چاوپێكەوتن

دەرباز محەممەد: من باشتر دەزانم کێ بۆ ئەوە دەشێ بکرێتە وەزیر

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەرباز محەممەد: من باشتر دەزانم کێ بۆ ئەوە دەشێ بکرێتە وەزیر
مەودا میدیاـ

هەفتەی رابردوو، عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان نامەیەکی بڵاوکردەوە و رەخنەی لە بزووتنەوەکە گرت، چونکە وەک ئەو دەڵێ چاوپۆشی لەو تۆمەتانە کردووە کە پەرلەمانتارێکی عێراق دابوویە پاڵ دەرباز محەممەد، وەزیری پێشووی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) دەرباز محەممەد ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ "بە کام بەڵگە؟" پاشان دەپرسێ "ئەگەر کاک عەبدولڕەزاق راست دەکات بۆ دوو ساڵە لە ژووری یاسایی گۆڕان سکاڵای لەدژ تۆمار نەکردووم". 

رووداو: لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا، کورد وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی وەرنەگرتەوە. بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە کوردستانن، پێتوایە پێویست بوو ئەو وەزارەتە بەدەست کوردەوە بمێنێتەوە؟

د. دەرباز محەممەد: هەموو ئەو وەزارەتانەی کورد وەریگرتوون، لە وەزارەتی کۆچ گرنگترن. بەو پێیەی ژمارەی ئاوارەکانی کوردستان زیاد لە نیوەیان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، وەزارەتی کۆچ تایبەتمەندی و گرنگییەکانی بۆ کورد وەک جاران نەماوە. ئەو پەیوەندییە باشەش کە ئێمە بنیاتمان نابوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیرە نوێیەکە درێژەی پێداوە.

رووداو: سەبارەت بە ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو گلەیی زۆرتان لێدەکرا. هەروەها بۆ پرسی بەدەمەوەهاتنی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێریش؟

د.دەرباز محەممەد: راستە گلەییەکە دوو دیوی هەبوو. هەندێکجار دیوێکی سیاسی هەبوو، بەو مانایەی کە ئێمە پشتمان بە خۆمان بەستووە و بۆ بەخێوکردنی ئاوارەکان بەغدا هیچی وای بۆ نەکردووین. دیوێکی دیکەشی تێنەگەیشتن بوو لە توانای ماددیی ئێمە. چونکە تۆ ئەگەر بۆ نموونە 200 هەزار ئاوارەت هەبێت، ناتوانی 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکەیت. بوونی ملیۆنێک ئاوارە لە کوردستان قورساییەکی ئێجگار زۆر بوو. ئەوەی ئێمە دەمانکرد، لەوە زۆرترمان پێنەدەکرا.

رووداو: ئێوە چیتان دەکرد؟

د.دەرباز محەممەد: ئێمە لە قۆناغی یەکەمی دەستبەکاربوونمان، دەستمانکرد بە دروستکردنی کەمپ و لە دوو مانگی یەکەمی کارکردن 20 یەکەی نیشتەجێبوونمان لە دهۆک دروستکرد. دواتر بۆ مەلەفی مووسڵ دەستبەکار بووین و بە هەماهەنگی حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان، زۆر بەچڕی لەسەر هێڵ بووین و بیرمە تەنانەت ئۆباماش دەیپرسییەوە کە چی کراوە بۆ مووسڵ، چونکە بەرنامەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لەئارادا بوو. تەنانەت نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێیانگوتین، ئەگەر ئێوە بتوانن نیو ملیۆن ئاوارە داڵدە بدەن، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە و ناشتوانن، بەڵام ئێمە زۆر زیاتر لەوەمان داڵدە دا.  

رووداو: بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باسی ئەو فشارە زۆرەی ئاوارەکانی دەکرد لەڕووی خەرجی و ژیاندنیانەوە؟

د.دەرباز محەممەد: نەخێر، لە رووی خەرجییەوە ئەرک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوو. گوشارەکە لەڕووی تەندروستی و کارەبا بوو. ئەگینا وەک پارەی کاش، حکومەتی بەغدا و رێکخراوەکان داویانە.

رووداو: گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال ئاسانە؟ 

د.دەرباز محەممەد: بەم دۆخەی ئێستا نەخێر. چونکە مەسەلەکە تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و لایەنی پەکەکە و باڵەکانیشی بوون بەلایەنێکی کێشەکە.

رووداو: بۆچی حەیدەر عەبادی، مووچەی ئاوارە عەرەبەکانی کوردستانی وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، لە کاتێکدا گەڕانەوەی ئاوارە کارێکی خۆویستانەیە؟

د.دەرباز محەممەد: نەخێر ئەوە راست نییە و تێنەگەیشتن هەبوو. چونکە تۆ قوتابخانەیەکت هەیە لە ئەنبار و مامۆستاکانی لە سلێمانی ئاوارەن، چۆن دەتوانی ئەو قوتابخانەیە بکەیتەوە؟ خۆ ناشتوانێ مامۆستای نوێ دابمەزرێنی؟

رووداو: پێدەچێ شەڕ بۆ ماوەیەک عێراق جێبهێڵێ و ئاوارەبوون کەم ببێتەوە، بەبڕوای تۆ عێراق پێویستی بە وەزارەتی کۆچ دەمێنێ؟

د.دەرباز محەممەد: بەبڕوای من تاوەکو 10 ساڵی دیکە ئەو وەزارەتە پێویست دەبێت.

