پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامە

مەودا میدیا-

پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بڕیارە بەمنزیکانە پرۆسەکە لەسنووری شارەوانییەکانی گەرمیان دەستپێبکاتەوە.

سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار رایگەیاند “پێشتر هەندێک گرفت و ئاڵنگاریی لەبەردەم هەنگاوەکانیاندا هەبووە، بەڵام لەئێستادا چارەسەر کراوەو تەنها هەندێک بابەتی وردبینی و قەرەبووەکان و شوێنی قەرەبووەکان ماوەتەوە و 90٪ی کارەکانیان تەواوبووە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “مامۆستایان، فەرمانبەران و هەموو چین و توێژەکان کە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە دڵنیا دەکەنەوە کە دوای قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان، بەپێی خزمەت و خاڵبەندیی زەوییەکانیان پێدەدرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “پڕۆسەکە قۆناغی باشی بڕیوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بەدابەشکردنی دەکرێت، لە ئێستادا نەخشە و سایت پلانی زەوییەکان بەتەواوی ئامادەن و ژمارەی پارچە زەوییەکانیش دەستنیشان کراون، دوو ناوچە بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراوە کە ئەوانیش کەرتی سەید خەلیل زەوییەک بە رووبەری حەوت هەزار دۆنم تەرخانکراوە و کەرتی بەرلوت کە زەوییەک بە رووبەری چوار هەزار دۆنم ئامادە کراوە”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پاش چەندین ساڵ لە راگرتنی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە (2024/5/27) بڕیاریدا زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کەرتی گشتییدا دابەشبکرێت کە لە رابردوودا لە هیچ جۆرە زەوی و خانوووبەرەیەکی دەوڵەت سوودمەند نەبوون.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان