نەخۆشخانەی میهرەبانی لە هەولێر داخرا

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە هەولێر ئاشکرایکرد دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا كە تێیدا خاوەنی نەخۆشخانەی (میهرەبانی) باس لە داخستنی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەكەی دەكات، چەند تۆمەت و زانیارییەكی ناڕاست لەبارەی (دەستەبەری كۆمەڵایەتی) دەخاتەروو، بە پێویستیان زانی ئەم راستییانە بۆ رای گشتیی و بەتایبەت بۆ كرێكاران و كارمەندانی كەرتی تایبەت و خاوەنكاران روونبكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران لە هەولێر رایگەیاند “خاوەنی نەخۆشخانەكە ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی نوێ نەكردنەوەی مۆڵەت ئەم رێكارەیان بەرانبەر گیراوەتەبەر، هاوكات دەڵێ ماوەی (18) مانگە پارەی بەشدارییەكانی دەستەبەری كرێكارانیان نەداوە و نوێ نەكردنەوەی مۆڵەتیش (تاوانی ئەوان نەبووە) گوایە سێ مانگە داوا دەكەن پارەی بەشدارییەكانیان لێ وەربگیرێ، كەچی مامەڵەكانیان بۆ رایی ناكرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەرچەندە لەناو ئەم دوو لێدوانە دژیەكە خۆی وەڵامی خۆی داوەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەك روونتر بێت، نەخۆشخانەیەك (18) مانگ سەرپێچیی یاسایی كردبێت و ئامادە نەبووبێت مافی كرێكار و كارمەندەكانی بدات بە دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سێ مانگ بكاتە بیانوو لە نوێ نەكردنەوەی مۆڵەتەكەی (كە دوورە لە راستی)، ئەمە جگە لە دەرخستنی كەمتەرخەمییەكانی خۆیان، هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت، هەروەها كەمتەرخەمییەكانی ئەم نەخۆشخانەیە تەنها هی ئەمڕۆ نییە، بەڵكو پێشتریش لە 2023/7/10، داوای زانیاریی لێكراوە بۆ رێكخستنەوەی میلاكی كارمەندی (دامەزراو و دانەمەزراو)، كەچی دوای زیاتر لە سێ مانگ و لە ڕێكەوتی 2023/10/15، زانیاریی بۆ هێناون، ئەو سێ مانگ دواكەوتنەی ئەمساڵیش كە باسی دەكات، خۆی لە هێنانی زانیاری دوا كەوتووە و لە كۆتایی مانگی سێی ئەمساڵ نووسراوی زانیاریی بۆ هێناون، نەك سێ مانگ لەمەوبەر”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان