ئێران لە ژێر چاودێريی یاساییدا چۆن مامەڵە لەگەڵ پڕۆژە یاسای قەرەبووکردنەوە دەکات؟

مه‌ودا میدیا-

بە سەرنجدان بە قەبارەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بە ناوچەکە گەیاندووە، پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە بەرپرسیاریه‌تیی و لێپرسینەوە دێتە ئاراوە و ئایا ئەم قۆناغە نوێنەرایەتیی سەرەتای گۆڕانکاریی دەکات لە لۆژیکی دەستدرێژیی بۆ یەکێک لە ماف و قەرەبووکردنەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی گشتیی دکتۆر عامر فاخووری، بە كه‌ناڵى سکای نیوز عەرەبی راگەیاند “ئەمڕۆ ئێمە تەنیا باسی شەڕ ناکەین، باس لە قۆناغێکی نوێ دەکەین کە پێی دەوترێت قۆناغی لێپرسینەوەی یاسایی، چونکە ئەوەی دەوڵەتانی کەنداو تووشی بوون رووداوێکی بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو کردەوەیەکی نایاسایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڵگەدار و ئیدانەکراو بووە”.

وتیشى “لە یاسای نێودەوڵەتیدا حوکمێکی روون و حاشا هەڵنەگر هەیە، دەوڵەتێک کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کارێکی نایاسایی ئەنجام بدات، بەرپرسیاریه‌تیی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت لە دەرئەنجامەکانی، لەوانەش قەرەبووکردنەوە، ئەمە روانگەیەکی سیاسیی نییە، بەڵکو پرەنسیپێکی جێگیرە لە پەیڕەوی ناوخۆی بەرپرسیاریه‌تیی دەوڵەت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان”.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو “ئەو بڕیارنامەیەی ئەنجومەنی ئاسایش کە بە روونی هێرشەکانی ئێرانی شەرمەزار کرد، پێگەیەکی یاسایی زۆر بەهێز بە دەوڵەتانی کەنداو دەدات، چونکە پرسەکە لە کایەی تۆمەتی سیاسییەوە دەگوازێتەوە بۆ کایەی تایبەتمەندی یاسایی نێودەوڵەتی”.

ده‌شڵێت “کردەوەیەکی نایاسایی ئەنجامدراوە، زیانی راستەوخۆمان بەرکەوتووە، هەروەها ئیدانەکردنی نێودەوڵەتیشمان هەیە، لە ئەنجمدا ئێمە مافی یاساییمان هەیە داوای قەرەبوو بکەینەوە، وەلێرەدا دەبێت وردبینی بکەین، ئەم مافە لەگەڵ بەسەرچوونی سیاسیدا تێناپەڕێت، هەروەها ناتوانرێت لە هیچ یەکلاییکردنەوەیەکی داهاتوودا لێی دەربازبکرێت”.

لە چوارچێوەی یاساییەوە بۆ چوارچێوەی پراکتیکی، پرسیاری ڕاستەقینەی ئەمڕۆ ئەوە نییە ئایا دەوڵەتانی کەنداو مافی خۆیانە داوای قەرەبوو بکەنەوە؟ بەڵکو لە راستیدا چۆن دەست دەکەن بە بەدواداچوونی ئەم مافە؟.

فاخووری وتی “بەڕای من سێ ڕێگای روون هەیە کە دەوڵەتانی کەنداو دەتوانن بە هاوتەریب پەیڕەوی لێبکەن، نەک وەک بەدیل بۆ یەکتر”.

رێگای یەکەم، رێگای نێودەوڵەتییە لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، لێرەدا دەوڵەتانی کەنداو دەتوانن لەسەر بڕیارنامەی 2817 بنیات بنێن و بەرەو دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نوێ و پێشکەوتووتر هەنگاو بنێن، یان کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتیی بۆ لێکۆڵینەوە لە زیانەکان پێکبهێنن، یان تەنانەت پاڵنانی بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی قەرەبووکردنەوە هاوشێوەی ئەوەی دوای داگیرکردنی کوه‌یت ڕوویدا، لە کاتێکدا ئەم رێگایە رووبەڕووی ئاستەنگی ڤیتۆ دەبێتەوە، تەنها وروژاندنی ئەو پرسە لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا شەرعیەتی نێودەوڵەتیی بەهێز دەکات و بابەتەکە دەخاتە چوارچێوەیەکی فەرمی کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

رێگای دووەم، ناوبژیوانی نێودەوڵەتییە کە رێگایەکی نەرمتر و تاڕادەیەک خێراترە، دەوڵەتانی کەنداو دەتوانن پاڵ بە دامەزراندنی دەزگایەکی ناوبژیوانی تایبەتەوە بنێن، پەنا بۆ ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ببەن ئەگەر رێککەوتنیان لەسەر بکرێت، یان تەنانەت قەرەبووکردنەوە لە هەر رێککەوتنێکی سیاسیی داهاتوودا بە شێوەی نیمچە ناوبژیوانیش بخەنە ناوەوە، ئەم رێگایە پێویستی بە کۆدەنگی نێودەوڵەتیی نییە وەک ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڵکو پێویستی بە ئیرادەی سیاسیی و رێککەوتنی نێوان لایەنەکان هەیە، ئەمەش وایکردووە لە قۆناغی دانوستاندا بە کردەیی جێبەجێ بکرێت.

رێگای سێیەم، پێموایە وەک خاڵی دەستپێک گرنگترینە، رێگای ناوچەییە، پێکهێنانی لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی کەنداو، ئەم لیژنەیە پێویستە کەسانی شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و شارەزایانی سەربازیی بۆ شیکردنەوەی سروشتیی هێرشەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی تایبەتمەند لە هەڵسەنگاندنی زیانە ئابوورییەکان لەخۆبگرێت، رۆڵی لیژنەکە دەرکردنی بڕیار نییە، بەڵکو دروستکردنی فایلێکی ورد و پیشەیی بە ژمارەکانەوەیە، زیانەکان چەندە؟ سروشتیی چییە؟ تێچووی چەندە؟ کێ بەرپرسیارە؟.

فاخۆری وتی “گرنگی ئەم رێبازە لەوەدایە کە مەسەلەکە لە ریتۆرێکی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ فایلێکی بەڵگەدار کە دواتر لە ئەنجومەنی ئاسایشدا، لە ناوبژیوانیدا، یان تەنانەت لە هەر دانوستانێکی سیاسیدا کەڵکی لێ وەربگیرێت، چونکە دواجار ئەوانەی ژمارەی وردیان نییە، ناتوانن داوای قەرەبووی راستەقینە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد “بۆیە ئەگەر بمانەوێت واقیعبین بین، ئەوا خاڵی دەستپێک لاهای یان ئەنجوومەنی ئاسایش نابێت، بەڵکو ئەم لیژنەیە هەرێمییە دەبێت، کە زەمینەی یاسایی و تەکنیکی دادەنێت، دواتر دۆسیەکە دەبرێتە کەناڵە نێودەوڵەتییە فراوانترەکان”.

لە کۆتاییدا ده‌ڵێت “دەوڵەتانی کەنداو ئەمڕۆ خاوەنی مافن، بەڵام وەرگێڕانی ئەم مافە بۆ قەرەبووکردنەوەی راستەقینە پێویستی بە ستراتیژییەکی فرەلایەنە هەیە کە بە بەڵگەنامە دەست پێدەکات، پاشان دەچێتە ناو نێودەوڵەتیکردن و دواجار بە دانوستان یان ناوبژیوانی کۆتایی دێت”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان