مەودا میدیا
سەرۆکی تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ئاشکرایکرد لە رۆژی 10ی حوزەیراندا، ئیدارەی خۆجێی ناحیەی دەرکار و قەزای باتیفا لە زاخۆ، ئاگاداری خەڵکی گوندەکانی دەڤەری (سندی و گولی) یان کرد کە دەتوانن لە 15ی حوزەیراندا بچنەوە بۆ سەردانی گوندەکانی خۆیان کە ماوەی شەش ساڵە سوپای تورکیا داگیریکردوون و خەڵکەکەیانی ئاوارە کردوون.
کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی بە مەودا میدیای راگەیاند “سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، خەڵکی گوندەکانی (سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێ، باجوا) و گوندەکانی گەلی پساغا (بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک) و ١١ گوندی تر، بۆ سەردانیکردنی گوندەکانیان دەکەونەڕێ. کاتێک دەگەنە، گوندی شەرانشی سەروو، دەبینن کە سوپای تورکیا بازگەیەکی لەسەر ڕێگاکە داناوە وگوندنشینە گەڕاوەکان لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێنن و پێیان دەڵێن (بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانتان) لە ئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمە دایە و کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە ساڵی 2020 و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، سوپای تورکیا بە قوڵایی نۆ کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانین و تەواوی گوندەوارەکانی دەورووبەری داگیرکرد. لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گوندنشینانیهەزار و 192 گوندی هەرێمی کوردستان هیوایان وابوو کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیان و بێ ترس ژیان بگوزەرێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا گوندنشینان ڕێگەیان پێ نەدراوە بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان و هەر لە ئاوارەییدا دەژین”.
ب ح