مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دادی عیراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دەستگیرکردنی دەکەن بە تۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسییەی گەندەڵی و ئاشکرایکرد ئەو دەنگۆیانە ساختەن و بۆ مەبەستی سیاسی و چەواشەکاریی دروستکراون، بەردەوامە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆی و نە لە رابردوو و نە لە ئێستادا هیچ كێشەیەكی یاسایی نەبووە.
محەمەد جاف، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دادی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند “ئامانجی پشت ئەم چەواشەکارییانە تەنها ناوزڕاندنی وەزارەتەکەو بەرپرسەکانییەتی و سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی کوردستان 24 و هەموو ئەو پەیج و دەزگایانە تۆمار دەکەن، کە ئەم هەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردوەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “خاوەنی کەناڵی کوردستان 24 و حزبەکەی لە بەغدا ئیفلاسیان کردووە و هیچیان بەدەست نەماوە و ناچارن ئەم جۆرە درۆ و دەنگۆیانە بهۆننەوە، ئەم جۆرە پڕوپاگەندانەش بێ کاریگەرن و بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بەو بەرپرسانەوە نییە کە لە گەندەڵی تێوەگلاون”.
ب ح