مەودا میدیا-
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لە رۆژی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان، بە سوپاس و پێزانینەوە لە هەموو هاوکارییەکانیان دەڕوانن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و کوردستان، هەروەها لەم رۆژەدا یادی هەموو شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاوپەیمانان دەکەنەوە و سڵاو بۆ گیانی پاکیان دەنێرن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند “ئەوان لە هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە سێ قۆناغی گرنگ و چارەنووسسازی وەک راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە ساڵی 1991 بە تایبەت لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا، رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ساڵی 2003 و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە دوای ساڵی 2014وە هەرگیز لەبیر ناکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستاشدا کشانەوەی هاوپەیمانان و گەڕانەوەی سەروەریی تەواو بۆ عیراق ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و هەموو هێزە سیاسییەکانی عیراق و کوردستان و هەموویان لەبەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەدان، پێویستە بۆ هاوڵاتییانی عیراق و بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بسەلمێنن کە دەتوانن پارێزگاری لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەیان بکەن، ئەم ئەرکەش بەبێ هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و بەبێ جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوور بەدی نایەت”.
ئەوەشی خستەڕوو “وەک هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییدان، ئەرکە لەسەریان بە یەکڕیزی و هاوبیری کاربکەن بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانییەکی باشتر و خزمەتگوزار و دادپەروەر، چونکە دواجار دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان تەنها بە پشتیوانی و بە متمانەی هاوڵاتییانمان دەپارێزرێت”.
باسی لەوەشکرد “هاوڵاتییانی هەرێم دڵنیا دەکەنەوە، هاوکاری و هەماهەنگییەکی زۆرباش هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەوپەڕی ئامادەیی خۆیدایە و وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و سەروماڵی هاوڵاتییان لە هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەک گیانفیدایی بکات”.
ب ح