مەودا میدیا-
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ئاشکرایکرد لە کۆی سەردان و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان داوایانکردووە مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوپیشەکانیان لە عیراق بە هەمیشەیی بکرێن.
عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە مەودا میدیای راگەیاند “دەرفەتێکی زێڕین بۆ بە هەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست هاتووەتەوە پێشەوە و ناکرێت ئەو دەرفەتە بۆ بەدیهێنانی خواستێکی چەند ساڵەیان لەدەستبدرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بە شاندی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە چۆن گرێبەستەکانی خۆیان لە بودجەی 2027، دەکەن بە هەمیشەیی، گرێبەستەکانی هەرێمیش دادەمەزرێنن بە مەرجێک حکومەتی هەرێم سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ بکات و پابەندبێت بە کۆکردنەوە و شەفافییەت لە داهاتەکان”.
ئەمە لە کاتێکدایە، ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 933 مامۆستایە و ژمارەی مامۆستایانی خوێندنی باڵا چوار هەزار و 100 مامۆستایە، کە کۆی گشتیی ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا 42 هەزار و 33 مامۆستایە و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.
ب ح