مەودا میدیا-
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرایکرد ئەوەی ئەمڕۆ لە لایەن ئەندامێکی سوپای عیراقەوە لە گەڕەکی نەورۆز بڵاوکرایەوە کە پێڵاوەکانی بەرانبەر بە خەڵک و رۆژنامەنووسان کارێکی شەرمەزار و رەتکراوەیە.
د.ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەم رەفتارە لە هیچ بارودۆخێکدا ناکرێت پیادە بکرێت، ئەوە پێشێلکردنێکی ئەرکە دیسپلینییەکانی سەربازییە و پێشێلکردنی راستەوخۆی شکۆی هاوڵاتییە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوا لە وەزارەتی بەرگری عیراق دەکەن دۆسێی لێکۆڵینەوە لە رەفتاری ئەو سەربازە بکاتەوە و ئەوان بەدواداچوون بۆ سزادانی سەربازەکە دەکەن، هەروەها داوا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکەن روونکردنەوەیەکیفەرمی بۆ رای گشتیی بڵاوبکاتەوەو هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم جۆرە رەفتارانە نیشان بدات”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەر ناکۆکییەک لەسەر موڵک یان هەر شێوازێکی یاسایی لە رێگەی دادگا و دامەزراوە دەستورییەکانەوە چارەسەر دەکرێت، نەک لە رێگەی بەکارهێنانی هێز و سووکایەتی بە خەڵک”.
باسی لەوەشکرد “کەرامەتی مرۆڤ هێڵی سورە ئەوەی جلی دەوڵەت لەبەر بکات و چەکی هەڵگرت پێش هەموو کەس پێویستە بە ئەدەب و رێزەوە مامەڵە بکات، بێدەنگ نابن لە ئاست ئەم جۆرە سووکایەتییە”.
ب ح