پارتی چاکسازیی تورکمان: رەوا نییە پەرلەمان پەکبخرێت

مەودا میدیا-

پارتی چاکسازیی تورکمان بانگەوازێک ئاراستەی رای سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و داوای هەرچی زوو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاند “بە نیگەرانییەکی قووڵەوە سەیری درێژبوونەوەی دۆخی چەقبەستووی سیاسی و دواخستنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، چیتر رەوا نییە کارەکانی بەرزترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمەکەدا پەکبخرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” پارتی چاکسازیی تورکمان، لە روانگەی بەرپرسیاریەتی نیشتمانییەوە، ئەم بانگەوازە ئاڕاستەی هەموو لایەک دەکات”:

جیاکردنەوەی ئەرکەکان: دروستنەبوونی کابینەی نوێی حکومەت نابێت و نابێت ببێتە هۆکاری وەستاندنی کارەکانی پەرلەمان. هەرێم پێویستی بەوەیە پەرلەمان لە ئێستاوە دەست بە رێکخستنی کارە ناوخۆییەکانی، پێکهێنانی لیژنەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بکات.

بەرپرسیاریەتی مێژوویی: داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بە کاتێکی خێرا و بەرپرسیارانە مێزەکانی گفتوگۆ گەرم بکەنەوە و بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و کاراکردنەوەی تەواوی دامەزراوە دەستوورییەکان.

بەرژەوەندیی گشتی: بەردەوامبوونی ئەم دۆخە چەقبەستووە تەنیا زیان بە بژێوی، ژیانی هاووڵاتییان و پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێم دەگەیەنێت. پێویستە بەرژەوەندیی باڵای گەل بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەی حزبی و کەسییەوە.

ئەوەشی خستەڕوو “با پێکەوە رێگریی بکەن لە داڕمانی زیاتری کات و دەرفەتەکان، و پەرلەمان بکەنەوە بەو سەکۆیەی کە خزمەتی هاوڵاتییانی تێدا دەکرێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان