مەودا میدیا-
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم داشكاندنی لەسەدا 50ـی بۆ دانەوەی قەرزی كارەبا راگەیاند، بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئابەوە دانەوەی قەرزەكە دەسپێبكات.
ئالان ئەركان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند” هەرچەندە تا ئێستا بە دیاریكراوی دەستنیشان نەكراوە كە چ رۆژێكە، بەڵام بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە یەكی ئابەوە بۆ ماوەی مانگێك دانەوەی قەرزی كارەبا بە داشكاندنی لەسەدا 50 دەسپێدەكات و هاوڵاتییان دەتوانن مامەڵەی دانەوەی قەرزەكە بكەن”.
وتیشی” داشكاندنی لەسەدا 50 تەنها هاوڵاتییان و پرۆژە كشتوكاڵییەكان دەگرێتەوە، بە مەرجێك پرۆژە كشتوكاڵییەكانیش مۆڵەتی رەسمییان هەبێت، جگە لەو دوانە داشكاندنەكە هیچ بوارێكی تر ناگرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” داشكاندنەكە بۆ قەرزە كۆنەكانی پێش پرۆژەی رووناكییە و ئەو قەرزە نوێیانە ناگرێتەوە كە دوای ئەو پرۆژەیە هاتووەتە سەر هاوڵاتییان”.
باسی لەوەشكرد” هاوڵاتییان دەتوانن خۆیان لە ماڵەوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە كارت قەرزەكانیان بدەنەوە و ئەگەر ئەوە بكەن پێویست ناكات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا بكەن بۆ مامەڵەكردن”.
ئ پ