مهودا میدیا-
سەرچاوە ئەمنییەکانی کەشتیوانی و دەریایی رایانگەیاند، دڵنیابوون لە پاکبوونەوەی گەرووی هورمز لە مین، دەتوانێت گەڕانەوەی کەشتیوانی بۆ باری ئاسایی خۆی بۆ چەند هەفتەیەک دوابخات، ئەمەش دوای رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی رێڕەوی ئاوی ستراتیژی.
هەڵسەنگاندنەکانی پێنج سەرچاوەی ئاسایشی دەریایی رۆژئاوا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین بە بەکارهێنانی ئامێری ئاسایی مینڕێژ و ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی بێ سەرنشینی ژێر ئاو، دەتوانێت 40 بۆ 50 رۆژ بخایەنێت پێش ئەوەی کۆمپانیاکانی بیمە و کەشتیوانی و نەوت متمانەیەکی تەواویان هەبێت بۆ گەشتکردن بە ناوچەکەدا.
شیکارییەکی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمهریکا هەفتەی رابردوو دەریخست کە هەموو بەرمیلێک ئەژمار دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆگاکان لە گەورەترین ئابووری جیهان بەرەو نزمترین ئاستی خۆیان دەڕۆن لە دوای لانیکەم ساڵی 2003هوه.
هەرچەندە لە چەند هەفتەی رابردوودا بەشێک لە کەشتیەکان بەو رێڕەوی ئاوە گەمارۆدراوەدا تێپەڕیون، بەڵام بەرپرسانی کەشتیوانی بەردەوام بوون لە داوای وریایی دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران رۆژی یەکشەممە رێککەوتنێکی سەرەتایییان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی بازرگانیی و کردنەوەی گەرووەکە راگەیاند.
جاکۆب لارسن، ئەفسەری باڵای سەلامەتی و ئاسایش لە ئەنجومەنی دەریای باڵتیک و ئەنجومەنی دەریایی نێودەوڵەتی (BIMCO) دەڵێت “ئێمە هێشتا دەستپێکردنەوەی ترانزێتی کەشتییەکان لەم قۆناغەدا بە مەترسییەکی زۆر دەزانین”.
ئاماژەی بەوەشکرد “هەڕەشەی مین لە ناوچەکەدا هێشتا نیگەرانییە و لە درێژخایەنداشدا، دەبێت هێڵی کەشتیوانی بێ مین دابنرێت”.
تا ئێستا روون نییە کە رەنگە ئێران چەند مین لەم گەرووەدا دانابێت، کە پێش جەنگ بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەدا 20ى نەوت و گازی سروشتیی شلکراوی رۆژانەی جیهانیی هەڵدەگرت.
تاران لە کاتی شەڕدا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی رێڕەوی ئاوەکەی دا و هەڕەشەی جێگیرکردنی مینە دەریاییەکانی کرد بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە، بەبێ ئەوەی پشتڕاستی بکاتەوە یان رەتی بکاتەوە کە ئایا هێزەکانی بەڕاستی ئەو مینەیان داناوە یان نا.
ئەمهریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە مین مەترسیی دروست دەکات و پێشتریش رایگەیاندبوو کە بەلەمەکانی ئێرانی مینڕێژکەری کردۆتە ئامانج.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا لە 2ی حوزەیران بە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمهریکا رایگەیاند، “ئێران مینەکانی لە بەشێکی زۆری گەرووی هورمز لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا چاندووه” بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
لە یاداشتێکدا کە لە 11ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە، هێزی دەریایی ئەڵمانیا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هێزی دەریایی ئەمهریکا و بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە کە مین لە چوار شوێنی دەوروبەری گەرووەکە بوونی هەیە و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەڵمانیا هێشتا ئەو شوێنانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
تەنها ئەگەری مین دەتوانێت کۆمپانیاکان لە گەشتکردن بەناو گەرووەکەدا رابگرێت، بەرپرسانی کەشتیوانی ئاماژەیان بەوەشکردووە، کەشتییەکی سوپەرتانکەر و باری نەوتی خاو بەهای نزیکەی 300 ملیۆن دۆلارە، بۆیە کۆمپانیاکانی بیمەی مەترسی جەنگ و کۆمپانیا نەوتییەکان و تانکەرەکان پێویستیان بە دڵنیایی تێپەڕبوونی سەلامەت دەبێت پێش ئەوەی هەوڵی تێپەڕاندنی گەرووەکە بدەن.
ع