مهودا میدیا-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا رایگەیاند “ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی ئێران ئامانجێکی سەرەکی ئەو شەڕەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل دژی تاران ئەنجامی دەدات، لە غیابی گۆڕانی رژێم، یان لانیکەم رێککەوتنی سەرکردەکانی تاران بۆ تەسلیمکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆیان، ئەمە دەتوانێت بە مانای دەستبەسەرداگرتنی مادەی پەرتەوازەی ئێران بێت”.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی بڵاویکردەوە “ئەفسەر و شارەزایانی پێشووی سەربازیی ئەمهریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبێتە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاڵۆز کە ئەگەری هەیە پێویستیی بە جێگیرکردنی سەدان سەربازی هەبێت بۆ شوێنێک یان چەند شوێنێک بۆ چەند رۆژێک”.
رۆژنامەکە روونی کردوهتهوه “سوپای ئەمهریکا تیمی نوخبەیی هەیە کە بە تایبەتی راهێنراون بۆ لابردنی ماددە تیشکدەرەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان. بەڵام دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەدان کیلۆگرام یۆرانیۆمەی کە زۆر پیتێنراون کە ئێران خاوەنییەتی پێویستیی بە هەماهەنگییەکی ورد هەیە و دەشێت مەترسییەکی ئەوتۆی هەبێت”.
ترامپ پێشتر رایگەیاندبوو ئەگەر پێویست بکات هێزی زەمینی بۆ ناو ئێران رەت ناکاتەوە، بەڵام رۆژی هەینی ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نزیک نییە.
ترهمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز روونیکردەوە “ئێمە لە ئێستادا سەرنجمان لەسەر ئەوە نییە، بەڵام ڕەنگە لە شوێنێکدا بێت، لە ئێستادا سەرنجمان لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیانە”.
پێش ئەوەی ئیسرائیل و ئەمهریکا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکەن، پێدەچێت ئێران خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا 60% و نزیکەی 200 کیلۆگرام لە 20% مادەی شکاوی هەبێت، کە بە ئاسانی دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ یۆرانیۆمی پلە چەک کە تا 90% پیتێنراوە.
رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمىی ئاشکرایکرد “یۆرانیۆم بە پلەی یەکەم لە دوو لەو سێ شوێنەدا هەڵکەوتووە کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لەلایەن ئەمهریکا و ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج، ئەوانیش تونێلێکی ژێرزەمینییە لە کۆمەڵگەی ئەتۆمی ئیسفەهان و دامەزراوەیەکی عەمبارکردن لە ناتهنز”.
گرۆسی لەم دواییانەدا روونی کردەوە کە نزیکەی نیوەی ماددە دەوڵەمەندکراوەکانی ٦٠% لە تونێلەکانی ئیسفەهاندان.
لاى خۆیهوه مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا دانی بەوەدانا کە ئێران لە ئێستادا پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، دەزگای گرۆسی هیچ ئاماژەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە ئێرانییەکان بە دوای گواستنەوەی ئەو مادەیە بن، سەرکردەکانی ئێران بە ئاشکرا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەوان بەدوای بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمیدا نین”.
ع