سلێمانى له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌ بۆ هاوسه‌رگیری

مه‌ودا میدیا-

ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئامارە فه‌رمییه‌كانى هاوسەرگیریی و جیابوونەوەی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، بەپێی داتاکان، هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا گۆڕانکاریی گەورەی کۆمەڵایەتیی بەخۆوە بینیوە و پارێزگای سلێمانیش لە رووی پێکهێنانی خێزانەوە لە پلەی یەکەمدایه‌.

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2025 دا 61 هەزار و 328 پڕۆسەی هاوسەرگیریی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، پارێزگای سلێمانی توانیویەتیی زۆرترین رێژەی هاوسەرگیریی تۆمار بکات و ببێتە پێشەنگی پارێزگاکان.

له‌ باره‌ى ژنهێنانى دووه‌م، تەنها 107 حاڵەتی رێپێدانی یاسایی تۆمارکراوە، کە تێیدا پارێزگای هەولێر بەرزترین رێژەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەی تێدا تۆمارکراوە.

هەر بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی دادوەری، لە ماوەی ساڵی 2025 دا 15 هەزار و 826 حاڵەتی جیابوونەوە (تەڵاق) لە هەرێم تۆمارکراوە، لێرەدا پارێزگای هەولێر پێچەوانەی ئاماری هاوسەرگیری، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر، سێ هۆکاری سەرەکی دەستنیشانکراون کە بریتین لە:

یەکەم، نەگونجان: بە پلەی یەکەم دێت و هەزار و 232 حاڵەتی جیابوونەوەی بەهۆوە بووە.
دووەم مۆبایل و تەکنەلۆژیا: وەک هۆکارێکی نوێ و کاریگەر، بووەتە هۆی هەزار و 66  حاڵەتی جیابوونەوە.
سێیەم خیانەت: بە پلەی سێیەم دێت و (918) حاڵەتی جیابوونەوە بەو هۆکارە تۆمارکراوە.
ئەم ئامارانە زەنگێکی مەترسیدارن بۆ ناوەندی کۆمەڵایەتی و پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە کاریگەریی خراپی سۆشیاڵ میدیا و گۆڕانکارییە خێراکان، هەڕەشە لە پتەویی خێزانی کوردی دەکەن.

نه‌رمین عه‌زیز، پارێزه‌رى راوێژكار به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند “هۆكارى سه‌ره‌كى له‌ ئێستادا بۆ جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌ران، سۆشیال میدیاو نه‌گونجان، ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌ران”.

وتیشى “لێكتێنه‌گه‌یشتن و ئه‌و هۆكارانه‌ى كه‌ هاوسه‌رگیریی له‌سه‌ر پێكده‌هێنرێت كورت مه‌ودان، ئه‌وه‌ش واده‌كات جیابوونه‌وه‌ رووبدات”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان