لە دوێنێوە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گیراوەتەوە، بەڵام هێشتا تەرمی گەنجە خنكاوەكە نەدۆزراوەتەوە

دوای چوار رۆژ لە خنكانی گەنجێك لە ئاوی رووباری سیرواندا لە كەلار هێشتا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.

چۆمان ئەحمەد، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند” لەسەر داوای سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە نیوەڕۆی دوێنێوە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گیراوەتەوە بۆئەوەی ئاوی رووباری سیروان كەم بكات تا بتوانن باشتر بەدوای تەرمی ئەو گەنجە خنكاوەدا بگەڕێن و بیدۆزنەوە”.

وتیشی” سەرەڕای گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكە و زۆری ژمارەی ئەو كەس و تیمانەی كە هاوكارن لە گەڕان، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەكە بدۆزرێتەوە و هیچ نیشانەیەكیشی نەبینراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان خۆی چەند جارێك لەگەڵ لایەنە بەرپرسەكانی تری كەلار سەردانی تیمەكانی لەسەر رووباری سیروان كردووە و هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی بۆ دووپات كردوونەتەوە بۆ ئەوەی هەرچی لە توانایاندا هەبیت بیكەن تا بە زوویی تەرمی گەنجە خنكاوەكە بدۆزرێتەوە”.

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو دوو گەنج كە ئامۆزای یەكتربوون بە مەبەستی راوەماسی و مەلەكردن چوونە سەر رووباری سیروان و دواتر یەكێك لە گەنجەكان بە ناوی “ئەحمەد لوقمان” كە لەدایكبووی ساڵی 2000ـە خنكا و تا ئێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان