مەودا میدیا-
سەرۆکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان رێکخست، بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسێیەکی گرنگی تایبەت بە کاری پەرلەمان، گرنگترینیشیان گفتوگۆکردن سەبارەت بە چەند یاسایەکی گرنگ کە دەخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکان لە ماوەی داهاتوودا، لەگەڵ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکان.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “لە کۆبونەوەکە بەشێوەیەکی فراوان گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دۆسێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و گرنگی هەنگاونان بۆ تەواوکردنی ئیستحقاقی دەستووری و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لەسایەی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابوورییەی کە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا رۆژی شەممە 11 نیسان دیاریبکرێت بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەوبارەیەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لە سەرۆکی کوتلە سیاسیەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵگرن لە تەواوکردنی ئەو ئیستحقاقە دەستوورییە و پێکهێنانی حکومەتێک کە لە توانایدابێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببێتەوە”.
ب ح