مەودا میدیا-
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاشکرایکرد لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنووسیدا، بەپێزانینی بەرزەوە ئەم یادە دەکەنەوە، رێز لە خاوەن قەڵەمەکان دەگرن، درێژە پێدەری ئەو ئەدەبیاتە دێرینەی یەکێتیی دەبن، کە سەرۆک (مام جەلال) بوونیادیناوەو باوەڕی وابوو پیشەی رۆژنامەنووسی ئازاد بنەمای سەرەکی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە.
زیاد شەهید جەبار، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی رێکخستنی یەکێتی رایگەیاند “سەرۆک (مام جەلال) لەشۆڕشی شاخ دروشمی نان و ئازادیی بۆ خاوەن قەڵەمەکان چەسپاند و بەرگرییەکی رەهاشی لە نووسەری (ڕۆمانی سەگوەڕ) کرد و لە شۆڕشی شاریشدا (سەکۆی ئازادی) لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بۆ دەربڕینی بیروڕای ئازاد دروستکرد”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە رۆژگاریی ئەمڕۆشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باوەڕی نەگۆڕی بەوە هەیە رۆژنامەنووسی پیشەیەکی پیرۆزە، ئەم پیشەیە لە ویژدانی خاوەن قەڵەمە ئازاکاندا پەیمانێکیشە بۆ کۆمەڵگەکەمان، کەبەوپەڕی ئازادی- بەرپرسیارێتیەوە راستیەکان بخەنەڕوو، هاوکار و ئاسانکاربن بۆ بەدیهێنانی هێمنایەتی کۆمەڵایەتی و دروستکەری ئەو زەمینەسازییەبن کە بەستوونی سەرەکی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان دادەنرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “چاوەڕێی ئەوەش دەکەن کە نووسینی رۆژنامەنووسان هۆکاری سەرەکی بێت بۆ یەکڕیزیی و دوورکەوتنەوەبێت لە دابڕانی سیاسی، دڵنیاشیان دەکەنەوە بێ سنوور پاڵپشتی لە ئازادی رۆژنامەنووسی دەکەن”.
ب ح