مەودا میدیا-
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی ئاشکرایکرد رۆژانە 120 تۆن غاز دەگاتە ناو گەڕەکەکانی سلێمان و هەر گەڕەکێک کێشەی دابەشکردنی غازی هەبێت، لیژنەکەیان بەدواداچوونی بۆ دەکەن و کارمەندی تایبەت لەگەڵ بریکارەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە دەنێرێتە ناو گەڕەکەکان.
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند “دۆخی غاز لە سلێمانی ئاسایی بووەتەوە و سەرجەم بریکارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە پێویستە مانگانە دوو بوتڵ غاز بۆ هەر خێزانێک دابین بکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم بڕیارە وەک هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەیران و دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو خێزانێک بەشە غازی خۆی وەردەگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کارمەندەکانیان لەگەڵ بریکارەکان دەنێرنە ناو گەڕەکەکە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات و دڵنیابێتەوە لەوەی غازەکە بە یەکسانی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش دەکرێت”.
ب ح