاوڕوونی خوێندکاران دەکرێت تا بزانن چی دەکەن و خوێندنی ئەمساڵیان بەچی دەگات، ئەگەر پەتای کۆرۆنا بە ماسکێک خۆمان لێ پاراستبێت و بەرگریمان لە خۆمان کردبێت، ئەی مووشەک و درۆن بە چ ماسکێک رێگریی لێدەکرێت؟ لەکاتێکدا لە ماڵەکانی خۆماندا سەلامەت نین و بەردەوام لە حاڵەتێکی دەروونیی ناجێگیرداین، بەڵام لە هەمانکاتدا داوا لە منداڵەکانمان دەکەین کاتێک ئێمە لەسەر کار و وەزیفەی خۆمانین بخوێنن و گوێ لە وانە ئۆنلاینەکان بگرن، لە پرۆسەیەکدا کەسمان باوەڕ بەوی دیکە ناکات، نە ئەوان بە تەواوەتی مێشکیان لەلای وانەکانە و نە ئێمەش بە تەواوەتی قەناعەتمان بەو داوایە هەیە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان