مەودا میدیا-
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە یادی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرایکرد شۆڕشی 19ی تەمموز باوەشی بۆ هەموو کۆمەڵگە، ئایین و مەزهەبەکان کردەوە و رووداوێکی کاتی نەبوو، بەڵکو ئەنجامی ئامادەکارییەکی درێژخایەن و تێکۆشانێکی مەزن بوو.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند “هێزەکانی شۆڕشی 19ی تەممووز لە رۆژئاوای کوردستان، لەنێویاندا یەپەگە (YPG) و یەپەژە (YPJ)، بە مەردانە لە دژی داعش وەستانەوە و هێزی خۆیان بۆ تێکشکاندنی تیرۆر بە جیهان سەلماند، بۆ یەکەمجار، شۆڕشێک بە پێشەنگایەتیی کورد بوو بە هێزێکی پێشەنگ بۆ هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگەکان، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشەکەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پێشمەرگە و گەریلا لە کۆبانی لە هەڵوێستیاندا دژی تیرۆر بوون بە یەک و بەرگرییەکی مێژووییان نیشاندا،کۆبانی بوو بە هێمای بەرخۆدانی مرۆڤایەتی دژی تیرۆریزم،و دوای ئەو بەرگرییە قارەمانانەیەی کە کورد لە ساڵی 2014دا نیشانیدا، هەزاران شەهید و برینداریان لەپێناو پاراستنی ناوچەکانیان و دەستکەوتەکانی شۆڕشدا بەخت کرد، دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی هاتە ناو مەیدانەکەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەمڕۆ پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە، دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان، لەنێویاندا هەسەدە و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر، رەنگە گۆڕانکاریی بەخۆیانەوە ببینن، بەڵام ئەم شۆڕشە بە شێوازی نوێ بەردەوام دەبێت، لە سوریایەکی نوێدا دەژین، دوای رووخانی رژێمی پێشوو کە نزیکەی 60 ساڵ وڵاتی بەڕێوە برد و زیانێکی گەورەی بە گەلی سوریا و ناوچەکە گەیاند”.
باسی لەوەشکرد “بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتدا واژۆ کراون، گۆڕانکاریی زۆر و سیستمێکی نوێی بەڕێوەبردن دێنە ئاراوە و هەسەدە و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەریش دەبنە بەشێک لە سوریای نوێ، گیانی شۆڕشی 19ی تەممووز، گیانی بەرخۆدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی تیرۆر و ئەو تێکۆشانەی کە کردوویانە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی سوریایەکی دیموکرات و فرەخواز بۆ هەموو گەلانی بنیاد بنێن”.
ب ح