رووداو: لەیادمە جارێک گوتت 500 هەزار ئاوارەی عەرەب روویان لە کەرکووک کردووە، وەک بزانی ئەو ئاوارانە گەڕانەوە؟ 

د.دەرباز محەممەد: بەڵێ ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە تکریت و مووسڵ و حەویجە و ئەنبار روویان لە کەرکووک کردبوو. بەشێکی زۆر لەوانە گەڕانەوە، رەنگە بەشێکیان نەگەڕابنەوە. بەڵام بۆ مەسەلەی گۆڕینی دیموگرافی شارەکە، ئەوانە کۆبوونی خۆراکیان لەسەر کەرکووک نییە و ناتوانن کاریگەری  لەو شێوەیە دروستبکەن.

رووداو: وابزانم بەشێک لە کەسوکاری داعش ئاوارەی سووریا بووبوون کە عێراقی بوون؟

د.دەرباز محەممەد: نزیکەی 30 هەزار ئاوارەی عێراقی وامان لە سووریا هێنایەوە. بەڵام ژمارەیەکی زۆریش ماون. ئەوانە ژن و منداڵی داعشن. هێنانەوەی ئەوانە کێشەیە چونکە چۆن دەیانپارێزی؟ ناشکرێ منداڵێک زیندانی بکەی لەبەر ئەوەی باوکی داعشە. تاوانی ئەو چییە باوکی داعشە؟

رووداو: لەم رۆژانەدا عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان نامەیەکی بڵاوکردەوە و لە دەستپێکی نامەکەوە باسی ئەوەی کردبوو کە گۆڕان چاوپۆشی لە تۆ کردووە کاتێک تۆمەتبار کراوی بە خراپ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکەت؟

د.دەرباز محەممەد: ئەوە بابەتێکی سیاسی و هەم کەسییە و بابەتەکە پەیوەندی بەڕاست و هەڵە و دادپەروەریەوە نییە. هەرکەس لەو برادەرانەی لەناو جڤاتن یان لە دەرەوەی جڤاتن، ئەگەر مەلەفێکیان لەبەردەستە، ئەوە ژووری یاسایی گۆڕانمان هەیە و سکاڵا وەردەگرێ، بۆ نەچوون سکاڵا بکەن. ئینجا لە ماوەی ئەو دوو ساڵە بۆ بێدەنگ بووە و ئێستا قسە دەکات؟ دیسان کام بەڵگەیەی هەیە؟

رووداو: بەڵام کاتی خۆی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانیش بانگیان کردی بۆ هەمان مەبەست؟

د.دەرباز محەممەد: هەموو رۆژێک دەڕۆیشتم. لە عێراق سێ دەزگای چاودێری هەیە و هەرسێ لەوانە برای باوکم نین، بۆچی هیچکام لەو دەزگایانە شتێکیان نەگوت؟ فەرموون بڕۆن یەک دێڕ لەسەر خراپیی ئەدای من بدۆزنەوە. ئینجا هەتاوەکو من نەبوومە ئەندامی لێژنەی دیاریکردنی بەربژێرەکانی گۆڕان کەس باسی ئەمەی نەکرد. من وەزیر بووم و رەنگە باشتر بزانم کێ بۆ ئەوە دەشێ بکرێتە وەزیر و توانای باشتری هەیە. ئەوەش لەبەر خاتری خزمەتکردنی گۆڕان دەکەم.

رووداو: کاتی خۆی عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری شیعەی عێراق داوای کردبوو وەزیری کۆچ بانگهێشت بکرێ بۆ پەرلەمان؟

د. دەرباز محەممەد: بەڵێ. ئەوکات و ئێستاش، داوا لە هیچ کەس و دامەزراوەیەکی گۆڕان ناکەم لەسەر من بێنە دەنگ. من بۆ خۆم لە 16ی شوباتی 2016 کە ئەو گفتوگۆیە هەبوو، ئەو فایلەم کۆپی کردووە و داومەتە ژووری حکومەت و پەرلەمانی گۆڕان و گوتوومە کاکە رەنگە ئێوە دەستتان پێی نەگات، ئەوە فایلی منە و لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن.

رووداو: عەبدولڕەزاق شەریف دەڵێ ئارام محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە رێکخەری گشتی گوتووە حاڵەتێکی وا هەیە و با مشووری بخۆین؟

د.دەرباز محەممەد: کاک ئارام خوێندنەوەی خۆی بووە بۆ دۆخەکە. تێگەیشتنی من نەبووە و داوای ئەوەم نەکردووە و پێمنەگوتوون وەرن چارەیەکی بکەن. دواتر گۆڕان وەڵامی دامەوە کە ئەو فایلانە شایانی ئەوە نین لەوە زۆرتر خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین.

رووداو: مەبەستی چییە لەوەی دەڵێ رێکخەری گشتی گوتوویەتی، پارەمان بۆ پەیدا دەکات؟

د.دەرباز محەممەد: ئاگاداری ئەوە نیم و لە کۆبوونەوەکە نەبووم تاوەکو بزانم رێکخەری گشتی وای گوتووە یان نا. تەنانەت ئەم هەفتەیە وەک تۆ ئاگام لەوەیە کە کاک ئارام وەک کاک عەبدولڕەزاق باسی دەکات، چووبێتە ئەو کۆبوونەوەیە و لەگەڵ رێکخەری گشتی باسی ئەو مەسەلەیەی کردبێ.
سەرچاوە: رووداو
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە