عیراق دوای هێرشەكانی سعودیە پەلكێشی شەڕ دەبێت یان سیاسەتی هاوسەنگی ناوچەیی دەپارێزێت؟

مەودا ميديا-

هەنگاوەكانی ئەم دواییەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێكی قۆناغێكی نوێی رێكخستنەوەی نفوزی ناوچەكەیە، هەرچەندە مەرج نییە ئەم هەنگاوانە ئاماژە بن بۆ گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا، بەڵام وەك شارازایانی سیاسی دەڵێن” هێرشەكەی ئەم دواییەی سعودیە بە هاوكاری ئەمەریكا بۆ سەر عیراق ملمڵانێكانی ناوچەكە و جیهانیش قوڵتر دەكاتەوە و دەبێتە سەرەتای جەنگێكی گشتگیر ئەگەر عیراق ژیرانە هەنگاو نەنێت”.

هەنگاوەكانی ئێستای ئەمەریكا بە بەكارهێنان و بەشداری راستەوخۆی سعودیە ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی واشنتۆن و كۆنتڕۆڵكردنی كاریگەرییەكانی ئێران و دەستەبەركردنی هێڵەكانی وزە و كۆریدۆرە گرنگەكانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی كە لە ناوچەكەدا روودەدەن”.

ئێستا عیراق پێگەیەكی سەرەكی لەم هاوكێشەیەدا داگیركردووە، نەك تەنها بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەیەوە، بەڵكو بەهۆی ئەوەی خاڵی هاوبەشی بەیەككەیشتنی ئەمەریكا و ئێرانە، ئەمەش وایكردووە ببێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆرترین كاریگەری لەسەر هەر پەرەسەندنێك یان رێكخستنەوەیەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

هاوكات بەغدا دەرفەتی ئەوەی هەیە كە خۆی لە جەمسەرگیری تیژ بەدوور بگرێت ئەگەر سەركەوتوو بێت لە دامەزراندنی سیاسەتی هاوسەنگی ناوچەیی و گرتنەبەری دیپلۆماسیەتی پێشوەختە و رێگریكردن لە بەكارهێنانی خاكەكەی وەك گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان، سەركەوتنی ئەم رێگەیەش بەندە بە توانای دەوڵەت بۆ دووپاتكردنەوەی سەروەری خۆی و یەكخستنی بڕیاردانی ئەمنی و سیاسی دوور لە فشارە دەرەكییەكان.

بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت هەر پەرەسەندنێكی رووبەڕووبوونەوەی ناوچەیی كاردانەوەی راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر عیراق، جا لە رێگەی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەكان و ئەگەری بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییە گرنگەكان یان بنكە سەربازییەكان بێت، یان لە رێگەی كاردانەوەی سیاسییەوە كە دەتوانێت دابەشبوونە ناوخۆییەكان قووڵتر بكاتەوە.

هەرچەندە عیراق تا ئێستا خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ بووەبە تایبەت لەوەی كە پەیوەندی بە سەروەریی خاكەكەیەوە هەبووە، بەڵام ئەمە بەهۆی دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە رەنگە تا كۆتایی بەو شێوەیە نەمێنێتەوە، چونكە تەحەددا ناوخۆییەكان كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی بڕیاردان و بێلایەنی هەیە.

هاوكات بەهێزكردنی سەربەخۆیی بڕیاردانی نیشتمانی پێویستی بە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێزی دەوڵەت و پەرەپێدانی توانا ئەمنییەكان و هەمەچەشنكردنی پەیوەندییە دەرەكییەكان هەیە بە شێوەیەك كە هاوسەنگی لە هاوبەشییە نێودەوڵەتییەكان بەدەستبهێنێت و بەرژەوەندییەكانی عیراق بپارێزێت.

ئێستا عیراق چەند بژاردەیەكی لەبەردەستە ئەگەر رووبەڕووبوونەوەكانی ناوچەكە پەرەبسێنێت، كە دیارترینیان بریتین لە چڕكردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسیەكان لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكان، پەیڕەوكردن وچالاككردنی سیاسەتی بێلایەنی، بەهێزكردنی رێوشوێنە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی سنوورەكان و دامەزراوە گرنگەكان، خۆئامادەكردن لە رووی ئابوورییەوە بۆ هەر نائارامییەكی چاوەڕواننەكراو و هاوكات پاراستنی كەناڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.

هەموو ئەمانەش لە كاتێكدایە كە چالاكییە سەربازی و دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی سەندووە و بەردەوامی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تارانیش، مەترسی زیاتری لەسەر تێوەگلانی عیراق دروستكردووە كە تا ئێستا هەوڵیداوە سیاسەتێكی هاوسەنگ بگرێتەبەر بە ئامانجی پاراستنی خاكەكەی لە ململانێكانی ناوچەكە و پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەكان.
ئامادەكردن و وەرگێڕان، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان