بێری غەریب
لەنێوان هەموو هەستە مرۆییەکاندا، هەندێک هەست هەن کە بە بێدەنگی قووڵتر دەبنەوە و کاریگەرییان لە دڵەکاندا زیاتر لە هەر وتەیەک دەمێنێت، سوپاس یەکێکە لەو هەستانەی کە نەک تەنها پەیوەندییە مرۆییەکان جوانتر دەکات، بەڵکو رۆحی مرۆڤیش ئارامتر دەکاتەوە، سوپاس ئەو زمانەیە کە هەموو دڵێک لێی تێدەگات، تەنانەت ئەگەر بە هیچ وشەیەکیش نەوترێت هەندێکجار تەنها نیگایەک، هەناسەیەکی ئارام، یان بە خەندەیەکی بچووک دەتوانێت مانای هەزاران “سوپاس” بگەیەنێت.
ئەگەر بمانەوێت رەنگێک هەڵبژێرین بۆ ئەو هەستە جوانە، ئەوا رەنگی پەمەیی جوانترین هەڵبژاردەیە، چونکە پەمەیی رەنگی نەرمی، پاکی، دڵسۆزی و خۆشەویستییە، رەنگێکە کە لە ناخی مرۆڤدا هەستێکی ئارامی دروستدەکات، وەک ئەوەی دڵت لەدوای ماندووبوونێکی درێژ، شوێنێکی ئارام بدۆزێتەوە، سوپاسیش هەمان ئەو هەستە دەبەخشێت؛ هەستێکی ئەوەی کە مرۆڤ بە هەبوونی کەسانی تر بەهێزتر دەبێت.
لە ژیاندا زۆر کەس هەن کە بەبێ هیچ داوایەک، رۆڵی گەورە لە ئارامی و بەردەوامیی ژیانماندا دەبینن، دایکێک کە بە شەوانی بێخەوی بۆ ئارامیی منداڵەکەی دەژی، باوکێک کە بە بێدەنگی باری ماندووبوونی ژیان هەڵدەگرێت، هاوڕێیەک کە لە کاتی ناخۆشیدا تەنها بە وتنی “من لێرەم” هیوایەکی نوێ دروستدەکات، یان مامۆستایەک کە چرای زانین لە رێگەی خوێندکارەکانی دادەگیرسێنێت، هەموو ئەو کەسانە شایەنی سوپاسن، بەڵام زۆرجار مرۆڤەکان لە خێرایی ژیاندا بیر لەوە ناکەنەوە کە چەند وشەیەکی سوپاس دەتوانێت مانایەکی گەورەی هەبێت.
سوپاس تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤ لە بەرانبەر چاکەیەک بڵێت “سوپاس”، بەڵکوو جۆرێکە لە ناسینی نرخ و بەهای ئەو کەسانەی کە بەبێ هاوار، بەبێ شانازی، بەبێ داوای پاداشت، بەشێک لە ژیانمان رووناک دەکەنەوە، زۆرجار ئەو کەسانەی زۆرترین خزمەت دەکەن، کەمترین وشەی سوپاس دەبیستن، ئەمەش وایکردووە جیهان بەشێوەیەک لە وشکبوونی هەست و ساردبوونی پەیوەندییەکان نزیک ببێتەوە، لە کۆمەڵگەکاندا کاتێک کولتووری سوپاس لاواز دەبێت، مرۆڤەکان هەست بە تەنهایی و بێنرخی دەکەن، مرۆڤ تەنها پێویستی بە پارە نییە؛ پێویستی بە هەستکردن بە نرخ و گرنگی هەیە، هەندێکجار یەک وشەی سوپاس دەتوانێت مرۆڤێک لە بێهیوایی رزگار بکات و هیوای نوێی پێ ببەخشێت و وای لێبکات بەردەوام بێت، بۆیە سوپاس تەنها ئەخلاق نییە، بەڵکو چارەسەرێکی مرۆییە بۆ دڵە ماندووەکان.
لە ژیانێکی پڕ لە توڕەیی، رەخنە و ناکۆکی، سوپاس وەک رەنگی پەمەیی دەتوانێت نەرمی بگەڕێنێتەوە بۆ دڵەکان، چونکە مرۆڤ کاتێک هەستدەکات بینراوە و نرخێکی هەیە، دڵی ئاسانتر بۆ خۆشەویستی و لێبوردەیی دەکرێتەوە، هەر بۆیە کولتووری سوپاسکردن دەتوانێت لە ماڵەوە دەستپێبکات و بگاتە قوتابخانە، دامەزراوەکان، راگەیاندن و تەنانەت ناو سیاسەتیش.
ئەو کۆمەڵگەیەی کە فێری سوپاسکردن دەبێت، کۆمەڵگەیەکی ئارامتر و مرۆڤانەتر دروستدەکات، رەنگی پەمەیی هەمیشە هێمای هیوایەکی نەرم و خۆشەویستییەکی پاک بووە، سوپاسیش هەمان هەڵوێستە؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەناو ئەو هەموو سەختی و بێدەنگییەی ژیاندا، دڵێکی تر تەنها نەهێڵێت، چونکە هەندێک دڵ تەنها بە وشەیەکی بچووک دەژێتەوە.
سوپاس بە رەنگی پەمەیی بریتییە لە جوانترین شێوازی مرۆڤبوون، ئەو هەستەی کە مرۆڤ فێردەکات چۆن بە نەرمی بژی، چۆن بە دڵ ببینێت و چۆن لەنێوان هەموو تاریکییەکانی جیهاندا، چرایەکی بچووک بۆ کەسانی تر بکاتەوە، چونکە لە کۆتایی هەموو شتێکدا، ئەوەی لە یادەوەریی مرۆڤدا دەمێنێتەوە نە پارەیە و نە هێزە؛ بەڵکوو ئەو هەستانەن کە بە نەرمی دڵێکیان گەرم کردووەتەوە.
سوپاس بە رەنگی پەمەیی؛ هەمیشە یەکێک لە جوانترین ئەو هەستانە دەبێت.
خ.غ