مهودا میدیا-
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ئهمڕۆ سێشەممە رایگەیاند “لە ئێستادا هیچ پلانێک نییە بۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمهریکییەکەی، بهڵام ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر نوێنەری ئەمهریکا بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکرانیا”.
ویتکۆف و کوشنەر پێشتر لە هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەشداربوون، کە لە مانگی شوباتدا وەستابوو دوای ئەوەی ئەمهریکا و ئیسرائیل شەڕیان دژی ئێران دەستپێکرد.
پێسکۆڤ زیادی کرد “لە ئێستادا پڕۆسەی نێوەندگیریی سەبارەت بە ئۆکرانیا وەستاوە، بەڵام هەردوو دانوستانکاری ئەمهریکی بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێمە لە رێگەی کەناڵە دامەزراوەکانەوە و لەگەڵ ئۆکراینییەکان بەردەوامە، تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ سەردانەکەیان دانەنراوە، بەڵام خۆشحاڵ دەبین لە هەر کاتێکدا پێشوازییان لێبکەین بۆ روسیا”.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند “گفتوگۆیەکی ئەرێنیمان لەگەڵ ویتکۆڤ و کوشنەر کردووە، هەروەها ستایشی ئەوەی کرد کە بە ئامادەیی ئەوان بۆ کارکردن بۆ چارەسەری کێشەکە لە هەفتەکانی داهاتوودا وەسفی کرد”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵە ئەگەرییەکانی نێوەندگیری ئەوروپا، پێسکۆڤ وتی لە ئێستادا روسیا ئەو جۆرە بەشداریکردنە بە “قبووڵنەکراو” دەزانێت.
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی “سەرەتا و پێش هەموو شتێک، نالۆژیکییە و رەنگە هەڵە بێت کە هەوڵەکانی نێوەندگیریی بە سەپاندنی هەندێک مەرج بەسەر روسیادا دەستپێبکەین، بهڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئەوروپییەکان، وەک دەبینین، زۆر زیاتر مەیلیان هەیە سەرنجیان لەسەر بەردەوامبوونی شەڕەکە بێت نەک لەسەر دانوستانەکانی ئاشتی”.
ع