کوردستانی

لە دوو رووداوی هاتوچۆدا حەوت کەس بوونە قوربانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە دوو رووداوی هاتوچۆدا حەوت کەس بوونە قوربانی
مەودا میدیا-

شەوی رابردوو لە دوو رووداوی هاتوچۆی جیادا لە شاری سلێمانی کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون، هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە هۆکاری هەردوو رووداوەکە خێرایی زیاد لە پێویست و پابەندنەبوون بووە بە خێرایی دیاریکراوی شەقامەکان.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "لە رووداوێكی هاتوچۆدا بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا كرۆلا تەكسی لەسەر رێگەی هەواری شار بە ئاڕاستەی پردی كۆبانێ بووە و لە ئەنجامدا چوار كەس برینداربوون و كەسێكیش گیانی لەدەستداوە"، هەروەها باس لەوەشكراوە "ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە یەکێک لە ستوونەکانی کارەبای ناوەڕاستی شەقامەکەدا".

هاوکات  ئاماژە بەوەکراوە "لەلایەكی دیكەوە لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی پشت نەخۆشخانەی هەرێمی تایبەت لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری فۆرد فیگۆ و ماتۆر سکیلێکی دوو تایەدا ڕوویداوە، دووان لە سەرنشینەکانی سەر ماتۆڕسکیلەکە برینداربوون".

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە "هۆکاری هەردوو رووداوەکە خێرایی زیاد لە پێویست و پابەندنەبون بووە بە خێرایی دیاریکراوی شەقامەکانەوە و بەهۆی ئەم دوو رووداوەوە ئۆتۆمبێلەکان زیانێكی زۆریان پێگەشتووە و تێکشکاون".


س.س
Qaiwan
Qaiwan