کوردستانی

ئەمساڵ چوار جار سنەوبەرەكانی رێگەی تاسڵوجە- سلێمانی سوتێندراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمساڵ چوار جار سنەوبەرەكانی رێگەی تاسڵوجە- سلێمانی سوتێندراوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەو گرتە ڤیدیۆییەی تاسڵوجە كە بڵاوكراوەتەوە لەسەر سوتانی سنەوبەرەكانی رێگەی تاسڵوجە زۆر كۆنە، باس لەوەشدەكات ئەمساڵ چوار حاڵەتی سوتانی سنەوبەرەكانی تاسڵوجە هەبووە.

رێكان جەمال، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو ڤیدیۆیەی رێگەی تاسڵوجە زۆر كۆنە، كە لە ئێستادا بڵاوكراوەتەوە دیارە مەرامێكی لە پشتەوەیە، ئەمساڵ تا ئێستا چوار حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لەو شوێنەدا هەبووە".

وتیشی "كە دەچینە سەر رووداوێكی لەوشێوەیە یەك كێشە هەیە، چونكە شوێنەكە گشتییە كاتێك دەچین شتەكە روویداوە و هیچ سەرەداوێك دەستناكەوێت، بۆ نمونە ئەوەی گۆیژە كە روویداوە شەو و رۆژمان خستووەتە سەر یەك هیچ سەرەداوێكمان دەستنەكەوتووە، زۆربەی جار هاوڵاتی تەلەفۆنمان بۆ دەكات ئێستا وایلێهاتووە كە رووداوێك روودەدات كەس ناوێرێت تەلەفۆن بكات لەترسی ئەوەی تووشی كێشە نەبێت".

وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو "ئەوەی شاخی گۆیژە چەند جارێك هەواڵدەرەكان بانگ كراون، بۆیە كەس ناوێرێت هەواڵیش بدات، زۆرجار كەسیش هەیە شایەتی دەدات و كێشەی نییە".

وەك رێكان جەمال دەڵێت "ساڵانی پێشووش لەو حاڵەتانە هەبووە بۆ نمونە لە ساڵی 2016 رووداوێكی لەوشێوەیە هەبوو هەواڵدەرەكە شایەت بوو كەسەكە دەستگیركرا، هەر هەواڵدەرێك لە شوێنی رووداوەكە بێت سودی دەبێت بۆمان".

ئاماژەی بەوەشدا "ئەمساڵ چوار حاڵەتی سوتانی سنەوبەرەكانی تاسڵوجە هەبووە، دوو حاڵەت بنكەی تاسڵوجە چووەتە سەر رووداوەكە، دوو حاڵەتیش بنكەی راپەڕین، لە  14/7/2020 بنكەی راپەڕین چووەتە سەر رووداوەكە و لەنیوەڕۆدا بووە ، حاڵەتی دووەمیش لە 29/7/2020 بنكەی سەر لە بەیانیەكەی بنكەی راپەڕین چووەتە سەری، لە 16/7/2020 یش دوای 12 ی شەو رووداوەكە روویداوە و كۆتا حاڵەتیش 2/8/2020 بووە كە كاتژمێر شەشی ئێوارە رووداوەكە روویداوە، ئەمساڵ گۆیژەش حاڵەتی رووداوی ئاگركەوتنەوەی فراوان تەنها یەكجار بووە".

Qaiwan
Qaiwan