مەودا میدیا-
سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و ژمارەیەک بڕیار و رێنمایی بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاریی و ئابووریی وڵات دەرکرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند “عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرەکانی راسپاردووە بۆ داڕشتنی بۆ داڕشتنی پلان و نەخشە رێگایەک بە جۆرێک کارنامەی حکومەت لە خزمەت خەڵکدا بێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “زەیدی وەزیرەکانی راسپاردووە دا بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی بەهێز و دامەزراندنی ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی کە پێویستە وەزارەتی نەوت تەنها لە فرۆشتنی نەوتی خاو نەمێنێتەوە، بەڵکو کار بۆ زیادکردنی بەرهەم و پەرەپێدانی کەرتەکەی بکات”.
ئەوەشی خستەڕوو “عەلی زەیدی وەزارەتی دەرەوەی راسپارد پلانێکی خێرا بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ناوچەیی و جیهانی دابنێت”.
باسی لەوەشکرد “وەزارەتی کارەبای بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمبوونەوەی کارەبای بە هاوڵاتییان راسپاردووە، هەروەها رێنمایی بە خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و کاراکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی داوە”.
بڕیار و رێنماییەکانی عەلی زەیدی بۆ وەزیرەکان:
1-پێویستە وەزیرەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن.
2- لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە پۆست و پێکهاتەی وەزارەتەکاندا ناکرێت.
3- هەر وەزارەتێک لە ماوەی 30 رۆژدا دەبێت کارە لەپێشینەکانی بۆ نێو کارنامەی حکومەت دیاری بکات.
4- بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیرەکان دەبێت تەنها لە فەرمانبەرانی خودی وەزارەتەکان بێت.
5- مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزەکان دەبێت بەپێی رێکارە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە بێت.
6-هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ پەرلەمان و لیژنە پەرلەمانییەکان بۆ بەهێزکردنی رۆڵی چاودێری بکرێت.
7- ئاسانکاریی تەواو بۆ راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانیان بکرێت و رۆتین کەم بکرێتەوە.
8- لەپێشینەی کارەکان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ دەستەی دەسپاکی بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان.
9- کارکردن بە سیستمی “تاک پەنجەرە” بۆ وەبەرهێنان و دوورخستنەوەی دامەزراوەکان لە ململانێی حیزبی و سیاسی.
10- وەزیرەکان دەبێت سەردانی مەیدانی بکەن بۆ ئاگاداربوون لە کێشەی خەڵک و چارەسەرکردنیان
ب ع