وڵاتی ئیمارات بە رەسمی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی ئابوری راگەیاند كە بریتییە لە هێڵی بۆری (رۆژئاوا-رۆژهەڵات یەك) و لە ساڵی داهاتوودا دەچێتە بواری كاركردن و گواستنەوەی نەوتەوە، دوای ئەوەش ئیمارات دەچێتە قۆناغێكی “سەربەخۆیی جوگرافی” لە گرنگترین رێڕەوی ئاوی ناوچەكە كە ئەویش گەرووی هورمزە.
پڕۆژەكە بریتییە لە راكێشانی بۆرییەكی نوێی نەوتی خاو و پێشبینی دەكرێت لە ساڵی ٢٠٢٧ بخرێتە كار.
كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبوزەبی كە پرۆژەكە جێبەجێدەكات دەڵێت” بۆری نەوتی نوێی رۆژئاوا-رۆژهەڵات یەك، كە توانای هەناردەكردن لە رێگەی بەندەری فوجەیرەوە دوو هێندە زیاد دەكات و گەرووی هورمز دەبڕێت، ساڵی داهاتوو دەكەوێتەكار، جگە لەوەش كۆمپانیاكە دەتوانێت نەوت لە كێڵگە گەورەكانی دەریاوە هەناردە بكات، لەوانە داس، زاخیم، و ئوم لولو، بەوەش بە تەواوی جێگەی گەرووی هورمز دەگرێتە و چیتر ئیمارات پێویستی بەو رێڕەوە ئاوییە نامێنێت.
هێڵی بۆری نەوتی خاوی ئەبوزەبیی كە هەبشان و فوجەیرە بەیەكەوە دەبەستێتەوە، لە ئێستادا بە توانای تەواوەتی خۆی كە 1.5 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێكدا كاردەكات، ئەمەش وایكردووە بۆری “رۆژئاوا-رۆژهەڵات 1” درێژكراوەیەكی پێویست بێت بۆ زیادكردنی توانای نەوتی خاوی ئیمارات.
دروستكردنی ئەو هێڵە نوێیە لە كاتێكدا كە پێشتر و تائێستاش ئیمارات زۆربەی بەرهەمە نەوتییەكانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكات، كە ئێستا لەلایەن ئێرانەوە بە تەواوی داخراوە لەو كاتەوەی كە لە 28ی شوباتی ئەمساڵ هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكە دەستیپێكرد، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی گەورە لە هەناردەكردنی نەوت لە ئیمارات و وڵاتانی دیكەی كەنداو كە بەرهەمەكانیان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكەن.
ئەم هەنگاوەی ئیمارات دوای دوو هەفتە لە كشانەوەی وڵاتەكە لە رێكخراوی (ئۆپێك) دێت بە مەبەستی رزگاربوون لە پشكی دیاریكراو، بۆیەش كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبوزەبی ئامانجیەتی تا ساڵی داهاتوو توانای بەرهەمهێنانی بگەیەنێتە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
هاوشان لەگەڵ ئیمارات، سعودیەش بۆری بەدیلی بۆ گەرووی هورمز هەیە، بەڵام وڵاتانی وەك عیراق، كوێت، قەتەر و بەحرەین هێشتا بە تەواوی پشت بە گەرووی هورمز دەبەستن و چارەنوسی گەرووەكەش تا ئێستا دیار نییە كە ئایا بەم زووانە دەكرێتەوە یان داخستنەكەی بۆ كاتێكی دوورتر درێژە دەكێشێت؟!