مەودا میدیا-
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان جگە لە رێککەوتن هیچ رێگەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە، هەروەها داعش بابەتێکی سیاسییە و بە چارەسەرکردنی کێشەی سوننە، داعش لە عیراقدا نامێنێت.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند “گەلی کوردستان و وڵاتانی دۆست داوای یەکڕیزیی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە تایبەت ئێران و ئەمەریکا چەند جارێک جەختیان لە دژایەتییکردنی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رەنگە وەک رابردوو هێزە کوردستانییەکان گرنگیان بۆ ئەمەریکا نەمابێت تاوەکو لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆیانبکاتەوە، بۆیە پێویستە لایەنەکان خۆیان لەچوارچێوەی هەرێمی کوردستانی یەکگرتوودا کێشەکانیان چارەسەر بکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “یەکێتی و پارتی بەرپرسن لە ژیانی 12 ملیۆن هاوڵاتیی لە هەرێمی کوردستان، بۆیە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی مەسعود بارزانی دەکەن و چاوەڕوانی هەنگاوی زیاتری لێدەکەن، هەڕەشەی دوو ئیدارەیش کارتی فشارە و یەکێتی و پارتی قۆناغی لەمە قورستریان تێپەڕاندووە و ئومێد دەکەن ئەمەش چارەسەر بکەن”.
ب ح